هەواڵنێریی رۆیتێرز رۆژی 20ی خەزەڵوەر راپۆرتێكی توێژینەوەی بڵاوكردەوە كە بە پێی ئەوە، عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی، چاودێریكردن بەسەر رێكخراوێكی لە ئەستۆیە بە ناوی، ستادی بەڕێوەبردنی بڕیاری خومەینی، كە ئاستی داراییەكانی ئەم رێكخراوە زیاتر لە 95 ملیارد دۆلارە. بە وتەی رۆیتێرز ئەم بڕە پارە لانیكەم 40 لە سەدی هەناردەكردنی نەوتی ئێران لە ماوەی ساڵی رابردوو بووەو تەنانەت لە سەرمایەی كەڵەكەكراوی شای پێشووی ئێران زۆرترە.
ئەم ستادە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوو بوەتە كۆڵەكەیەكی گەورەی ئابووریی كە كۆنتڕۆڵی ئەم ئیمپراتۆریە ئابووریە تەنیا لە دەست یەك كەسدایە، ئەویش خامنەیی. ئەو رێژە 95 ملیارد دۆلارەی لەم راپۆرتەدا ئاماژەی پێكراوە، بەرهەمی لێكۆڵینەوەو توێژینەوەی كاربەدەستانی رەسمی ئەم ستادە، ئاماری بورسی ئەوراقی بەهاداری تارانو وێبسایتە شیركەتیەكانو هاوكات وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریكایە.
شێوەكانی كۆكردنەوەی دارایی لە لایەن “ستادی بەڕێوەبردنی بڕیارەکانی خومەینی”
رێگەیەك كە ئەم ستادە هەوڵدەدات بۆ كۆكردنەوەو كەڵەكەكردنی هەرچی زیاتری سەرمایەكانیان، دەستداگرتن بەسەر مڵكە تایبەتیەكانە، هەر ئەو رێگەی كە سیستەمی دەسەڵاتی پێشوو بۆ كەڵەكەكردنی سەرمایە كەڵكی لێوەردەگرت. بە پێی ئەم راپۆرتە، توێژینەوەكانی شەش مانگی رابردووی رۆیتێرز نیشانیداوە، دەسەڵاتی بەهێزی ئەم ستادە لە رێگەی دەستبەسەراگرتنی مڵكی بەهاییەكان، بازرگانەكان یان ئەو شارۆمەندە ئێرانیانەی كە لە دەرەوەی وڵات ژیان بەسەر دەبەن، بەدەست هاتووە.
ئەم ستادە لەسەر بڕیاری دادگاو بە پشتیوانیی عەلی خامنەیی، مافی بێ ئەملاولای بۆ دەستبەسەراگرتنی مڵكو ماڵی كەسەكان هەیە. ئەم ستادە لە دادگاكانی كۆماری ئیسلامیی ئیددعای ئەوە دەكەن كە ئەم ماڵومڵكانە بێ خاوەننو دواتر مڵكەكان دەخەنە بازاڕی فرۆشو بەمشێوە دەستی بەسەردا دەگرن.
رۆیتێرز باس لەوەدەكات، توێژینەوەكانی تا ئێستا نیشانیانداوە كە لانیكەم 59 حاڵەتی موزایدە ئەنجامدراوە كە لە یەكێك لەوانە كە لە مانگی گوڵانی ئەمساڵ روویدا، لانیكەم 300 جۆر مڵكو ماڵی شارۆمەندان خرایە بازاڕی فرۆشەوە، لەوانە كۆمەڵێك مەلەوانگەو سۆنا لە شاری تاران.
دەفتەری رێكخراوی نێونەتەوەیی كۆمەڵگای جیهانیی بەهایەكان كە رێكخراوی نا دەوڵەتیە بە پێی ئامارێك رایگەیاندووە، لە ساڵی 2003ی زایینی، ئەم ستادەی ژێر كۆنتڕۆڵی خامنەیی دەستی بەسەر 73 بڕگە لە مڵكو ماڵی ئەندامانی رێكخراوی بەهاییەكان گرتووە كە بایەخەكەی لەو سەردەمەدا لانیكەم 11 ملیارد دۆلار بووە.
ستادی بەڕێوەبردنی بڕیارەكانی خومەینی، كارو چالاكیەكانی خۆی بە شێوەی نهێنی ئەنجام دەداتو رۆڵی ئەم ستادە لە كڕینو فرۆیشتنی مڵكەكان زۆرتر بە شێوەی نهێنی بەڕێوە دەچێتو تەنانەت لە كاتی پڕوپاگەندە بۆ فرۆشتنی هەندێك لەو مڵكانە هیچكات ناوی تەواوی ئەو ستادەو لۆگۆكەی بەكار ناهێنن. رۆیتێرز لە پەیوەندیی لەگەڵ داراییەكانی ئەم ستادە لەگەڵ دەفتەری سەرۆك كۆمارییو دەفتەری وەزارەتی دەرەوەی ئێران پەیوەندی گرتووە بەڵام هیچ كامەیان ئامادە لەمبارەوە وڵامێك بدەنەوە.
وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریكا رۆژی 14ی جۆزەردانی ئەمساڵ ئاماژەی بە ئاشكراكردنو گەمارۆدانی ستادی بەڕێوەبردنی بڕیارەكانی خومەینیو تۆڕێكی پێكهاتوو لە 37 شیركەتی تیجاریی سەر بەم ستادە دا كە بە شێوەی نهێنی خەریكی سەرمایەگوزاری بۆ حكوومەتی ئێرانن.
لە راگەیاندنەكی وەزارەتی خەزانەداری ئەمریكا هاتووە، ستادی بەڕێوەبردنی بڕیارەكانی خومەینیو دوو دامەزراوەی سەرەكی سەر بەم ستادە كە لە بەشێكی هەرە زۆری ئابووری ئێرانو شوێنەكانی دیكەی جیهان لەوانە ئەفریقای باشوور، كۆرواسیو ئەماراتی یەكگرتووی عەرەبی لە حاڵی سەرمایەگوزارین، توانیویانە هەموو ساڵێك چەندین ملیارد دۆلار قازانج بە حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی بگەیەنن.
بابەتی هاوپۆل
عثمان اسماعیلی از زندان سقز به بیمارستان منتقل شد
روز یکشنبه سوم دیماه، عثمان اسماعیلی، فعال کارگری اهل سقز به دلیل بیماری از زندان …