یه‌ك شه‌ممه‌ 24 تشرینی دووه‌م 2024

فوئاد مه‌عسوم، له بێده‌نگیی حزبییه‌وه بۆ سه‌رکۆماریی عێراق

دوکتور فوئاد مه‌عسوم، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان‌و مه‌کته‌بی سیاسی ئه‌ر حزبه‌و هاوکات خاوه‌ن ئیمتیازی کوردستانی نوێ، ئۆرگانی رۆژانه‌ی یه‌کێتی که به پیاوێکی بێده‌نگ، به‌ڵام کاردانه‌ری یه‌کێتیی ئه‌ناسرێت له ده‌نگدانی تایبه‌ت به سه‌رکۆماریی عێراق، باڵاترین پۆستی نوێی کوردی له به‌غدا گرته ئه‌ستۆ.

دوێنێ پێنجشه‌مه فوئاد مه‌عسوم له خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری عێراق له پارلمانی ئه‌و وڵاته توانی به به‌ده‌ستهێنانی 211ده‌نگ ببێته سه‌رکۆماری نوێی ئه‌و وڵاته.

 لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەركۆماری عێراق زیاتر لە 90كاندید بۆ ئەو پۆستە خۆیان کاندید کردبوو، خولی یه‌که‌می هەڵبژاردنە‌كە، که بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەبێ كاندید لە گەڕی یەكەمدا 216دەنگ بەدەست بهێنێ‌و بە زۆرینەی رەهای دەنگی پەرلەمانتاران ئەو پۆستە وەربگرێ هیچ كاندیدێك نەیتوانی ئەو ژمارە دەنگە بەدەست بهێنێ و لەو گەڕەدا  تەنها چوار كاندید توانییان زیاتر لە 15دەنگ بەدەست بهێنن.
پۆستی سەركۆمار بەپێی دابەشكاریی پێكهاتەیی لەعێراق لەساڵی ٢٠٠٥ەوە بۆ كورد بووە، بەهۆی نەخۆش كەوتنی تاڵەبانی و نەتوانینی لە خۆ كاندیدكردنەوە بۆ جاری سێیه‌م دوکتور فوئاد مه‌عسوم تاكە كاندیدی كورد بوو بۆ ئەو پۆستە.

  له خولی دووه‌مدا حه‌نان فەتلاوی لەسەر داوای سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعەكان‌و سەرۆكی كوتلەی سەدرییەكان ۆی کشایه‌وه‌و به‌و شێوه‌یه ركابەرایەتیی بۆ بەدەست هێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار لەنێوان هەریەك لە فوئاد مه‌عسومو حوسێن موسەویی مایەوە.

 ئانادۆڵی تورکی له هه‌واڵێک له‌و باره‌وه بڵاوی کردووه‌ته‌وه: دوکتور فوئاد مه‌عسوم لە یەكێك لە چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانییەكانیدا لەساڵی 2013گوتی كەس ناتوانێ جێی تاڵەبانی بگرێتەوە كاتێ پرسیاری ئەوەی لێكرا كێ دەبێتە سەركۆماری عێراق پاش تاڵەبانی.

پێشینه‌ی سیاسی

دوکتور فوئاد مه‌عسوم زۆر زوو ده‌ستی کردووه به کاری سیاسی‌و له ته‌مه‌نی 16ساڵییه‌وه تێکه‌ڵ به چالاکییه سیاسییه‌کان‌و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریبه‌خشی کورد بووه له باشووری کوردستان.  مه‌عسوم ئه‌ندامی حزبی شیوعی عیراق بووه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی چووه‌ته سوری‌و چاوی به‌ خالید به‌گداش-ی سكرتێری حزبی شیوعیی ئه‌و وڵاته‌ که‌وتووه‌و ئاگاداری هه‌ڵوێستیان له‌باره‌ی كێشه‌ی كورده‌وه‌ بووه، دواتر وازی له‌ ئه‌ندامه‌تیی شیوعی هێناوه‌و له‌ ساڵی 1964 بووه‌ته ئه‌ندامی پارتی دیموكراتی كوردستان.

 

قۆناغه گرنگه‌کانی ژیانی سیاسیی فوئاد مه‌عسوم


له‌ساڵی 1968 له‌ زانكۆی به‌سره‌ بووه‌ته‌ مامۆستای زانكۆ و به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی به‌سره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان.

له‌ساڵی 1973 له‌ قاهیره‌ نوێنه‌ری بارزانی و شۆڕشی كوردستان بووه‌ و تاوه‌كو ساڵی 1975 له‌وێ ده‌مێنێته‌وه‌.

