دوو زیندانی سیاسی خۆڕاگری كورد بۆ جارێكی دیكە و بە ورەیەكی بەرزەوە پێداگری خۆیان لەسەر بەردەوامی خەبات هەتا سەركەوتن دووبارە كردەوە.
دوو زیندانی سیاسی ناوداری كورد بە ناوەكانی “عەلی مورادی و كەماڵ شەریفی” كە لە زیندانی شاری میناب خەریكی تێپەڕاندنی ماوەی زیندانەكەیانن، بە هەڵكردنی پلاكاردێك كە لە سەری نووسراوە “نەسرەوتن تا سەركەوتن” پێداگری و پاڵپشتی خۆیان لە بزاوتی شۆڕشگێڕانەی كوردستان و هەروەها خۆڕاگری و نەسرەوتنی خۆیان تا گەیشتن بە ئامانجەكانیان دووبارە كردووەتەوە.
ئەم دوو زیندانیە سیاسیە ماوەیەك پێش ئێستاش پشتیوانی و ئۆگریی خۆیان بۆ خەبات و بەربەرەكانێ خەڵكی خۆڕاگری كۆبانێ بەرانبەر بە هێرشەكانی داعش بۆ سەر ئەو شارە دەربڕیبوو.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، عەلی مورادی چالاكی سیاسی كورد سەرەتاكانی مانگی رێبەندانی ساڵی 1382ی هەتاویی لە لایەن چەكدارانی كۆماری ئیسلامی لە ئاوایی “كانی دینار” سەر بە شاری مەریوان دەستگیر و بە تۆمەتی موحاربە (شەڕ لەگەڵ خودا) لە رێگای ئەندامیەت لە یەكێك لە حیزبە كوردیەكانی نەیاری كۆماری ئیسلامی بە 30 ساڵ زیندان و دوور خرانەوە بۆ زیندانی شاری میناب مەحكوم كرا. هەروەها كەماڵ شەریفی رۆژنامەنووس و چالاكی سیاسی كورد ساڵی هاونی ساڵی 1387ی هەتاویی لە شاری سەقز دەستگیر و بە تۆمەتێكی هاوشێوە بە 30 ساڵ و دوورخرانەوە بۆ زیندانی شاری میناب مەحكوم كرا.