سەرۆكی ئیدارەی پیشەسازیی و كانی كۆماری ئیسلامی لە شاری “سەڵماس” سەر بە پارێزگای ورمێ رایگەیاند: نەدانی حەقدەست، پارەی بیمە و هەندێ كێشە و گرفتی دیكە، سەرەكیترین كێشەكانی كرێكاران لە شاری سەڵماس پێكدەهێنن.
بە پێی راپۆرتی سەرچاوە هەواڵنێرییە حكومەتیەكانی ئێران، ئەو كاربەدەستەی كۆماری ئیسلامی لە درێژەی وتەكانیدا وتوویەتی: لە 139 یەكە كە مۆڵەتی كاریان پێ دراوە و دەتوانن مەجالی كار بۆ 2 هەزار و 751 كەس بخولقێنن، تەنیا 79 یەكە كار دەكەن، 17 یەكەیان نیوە چالاكن و 43 یەكەش بە شێوەی وەرزی چالاكی دەكات و 21 یەكەشیان بە تەواوەتی راوەستاون و چالاكی ناكەن.
جێگای ئاماژەیە، بە هۆی گوشار و ئابڵۆقە نێودەوڵەتیەكان زۆربەی هەرە زۆری یەكە بەرهەمهێنەرەكانی ئێران و بەتایەت ناوچە كوردستانیەكان بە هۆی كێشەی ئابووری و نەبوونی كەرەستەی خاو داخراون و بەو بۆنەوە میلیۆنان كەس بەرەوڕووی بێكاری و بێ دەرەتانی بوونەتەوە.