كێشەی بێكاریی لە پارێزگای ئیلام گەیشتووەتە ئاستێكی زۆر بەرز و خەڵكی شارەكەش بەدەست ئەو دۆخە نالەبارەوە وەزاڵە هاتوون.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە*زاگرۆس پۆست*، رێژەی بێكاریی لە پارێزگای ئیلام كە چكۆلەترین پارێزگای رۆژهەڵاتی كوردستان و تەنانەت ئێرانیش دێتە ئەژمار، بووەتە دیاردەیەكی زۆر گەورە و هەر ئەمەش وایكردووە كە كەمتر رۆژێك هەیە هەواڵی خۆكوژی و گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانی ئەو پارێزگایە بە هۆی هەژاری و بێ دەرەتانیەوە بڵاو نەبێتەوە.
ئەو شایەتحاڵە رایگەیاندووە، كە لە ماوەی یەك مانگی رابردوو زیاتر لە 25 كەس بە هۆی هەژاری و كەمداهاتی لە پارێزگای ئیلام دەستیان داوەتە خۆكوژی و بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و یەكێك لەو قوربانیانە ناوی”موجتەبا” بووە كە هاوڕێ لەگەڵ خوشكەكەی دەستیان داوەتە خۆكوژی و گیانی لەدەستداوە.
بە پێی راپۆرتی هەواڵنێریی حكومەتی مهێر، ئاماری بێكاریی لە پارێزگای ئیلام كە چكۆلەترین پارێزگای رۆژهەڵاتی كوردستان دێتە ئەژمار و 550 هەزار دانیشتووی هەیە، گەیشتووەتە 35 هەزار كەس.
زۆرێك لە كارناسان و خەڵكی شارەكە لەسەر ئەو بڕوایەدان كە ئەم ئامارانە حكومەتین و رێژەی بێكاریی لە پارێزگای هەژارنشینی ئیلام زۆر زیاتر لەو ئاستەیە.
ئەمەش لەحاڵێكدایە كە ئەندامێكی كۆمیسیۆنی میلی و سیاسەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیش باسی لەوە كردووە كە، لە هەر 5 هاوڵاتی دانیشتووی پارێزگای ئیلام، یەك كەسیان بێكارن و لە ئیلام كەمتر بنەماڵەیەك هەیە كە كەسی بێكاریان لە ماڵەوە نەبێت و زۆرێك لە بنەماڵەكان تا 6 كەسیان بێكارن.
ئەمەش لەحاڵێكدایە كە پارێزگای ئیلام لە بواری سەرچاوە كانزایی و سروشتیەكانەوە یەكێك لە دەوڵەمەنترین پارێزگاكانی كوردستان و ئێران دێتە ئەژمار.