سەرەڕای رێنوینی و هوشدارییەكان سەبارەت بە قەدەغەبوونی راو، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا مەئموورانی ژینگەپارێزیی پارێزگای كرماشان ١٥٣ راوچیی سەرپێچیكارییان دەستیگر كردووە ئەمەش تەنیا لە 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بووە.
كاربەدەستێكی ئەو ناوەندە بە هەواڵنێریی حكومەتیی “ئیسنا”ی راگەیاندووە، لەو ماوە دیاری كراوەدا ٢٩ چەكی ڕاو و زیاتر لە ١٧٦ كەرەسە و كەلوپەلی راوكردنی وەكوو، تۆڕی ماسیگری، قەفەسی دار و ئاسن و ماتۆڕ بەرق زەوت كراوە.
جۆری ئەو نێچیرانەی كە لە راوچیەكانی راودەكرێن بریتین لە: ورچ، بزنە كێوی، بەراز، كەو، ماسی و …
لەلایەكی دیكەوە هەواڵەكان باس لەوە دەكەن كە دۆخی ژینگەی ئاژەڵان لە بەشی باشووری كوردستان بەتایبەت ئوستانەكانی كرماشان و ئیلام بە رادەیەك خراپ و قەیراناوییە كە بەرپرسانی ناوەندە ژینگەپارێزەكان سەبارەت بە لەناوچوونی چەندین جۆر لە زیندەوەر و ئاژەڵ هوشدارییان داوە.
لەسەرجەم ئێراندا ١٢٠ هەزار زیندەوەر بە مەبەستی راو كردن هەیە و ئەمە لەحاڵێكدایە كە لەو نێوانەدا زیاتر لە یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار چەكی راو لە دەستی راوچییەكان دایە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ماوەیەكە شەپۆلێكی كردەوەی شارستانیانە و مەدەنی دەستی پێ كردووە كە لە درێژەی ئەو شەپۆلەدا بە دەیان راوچی لە كوردستان راوەكانی خۆیان بەردا و تفەنگەكانیان شكاند.