له‌ساڵی 1976 یه‌كێكبووه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و تاوه‌كو ساڵی 1992 سكرتێری یه‌كێتیی شۆڕشگێران بووه‌، یه‌كێتیی شۆڕشگێڕان، كه‌ به‌ خه‌تی گشتیش ناسراوه‌، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كوردستان یه‌كێتییان پێكده‌هێنا.

له‌ ساڵی 1992 بووه‌ سه‌رۆكی یه‌كه‌مین كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان .

له‌ رۆژی دامه‌زراندنی یه‌كێتییه‌وه‌ له‌ساڵی 1976 به‌رده‌وام ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یان كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌و حزبه‌ بووه‌.

له‌دوای رووخانی رژێمی سه‌دام له‌ساڵی 2003 دا چووه‌ته‌ به‌غدا و ئه‌ندامی شاندی نوێنه‌رایه‌تی باشووری كوردستان بووه‌.

له‌ ساڵی 2004 سه‌رۆكی یه‌كه‌مین په‌رله‌مانی كاتیی عیراق بووه‌ له‌دوای رووخانی رژێمی سه‌دام.

له‌ ساڵی 2005 ه‌وه‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق بووه‌.

بۆ دوو خول سه‌رۆكی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانیی كوردستان بووه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق.

ن د. فوئاد مه‌عسووم له‌ كۆتایی شه‌سته‌كاندا له‌گه‌ڵ رووناك عه‌بدول واحید مسته‌فا هاوسه‌رگیریی كردووه‌ و پێنج كچی هه‌یه‌، باوكی كوڕێكیش بووه‌، به‌ڵام كوڕه‌كه‌ له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا گیانی له‌ده‌ستداوه‌.


کاردانه‌وه‌‌کان

له کاردانه‌وه به هه‌ڵبژاردنی دوکتور فوئاد مه‌عسوم وه‌ک سه‌رکۆماری عێراق، عه‌بدوڵا گویل وه‌ک یه‌که‌م سه‌رکۆمار پیرۆزبایی خۆی ئاراسته‌ کردووه‌و هه‌ڵبژاردنیشی به کاریگه‌ر زانیوه بۆ باشتر بوونی ره‌وشی ئاسایشی عێراق.

گویل له په‌یامه‌که‌یدا پێداگریی کردووه‌ته‌وه له سه‌ر هاوکاریی هه‌ر دوو وڵات له سه‌ر روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تێرۆرو ئه‌و پرسه‌ی به‌رجه‌سته کردووه‌ته‌وه.

هاوکات وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئامریکاش به‌و بۆنه‌وه پیرۆزبایی له خه‌ڵکی عێراق کردووه.

راگه‌یاندنه‌کانی کۆماری ئیسلامی وه‌ک چالاکێکی لیبراڵ باسیان کردووه‌و وێڕای ‘عادل موراد’ به هاوسه‌نگه‌رو یاری دێرینی جه‌لال تاڵه‌بانییان ناوبردووه.

کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا کاردانه‌وه‌ی فه‌رمیی به هه‌ڵبژاردنی فوئاد مه‌عسوم وه‌ک سه‌رکۆماری عێراق رانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام پێشتر پێشوازیی خۆی له ده‌سنیشان کردنی کوردێک بۆ ئه‌و پۆسته له سه‌ر لیستی یه‌کێتیی ده‌ربڕیبوو رایگه‌یاندووه دڵنیایه‌ له‌وه‌ی رێبه‌رانی کوردی ژێر رێگه به دابه‌ش بوونی عێراق ناده‌ن‌و هه‌وڵی دووباره ساغکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ن، به‌ڵام شاره‌زایانی سیاسیی پێیان وایه ئه‌سته‌مه کوردو شیعه‌و سونی به تێگه‌یشتنه‌کانی ئێستایانه‌وه بتوانن عێراق بنیات بنێنه‌وه‌و زاڵ بن به سه‌ر چه‌کدارانی داعش که ئێستا چه‌ند پارێزگای ئه‌و وڵاته‌یان به ده‌سته‌وه‌یه.

هه‌ڵبژاردنی فوئاد مه‌عسوم وه‌ک سه‌رکۆماری نوێی عێراق هاوکاته به سه‌ردانی بان کی مون سکرتێری نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ ئه‌و وڵاته‌و ناوبراویش له وته‌یه‌کیدا پشتیوانی خۆی بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌ربڕیوه‌و هیوای خواستووه ببێته هۆکاری سه‌قامگیریی له عێراقدا.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.