بە پێی ئەو هەواڵانەی بە زاگرۆس پۆست گەیشتووە، كرێكاری نانەواییەكانی شاری سنە و دەوروبەر بە هۆی گرانیی لە رادەبەدەر و زەختی زۆر بۆ دابینكردنی بژیوی ژیانیان تۆمارێكیان واژۆ كردووە و بەو چەشنە ناڕەزایی خۆیان بە دۆخی ناڵەباری ئابووریی ژیانی خۆیان دەربڕیوە.
ئەو كرێكارانە پاش كۆكردنەوەی تۆمارەكەیان راگەیەندراوێكیان بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا باس لەوە كراوە كە، هەڵاوسان و گرانیی لە رادەبەدەر و كەمەرشكێنی پێداویستیە سەرەكیەكانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەیان، چوونەسەرەوەی هەزینەی پەروەردە و دەرمانی خۆیان و منداڵەكانیان، هەڵكشانی بێ سنووری كرێ خانوو و بە گشتی دۆخی تاقەت پڕوكێنی ژیان زەختێكی یەكجار زۆری دەروونی خستووەتە سەر كرێكاران و بنەماڵەكانیان.
لە كۆتایی راگەیەندراوی كرێكارانی خەبازیی شاری سنە و دەوروبەر داوا كراوە كە، لە خێراترین كاتدا كۆتایی بە میكانیزە بوونەوەی نانەواییەكان لە ئاستی شارەكەدا بهێنرێت تا پێش بە بێكاریی و بێ دەرەتانی هەزاران كەسی هەژار و رەش و رووت بگیردرێت.