رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ئەمرۆ سێشەممە 13ی مانگی خەزەڵوەر رایگەیاند، كە گروپی داعش بە ماوەی 6 مانگ 150 منداڵی كوردی بە هەموو جۆرێ ئەشكەنجە داوە.
بەپێی راپۆرتێكی هەواڵنێریی رۆیتەرز، چەكدارانی داعش منداڵانی تەمەن 14 ساڵەی كوردی خەڵكی كۆبانیان بە چەندین جۆر ئەشكەنجە داوە، لەوانە لێدان بە كێبڵ و ناچاركردنیان بەوەیكە سەیری ڤیدیۆی سەربڕینی دیلەكانی داعش بكەن.
ئەو منداڵانە كە بۆ تاقیكردنەوەی قوتابخانە لە كۆبانییەوە بۆ حەڵەب چووبوون لە رۆژی 29ی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بە بارمتەگیرانو دوایین گروپی ئەم منداڵانە لە لە ماوەی رۆژانی رابردوو ئازاد كران.
چاودێری مافی مرۆڤ كە نوسینگەكەی لە نیۆیۆركە، راپۆرتەكەی خۆی لەسەر چاوپێكەوتن لەگەڵ چەندین كەس لەو منداڵانە نوسیوەو دەنوسێت ئەم كردەوانەی داعش تاوانی جەنگین.
بەپێی راپۆرتەكەی رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، ئەو كەسانەی منداڵەكانیان بە بارمتەگرتبوو، خەڵكی سوریە، ئوردۆن، لیبی، تونس و عەرەبستان بوون.
راپۆرتەكە دەنوسێت: چەكدارانی داعش، ئەو 150 منداڵەیان ناچار دەكرد پێنج جار لە رۆژدا نوێژ بخوێنن، راهێنانی چڕوپڕی وانە ئیسلامییەكانیان پێدەوتنەوەو ڤیدیۆی شەڕی داعشو دیمەنی سەربڕینی دیلەكانیان نیشان دەدان.
وێڕای ئەوەیكە ئەم كردەوەیەی داعش وەكوو جینایەتی جەنگی دێتە ئەژمار، بەڵام هەتا ئێستاش تەنیا 50 كەس لەو منداڵانە ئازاد كراون و چارەنووسی باقیەكەیان دیار نیە.