یاریدەدەری سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند” ئەمریكا بەردەوام یارمەتی گرووپی داعشی تیرۆریستی دەكات، لەكاتێكدا كە چەكو كەلوپەل و دەواودەرمان هەڵدەدات بۆ داعش لە جەلەولا”.
مەسعود جەزایری بە هەواڵنێریی میری راگەیاندووە “ئەمریكا بە بیانووی تیرۆرەوە دەیەوێت لە ناوچەكەو بەتایبەتی لەعێراقدا بمێنێتەوەو، هێندەی بۆردومانی ژێرخانی ئابوری سوریە و شوێنە هەستیارەكان دەكات و ئەوەندەی لە مەدەنی عێراقی و سوری كوشتووە، بەڵام داعش كەمترین زەرەری بەركەوتووە”.
سەبارەت بەكۆمەككردنی ئەمریكا بۆ چەكدارانی داعش لە جەلەولا، ئەو بەرپرسە دەڵێت” ئاسمانی جەلەلولاش لە ژێر كۆنترۆڵی داعشدایە، ئەگەری هەڵەش لە لۆژیكی سەربازیەوە پەسەند نییەو ناراستە”.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا چەندین جار هێلیكۆپترگەلێك كە ئاڵای عێراقی لەسەر بووە یارمەتیان لە شاری جەلەولا هەڵداوەتە خوارەوە بۆ چەكدارانی داعش و باس لەوە دەكرێ كە رێژەیەكی زۆری هێزەكانی داعش لە نێو سپای عێراقدا بوونیان هەیە كە یارمەتی ئەو گرووپە دەدەن.
ئەمەش لەحاڵێكدایە كە چەندین هەواڵنێرییش باس لەوە دەكەن كە، هێزێكی سپای قودسی ئێران لە بەرەكانی شەڕ دژی داعش یارمەتی هێزە چەكدارە شیعەكانی عێراق بە فەرماندەیی هادی عامری دەكەن و كاربەدەستانی باڵای ئێران ئەو مەسەلەیان نەشاردووەتەوە و باس لەوە دەكن كە هەر كات ئەمنیەتی خۆیان و هاوپەیمانانیان بكەوێتە مەترسیەوە، هەموو سنوورێك دەبەزێنن.