دوێنی سێشەممە 8ی مانگی رەزبەر رێكخراوی مافی مرۆڤی سوریە رایگەیاند، گرووپی داعش ٧٠ منداڵی كوردی ئازاد كردووە كە لە بەهاری ئەمساڵەوە بە بارمتە گیرابوون.
ئەو ٧٠ منداڵە كە تەمەنیان لە نێوان ١٣ تا ١٥ ساڵ دایە- ٢٩ی مانگی گوڵانی ئەمساڵ، لە كاتێكدا كە لە تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵیان، لە شاری حەڵەبەوە بۆ كۆبانێ دەگەڕانەوە، لە لایەن چەكدارانی داعشەوە ڕفێندرابوون.
پێشووتر ٥ كەس لەو منداڵانە توانیبوویان لە گرتووخانەكەی داعش لە شاری “منبج”ی باشووری ڕۆژئاوای كۆبانێ ڕابكەن.
٣٧ی تر لەو منداڵە كوردانەش، ماوەیەك پێش ئێستا لە بەرانبەر ئازادكرانی پۆلێك چەكداری بەدیلگیراوی داعش لە دەستی یەپەگەدا، ڕزگار كران.
دەوترێ ٣٠ منداڵی تری كورد، تا ئێستاش لە دەستی داعش دان و بەهۆی دەستپێكی بۆردمانە ئاسمانییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانی دژ بە بنكە و بارەگاكانی داعش، گیانیان لە مەترسی دایە.
هەروەها لە لایەكی دیكەوە، چەكدارانی داعش نزیكەی 30 پاسەوانی توركیەیان دەستگیر كرد كە پاسەوانی مەزاری سلێمان شا بوون لە ناوچەی قراقوزاق لەسەر رووباری فورات. بەرپرسانی پەیەدەش دەڵێن ئەمە گەمەیەكی تری نێوان حكومەتی توركیەو داعشە.
تۆڕی هەواڵی عەفرین نزیك پەیەدە، بڵاویكردەوە كە چەكدارانی داعش ئەو 30 پاسەوانەیان بەبێ تەقە دەستگیر كردووەو گواستویانەتەوە بۆ شوێنێكی ئارام.
داعش رایگەیاندووە كە ئەوان وەك هەڕەشە كردنێك لە حكومەتی توركیە ئەو كارەیان كردووه كە بەم دووایانە باس لەوە دەكەن كە بەشداری ئەو هاوپەیمانە دەكەن كەئەمریكا سەركردایەتی دەكات دژی ئەوان.
ئەم پاسەوانانە بۆ پاراستنی ئەو مەزارگایە بەرێكەوتنی نێوان بەشار ئەسەدو حكومەتی توركیە بووەو ناوبەناو ئەو پاسەوانە دەگۆڕدران.