یەكێك لە نیگەرانیە سەرەكیەكان سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە ئێران، تایبەت بە ژنانە و ئامارەكان سەبارەت بە چەوساندنەوەی ژنان لە رووبەرە جیاجیاكاندا باس لە زەخت و گوشاری لەرادەبەدەری سەر ئەو توێژە دەكات كە نیوەی هەر كۆمەڵگا پێكدەهێنن.
لە دوایین راپۆرت ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئاماژە بەوە دراوە، كە ژمارەی ئەو ژنانەی دەچنە زانكۆكان لە ماوەی دووساڵی رابردوودا لە 62%ەوە بۆ 48% كەمی كردووە و هەندێكی دیكە لەو نیگەرانیانە نەبوونی هەلی كار و كەمیی حەقدەستی كار كردنی ژنان لەو وڵاتەدایەژ.
هاوسەرگیری زۆرەملێ لە تەمەنی منداڵیەوە یەكێكی دیكە لە كێشەكانی ژنانی ئێرانە. ئەحمەد شەهید دەڵێت: تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری كچان لە ئێران 13 ساڵە، بەڵام رەنگە كچانی تەمەن 9 ساڵیش بەزۆر هاوسەرگیرییان بۆ بكرێت و دادگاكانی كۆماری ئیسلامیش رێگە بەم كارە دەدات.
بەپێی راپۆرتەكە، لانیكەم نزیكەی 50 هەزار كچ لە نێوان تەمەنی 10 تا 14 ساڵ لە ساڵی 90ی هەتاویەوە تا ئێستا واتە لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا بە شێوەی زۆرەملێ هاوسەرگیرییان كردبێت. هەروەها لە راپۆرتەكدا هاتووە كە 49 هەزار ژنیش بەر لەوەی تەمەنیان ببێتە 15 ساڵ منداڵیان بووە.
هەر بەپێی راپۆرتەكە لەنێوان مانگی مانگی رەشەممەی 91 بۆ رەشەممەی 92 زیاتر لە 40 هەزار كچی خوار تەمەنی 15 ساڵ هاوسەرگیرییان كردووە و لانیكەم 8 هەزاریان شوویان بەو پیاوانە كردووە كە 10 ساڵ لەخۆیان گەورەترن. ئەمە جگە لەوەی لە ساڵی 91ی هەتاویی زیاتر لە 1500 كچی خوار تەمەن 10 ساڵ هاوسەرگیرییان كردووە، ئەوەش باس لەوە دەكات كە رێژەی لە بەراورد لەگەڵ ساڵی 90 كە رێژەی ئەو هاوسەرگیریانە 716 كچ بووە، هەڵكشانێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
هەروەها لە لایەكی دیكەوە لە ماوەی رابردوودا بە دەیان ژن لە شارە جیاجیاكانی ئێران، تێزاویان بە رووخساردا پرژێندراوە و بەو هۆیەوە دەم و چاویان تووشی سووتاوی بوون و هەر بەم هۆیەوە چەندین خۆپیشاندانی گەورە و چكۆلە بەڕێوەچوون و دەست و پەیوەندەكانی كۆماری ئیسلامی بە ئەنجامدەری ئەو كردەوە دژە مرۆییانەیە دەزانن.