چوار كەس لە چالاكانی مەدەنی و مافی مرۆڤی كورد لە شاری سنە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی لە شارەكە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكرێ.
ئیجلال قەوامی، ئەنوەر ساعد موچشی، سۆهراب جەلالی و مەحموود مەحموودی، ئەو چوار چالاكە مەدەنیه ناسراوەن، كە بۆ ئیدارەی ئیتیلاعات بانگكراون. ئەوان لە بەڕێوەبەرانی كەمپینی “با كۆبانێ تەنیا نەبێت”، بوون.
دەوترێ ئیدارەی ئیتلاعات بەشداریی لە هەر جۆرە كۆبوونەوەیەك بۆ پشتگیری لە كۆبانێ لەو چوار چالاكە قەدەغەكردووە.
كەمپینی “كۆبانێ تەنیا نییە”، لە چەند شارێكی رۆژهەڵاتی كوردستان رێپێوانی جەماوەری بۆ پشتگیری لە كۆبانێ بەڕێوەبرد. بەشێك لە ئەندامانی ئەو كەمپینە لە بەڕێوەبەرانی كەمپینی كۆكردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەكانی “شنگال”یش بوون.
هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی رێپێوانەكانی پشتگیری لە كۆبانێ، دەیان چالاكی مەدەنی و فەرهەنگی كورد لە لایەن دام و دەزگا ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەكانی كۆماری ئیسلامیەوە دەستگیر و بانگ كران، كە تا ئێستا چارەنووسی زۆرێكیان نادیارە.