هه‌ینی 22 تشرینی دووه‌م 2024

ک.ن.ک له سه‌ر باشووری کوردستان هاته ده‌نگ

کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان ناسراو به ‘ک.ن.ک’ له وه‌ڵامی هه‌ڕه‌شه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێمی باشووری کوردستان له ئه‌گه‌ری راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و به‌‌شه‌ی کوردستان راگه‌یاندنێکی بڵاو کردووه‌ته‌وه‌و تێیدا وتویه‌تی: ‘ئه‌وه مافی گه‌لی کوردستانه بڕیار بدات چ جۆره سیسته‌م‌و شێوازێکی به‌‌ڕێوه‌بردن بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێت’.

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌که:

ئاشکرایه‌ که‌ مافی دیاریکردنی چاره‌نووس مافێکی ره‌وایه‌ بۆ هه‌موو گه‌لان. گه‌لی کوردیش له‌ سه‌ر خاکی خۆی و له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستاندا به‌ ده‌یان ساڵ بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و مافه‌ خه‌باتی کردووه‌. ئه‌وه‌ مافی گه‌لی کوردستانه‌ بڕیار بدات چ جۆره‌ سیسته‌م و شێوازێکی به‌ڕیوه‌بردن بۆخۆی هه‌ڵبژیرێت. هیچ ده‌وڵه‌تێکی هه‌رێمی و جیهانیش ئه‌و مافه‌ی نیه‌ ده‌ست بخاته‌ کارو خه‌باتی کوردستانه‌وه‌و له‌ جیاتی گه‌لی کوردستان بڕیار بدات. ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری کوردستان به‌رده‌وام ئه‌م پره‌نسیپه‌ گه‌ردوونیه‌یان پێشێل کردووه‌. سه‌ره‌رای نکوڵی کردن و سه‌رکوتکردنی گه‌لی کورد له‌و پارچانه‌دا که‌ له‌ بن ده‌ستی خۆیاندایه‌، به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه‌شیان داوه‌ که‌ ده‌ستبخه‌نه‌ کاری پارچه‌کانی تریشه‌وه‌. رژێمی ئێرانیش وه‌ک تورکیاو رژێمه‌  داگیرکه‌ر و سه‌رکوتکه‌ره‌کانی گه‌لی کوردستان به‌ درێژایی مێژووی هاوچه‌رخی ناوچه‌که‌ هه‌وڵی داوه‌ هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر کارو تێکۆشانی هه‌موو پارچه‌کاندا بسه‌پێنێ. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش درێغی نه‌کردوه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ کردن و هێرشکردن و سیاسه‌تی په‌رته‌وازه‌کردنی کوردان و ئاژاوه‌ نانه‌وه‌ له‌نێو کورداندا.

ئه‌گه‌ر ئێران به‌راستی ئارامی و سه‌قامگیریی بۆ ولاتی خۆی و ناوجه‌که‌ ئه‌وێت، ئه‌گه‌ر دۆستایه‌تی له‌نێو گه‌لانی ناوچه‌که‌دا ئه‌خوازێت، پێویسته‌ به‌ر له‌هه‌ر شتێک ده‌ست له‌ سیاسه‌تی سه‌رکوتکه‌رانه‌و نامرۆڤانه‌ به‌رامبه‌ر گه‌لی کوردستان هه‌ڵبگرێت. ئێران پێویسته‌ ئیتر له‌وه‌ تێبگات که‌ نکوڵیکردن له‌ مافه‌کانی گه‌لی کوردستان و کوشتوبڕی سیاسه‌تمه‌دار و چالاکوان و خه‌ڵکی سڤیل و کاسبکارانی سه‌رسنوورو، کۆکردنه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی له‌ ناوچه‌کانی کوردستان و تۆپارانکردنی هاوولاتیانی کوردستان، ناتوانن چیتر ئارامی بۆ خودی رژێمه‌که‌ی مسۆگه‌ر بکه‌ن. راپه‌ڕینی به‌شێک له‌ گه‌لانی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست له‌ هه‌مبه‌ر رژێمه‌ سه‌ره‌ڕۆو دیکتاتۆره‌کان نمونه‌یه‌کی زیندوون له‌به‌رده‌م ئێراندا و پێوسته‌ ده‌رسیان لێ وه‌ربگرێت. هۆشیاری گه‌لانی ناوچه‌که‌ به‌ گه‌لی کوردیشه‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستێک که‌ چیتر سیاسه‌تی دوژمناکارانه‌و ناعه‌داله‌تی و سته‌مکاریی قبوڵ نه‌که‌ن. بۆ رێگرتن له‌ سیاسه‌تی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی، له‌سه‌ر گه‌لی کوردو پارته‌ سیاسیه‌کانی کوردستان پێویسته‌ هه‌رچی زووتر ناخۆی ماڵی کوردو یه‌کریزی خۆیان پێکبێنن.

بێگومان گه‌لی کوردستان خوازیاری ئه‌وه‌ن که‌ مافه‌کانی خۆیان به‌ رێگایه‌کی ئاشتی و دیموکراسی دابین بکه‌ن. له‌سه‌ر رژێمی ئێران و رژێمه‌کانی تریش پێویسته‌ ئه‌و راستیه‌ قبوڵ بکه‌ن و به‌و ئاراسته‌یه‌ هه‌نگاو بنێن. ئه‌گه‌ر نا گه‌لی کوردستان هه‌موو شێوازێکی تێکۆشان و خۆپاراستن و به‌رپه‌چدانه‌وه‌ ره‌وا ئه‌بینن. 

 

کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان ـ کنک

10.07.2014 برۆکسل

 

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.