5 چالاكی مەدەنی و مافی منداڵانی كار كە لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە دەستگیر كراون و لە زیندانی ئێڤین راگیراون، هەتا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
بە پێی راپۆرتی كۆمەڵەی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێران، پێنج چالاكی مەدەنی و مافی منداڵانی كار بە ناوەكانی “ئارش سادقی، ئاتێنا دائێمی، ئاسۆ رۆستەمی، عەلی نووری و ئومید عەلی شناس ماوەیەك لەوەپێش لە لایەن هێزەكانی كۆماری ئیسلامیەوە لە شاری تاران دەستگیر و لەو كاتەوە لە زیندانی ئێڤین راگیراون و هەتا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی ئەو 5 چالاكە مەدەنیە رایگەیاندووە، كە ئەو 5 كەسە بەندكراوە هەتا ئێستاش لە چاوپێكەوتن و پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەكانیان بێ بەری كراون و لە ژێر لێپرسینەوەی تونددان.
“ئارەش سادقی” خوێندكاری پێشووی زانكۆی عەلامە تەباتەبایی، ئێوارەی رۆژی شەممە 15ی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ 93ی هەتاویی لە شوێنی كارەكەی لە لایەن هێزەكانی سپای پاسدارانەوە دەستگیر كرا.
“ئۆمید عەلی شناس”یش رۆژی پێنجشەممە 13ی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لە شاری تاران دەستگیر كرا. ناوبراو چالاكی بواری منداڵانە و تاكوو ئێستا هۆكاری دەستگیركردنەكەی ئاشكرا نەكراوە.
“ئاسۆ رۆستەمی و عەلی نووری” دوابەدوای بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی پشتیوانی لە خەڵكی خۆڕاگری شاری كۆبانێ، لە شاری تاران و رێكەوتی چوارشەممە 16ی مانگی رەزبەر لە نزیك شەقامی میرداماد دەستگیر كران.
ئاسۆ رۆستەمی 28 ساڵ تەمەن، شاعیر، مامۆستا و چالاكی مافی منداڵانی كارە و عەلی نوری 21 ساڵ تەمەن و خوێندكاری ساڵی كۆتایی مێعماری لە زانكۆی پەرەند و هەروەها چالاكی بواری منداڵانی كار دێتە ئەژمار.
“ئاتێنا دائێمی”ش لە چالاكانی بواری منداڵانە كە سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە 29ی مانگی رەزبەر لە ماڵەكەی خۆی دەستگیر كرا.