لەكەس شاراوە نییە كە هەموو شار و ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە پشتگوێخراوترین ناوچەكانن لەسەر ئاستی ئێراندا و رێگاوبانی رۆژهەڵاتی كوردستانیش دۆخێكی باشیان نییە و بە پێی ئامارەكانی دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران دوای تاران، رۆژهەڵاتی كوردستان خاوەنی بەرزترین رێژەی رووداوی هاتووچۆیە و ساڵانە سەدان كەس لەو بەشە لە كوردستان دەبنە قوربانی خراپی رێگەوبانەكان ، جگە لە زیانی ئابووری.
پرۆژەی گەورە جادەی نێوان تاران بۆ قەسری شیرین یەكێك لەو پرۆژانەیە كە ماوەی بیست ساڵ لەوە پێش قوڵینگەكەی لێدراوە ، بەڵام تا ئێستاش تیخی مقەست روبانی ئەو پرۆژەیەی نەبڕیوە.
بەپێی ئەو پرۆژەیە بڕیارە تاران پایەتەختی ئێران راستەوخۆ بە سنووری پەروێزخان لە شاری قەسری شیرینەوە ببەسترێتەوە و ئەو سنوورەش هەڵكەوتووە لە نێوان رۆژهەڵاتی كوردستان و خانەقینی باشووری كوردستان .
بە گوتەی كارناسانی ئابووری پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی تواناكانی سنووری پەرویزخان، ئەو پرۆژەیە بۆ بووژاندنەوەی ئابووری ئەو پارێزگایە گرینگییەكی تایبەتی هەیە و لە ئێستادا رۆژانە 800 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگڕ بەشێوەی نێونجی لە رێگای سنووری پەروێزخانەوە لە نێوان رۆژهەڵات و باشووری كوردستان هاتووچۆ دەكەن .
دەروازەی سنووری پەرویزخان گرینگییەكی تایبەتی بۆ ئابووری ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان و باشووری كوردستان هەیە ، بە گوتەی بەرپرسانی ئێرانی ساڵانە زیاتر لە 50 لەسەدی هەموو هەناردەی نانەوتی ئێران بۆ باشووری كوردستان و عێراق لە رێگای ئەو سنوورە ئەنجام دەدرێت .