سێ كەسی دیكە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ (دەریا) لە لایەن دام و دەزگا قەزایی و ئەمنیەتیەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەسێدارە دران.
بە پێی هەواڵێ كە هەر ئێستا گەیشتە دەستی زاگرۆس پۆست، 3 كەسی دیكە بە ناوەكانی ئیبراهیم چوپانی، حامد حاجیلو و كەیهان یوسفی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بە تۆمەتی ئەنجامدانی قەتڵی بەئەنقەست لەسێدارە دراون.
دەوترێ ئیبراهیم چوپانی كە بە تاوانی ئەنجامدانی قەتڵ لەسێدارە دراوە، لە بواری دەروونیەوە تەواو نیە لە عەقڵ و مێشكێكی ساق بەهرەمەند نیە، بەڵام دام و دەزگای قەزایی كۆماری ئیسلامی بە بێ لەبەرچاو گردنی تەندروستی ئەو زیندانیە، لە سێدارەیان داوە.
شایانی باسە لە ماوەی رۆژانی رابردووشدا 4 كەسی دیكە بە ناوەكانی “حاجی رەشید عەلیزادە خەڵكی ورمێ و 55 سالچ تەمەن، سەلاحەدین خەڵكی ناوچەی سیرو سەر بە شاری ورمێ و شارۆمەندێكی بۆكانی و كەسێكی میاندواو”ی بوون, لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لەسێدارە دران.
ئەمەش لەحاڵێكدایە كە لە دوایین راپۆرتی ئەحمەد شەهید نوێنەری تایبەتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان سەبارەت بە مافی مرۆڤی ئێران باسی لە پەرەسەندنی لە رادەبەدەری رێژەی ئێعدامەكان لە ئێران كردبوو و باسی لەوە كردبوو كە، لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە تا ئێستا 852 كەس لە لایەن كۆماری ئیسلامیەوە لەسێدارە دراون.