11 زیندانی كورد بە تاوانی ئەوەیكە بیروبڕوایان جیاوازە لە لایەن كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی لە زیندانی رەجایی شاری كەرەج براونەتە ژووری تاكەكەسی و ئەگەری ئەوەیكە بەمزووانە ئێعدام بكرێن دوور لە چاوەڕوانی نیە.
كۆمەڵەی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی كردەوە كە، رۆژی چوارشەممە 14ی مانگی خەزەڵوەر 11 زیندانی كە پێدەچێ هەموویان “كورد”بن، بە تاوانی ئەوەیكە ئەندامی گرووپە ئیسلامی و سەلەفیە سونیەكانن (عەقیدەتی)، لە لایەن كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی لە زیندانی رەجایی شاری براونەتە ژووری تاكەكەسی و مەترسی ئێعدام كردنیان لەسەرە.
ئەو 11 كەسە كە بە تاوانی “دژایەتی لەگەڵ خودا” لە رێگای لایەنگری كردن لە گرووپە سەلەفیە ئیسلامیەكان بە ئێعدام مەحكوم كراون، هەموویان لە سالۆنی 10ی زیندانی رەجایی شاری كەرەج دەستبەسەر كرابوون. ئەو كەسانە و بنەماڵەكانیان بەردەوام ئەو تۆمەتانەیان رەت كردووەتەوە و هۆكاری دەركردنی حوكمی ئێعدامیان، پڕوپاگەندە بۆ ئایینی سونی راگەیەاندووە.
لە نێو ئەو زیندانیانەدا، 4 هاوڵاتی كورد بە ناوەكانی حامد ئەحمەدی، كەماڵ مەلایی، جەمسید دێهقانی و جەهانگیر دێهقانی بەرچاو دەكەون. ئەو 4 زیندانیە سونە مەزهەبە پێشتر چەندین جار دەستیان دایە مانگرتن لە خواردنی درێژ ماوە و ئەو مانگرتنانە دژكردەوەی گرووپ و دامەزراوە مافپارێزەكان لەوانە چاودێری مافی مرۆڤ لێبوردنی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە و پێدەچێ ئەو 7 كەسەكەی دیكەش هەر هاوڵاتی كورد زمان بن.
شایانی باسە، ئێستاكە بە سەدان زیندانی سیاسی و عەقیدەتی لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدان كە بە هۆی جیاوازیی سیاسی و ئایینی لەگەڵ بنەماكانی كۆماری ئیسلامی دەستگیر كراون و زۆرێكیان لە لایەن دادگاكانی ئەو حكومەتەوە، ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و لەو رێژەیەش ژمارەیەكی بەرچاویان هاوڵاتیانی كورد پێكی دەهێنن.