سێ كچی هەرزەكاری ئەمریكی بەمەبەستی چوونە نێو ریزەكانی داعش لەماڵ رایانكردووە و بەرلەوەی بگەنە سووریە، لە فڕۆكەخانەی فرانكفۆرتی ئاڵمان دەستگیركران.
بەپێی راپۆرتی میدیاكانی ئەمریكا ئەو سێ كچە كە تەمەنیان 15، 16 و 17 ساڵانن، بە بیانووی ئەوەی كە نەخۆشن دایك و باوكیان خەڵەتاندووە و ویستوویانە لە رێگەی ئەڵمان و توركیەوە خۆیان بگەیەننە ریزەكانی داعش لە سووریە.
هەرسێ كچەكە لە لایەن پۆلیسی فڕۆكەخانەی فرانكفۆرت دەستگیركراون و رەوانەی شاری دنێڤر لە ویلایەتی كۆلۆرادۆ كراونەتەوە.
هەر بەپێی سەرچاوە ئەمریكییەكان دوو لە كچەكان خوشكن و بەرەگەز خەڵكی وڵاتی سومالین، ئەو كچەی كە تەمەنی 16 ساڵە سوودانییە، ماڵباتی ئەو كچانە چەند رۆژ پێش ئێستا سەردانی بنكەی پۆلیسیان كردووە و پێیان ڕاگەیاندووە كە كچەكانیان ونبوون.
دوو خوشكەكە فێڵی ئەوەیان لە بنەماڵەكەیان كردووە كە نەخۆشن، بۆ ئەوەی نەچنە قوتابخانە، هەروەها 2 هەزار دۆلاریان لە دایك و باوكیان دزیوە و پاسپۆرتەكانیان هەڵگرتووە و روویان لە ئەڵمان كردووە.