هه‌ینی 22 تشرینی دووه‌م 2024

ئێران روبه‌ڕوی ‘هاوسه‌رگیریی ناره‌سمی’ ده‌بێته‌وه

به‌رپرسانی ئێران دژایه‌تیی توندی خۆیان له گه‌ڵ دیارده‌ی هاوسه‌رگیریی ناره‌سمی ناسراوه به هاوسه‌رگیریی سپی ده‌ربڕیوه‌و رایان گه‌یاندووه به پێی پلانێکی تایبه‌ت به روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه له ژێرناوی ‘په‌ره‌پێدانی خێزانی درێژماوه’ کار بۆ بنبڕکردنی ئه‌که‌ن.

به گوێره‌ی سایته حکومه‌تییه‌کانی کۆماری ئیسلامی، به‌رپرسی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی‌و کولتوریی پارێزگای تاران رایگه‌یاندووه پلانێکیان دژ به دیارده‌ی هاوسه‌رگیریی ناره‌سمی له ژێرناوی ‘په‌ره‌دان به خێزانی درێژماوه’ گه‌ڵاڵه کردووه‌و ئه‌و پلانه‌ش له پێناو سیاسه‌تی پێشگرتن به هاوسه‌رگیریی ناره‌سمی‌و منداڵ بوون‌و هه‌روه‌ها به مه‌به‌ستی په‌ره‌دان به ژماره‌ی دانیشتووانی ئێران‌دایه.

 له ماوه‌ی رابردوودا راگه‌یاندنه‌کانی کۆماری ئیسلامی به شێوه‌ی ناره‌سمی باسیان له په‌ره‌سه‌ندنی دیارده‌ی هاوسه‌رگیری سپی (ناره‌سمی) کچان‌و کوڕان له‌و وڵاته کردووه‌و هۆکاری ئه‌وه‌شیان بۆ کێشه‌ی ئابووریی لاوان له ئێران‌و لاوازبوونی پێگه‌ی ئایین له ژیانیان گه‌ڕاندۆته‌وه‌.

 هه‌واڵده‌ریی حکومه‌تیی ئیسنا له‌وباره‌ ئاماژه‌ی به هه‌ڵوێستی ئه‌رێنیی هه‌ندێ کاربه‌‌ده‌ستی ئه‌و وڵاته کردووه‌‌و بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌ جێگری وه‌زیری ناوخۆیی ئێران بۆ کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی‌و کولتوری 31ی گه‌لاوێژی رابردوو باسی له جێکه‌وتن‌و ئاسایی بوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره هاوسه‌رگیرییه کردووه له نێوان خه‌ڵکی تاران، به‌ڵام له ئێستادا ده‌وترێت روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه به بڕیاری حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رکۆماری ئێران راگه‌یه‌نراوه.

 به گوێره‌ی سیاسه‌ته گشتییه‌کانی حه‌شیمه‌ت له ئێران که له رێکه‌وتی 30گوڵان‌ی ئه‌مساڵ له لایه‌ن عه‌لی خامنه‌ییه‌وه رێکخراوه‌ پێداگریی له سه‌ر هه‌وڵ بۆ دابه‌زاندنی ته‌مه‌نی هاوسه‌رگیری‌و منداڵبوونی زۆر کراوه‌ته‌وه‌. شاره‌زایانی کۆمه‌ڵایه‌تی پێیان وایه ئه‌و کاردانه‌وه‌یه‌ی رۆحانی به روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری ناره‌سمی راگه‌یاندنی هاوڕایی ته‌واوه له‌گه‌ڵ خامنه‌‌یی‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له پارێزگای تارانه‌وه ده‌ستی پێکردووه.

 له ساڵانی رابردوودا به هۆی په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ژاری‌و بێکاری له ئێران‌و هاوکات لاوازبوونی پێگه‌ی ئایین له ناو لاوان هاوسه‌رگیریی ناره‌سمی‌و هاوماڵیی کچان‌و کوڕان به بێ تۆمارکردن‌و یاسایی کردن په‌ره‌ی سه‌ندووه‌و به‌رپرسانی ئێران ئه‌و دیارده‌یه به هۆکاری سه‌ره‌کیی که‌م مه‌یلیی لاوان به هاوسه‌رگیریی ده‌زانن.

 

 

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.