شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2024

کاردانه‌وه ناوخۆیی‌و ناوچه‌یی‌و جیهانییه‌کانی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان په‌ره‌ی سه‌ندووه

به گوێره‌ی دوایین زانیارییه‌کان له به‌غدا، لیستی به‌ره‌ی نیشتمانی که نوری مالکی سه‌رۆک وه‌زیرانی ئێستای عێراق به‌ڕێوه‌ی ئه‌بات دژایه‌تیی خۆی بۆ به‌ڕێو‌ه‌چوونی راپرسیی له سه‌ر جیابونه‌وه‌ی باشوری کوردستان له وڵاته‌که‌ی ده‌ربڕێوه.

له ئاستی ناوخۆی کوردستاندا زۆربه‌ی حزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان راسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ پشتیوانیی خۆیان بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی له باشووری کوردستان راگه‌یاندووه‌و پێشتریش ئاماده‌ییان ده‌ربڕیبوو له ئه‌گه‌ری پێویستدا له به‌ره‌کانی شه‌‌ڕ له گه‌ڵ داعش به‌شدار بن.

له باشووری کوردستان زۆرینه‌ی حزبه‌کان لارییان له گه‌ڵ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی نییه، به‌ڵام به گه‌رمیشه‌وه پێشوازییان لێ نه‌کردووه. به‌تایبه‌ت هه‌ردوو یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان‌و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان که له پارێزگاکانی که‌رکوک‌و سلێمانی خاوه‌ن زیاترین ده‌نگ‌و ده‌سه‌ڵاتن یا بێده‌نگ بوون به‌رامبه‌ر به‌و هه‌وڵه، ئه‌م کاته‌یان به‌لاوه زووه‌و رایان گه‌یاندووه‌ پێویسته کاتی به‌ڕێوه‌بردنی راپرسی له سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی له به‌رچاو بگیرێت.

حزبه ئیسلامیه‌کان باشوور به تایبه‌ت کۆمه‌ڵ‌و یه‌کگرتووی ئیسلامی‌ش تێبینییان له سه‌ر پشتیوانیی راسته‌وخۆو پێداگرانه‌ی ئیسراییه هه‌بووه له سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان و رایان گه‌یاندووه نابێ قۆناغه‌کانی پێشووتری شۆڕشی کورد له به‌ر چاو نه‌گیرێت که تێیدا نه‌‌ته‌نیا ئیسراییل پشتیوانیی له کورد نه‌کردووه، به‌ڵکو زۆرجار هاوکاریی گرتن‌و سه‌رکوتی کوردی کردووه.

له باکورو رۆژاوای کوردستان پارتی کرێکارانی کوردستان ده‌رفه‌تی ئێستای بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردیی به نه‌شیاو زانیوه‌. موراد قه‌ره‌یال فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی پاراستنی گه‌ل له دیمانه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنی رۆناهی داوای پشتیوانیی له به‌رگریکردن له شاری کۆبانێ کردووه که له ئێستادا به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو له لایه‌ن چه‌کدارانی داعشه‌وه هێرش ئه‌کرێته‌ سه‌ری. قه‌ره‌یلان له‌و دیمانه‌یه‌یدا، هیچ باسێکی له ده‌وڵه‌تی کوردی نه‌کردووه‌و ته‌نیا داوای پشتیوانیی له حکومه‌تی هه‌رێم‌و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان کرد، که بۆ رۆژی دوایی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان به فه‌رمی وڵامی داواکارییه‌که‌ی دایه‌وه.

له لایه‌کی تره‌وه ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆکی په‌یه‌ده روو له مه‌سعود بارزانی رایگه‌یاندووه ئێستا کاتی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی نییه. ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە پەیامێکدا کە لەشاری ئامەد لە لەکۆنفرانسی “سنوورەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ڕژێم و داھاتووی کورد” پێشکەشیکرد، رایگەیاند: لەبەرچاوگرتنی خواست‌و ئیرادەی خەڵک گرنگە،‌ بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌و ده‌قی ئه‌و قسانه بۆ رۆژانی دوایی له زاری چه‌ند سیاسه‌تمه‌داری باشوور که نزیکن له په‌یه‌ده‌و پ.ک.ک دووباره بووه‌وه.

له ئاستی ناوچه‌ییدا، دژایه‌تیکردنی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی جگه له به‌غدا، تاران‌یشی گرتووه‌ته‌وه‌‌و له رۆژانی رابردوودا دوو به‌رپرسی پایه‌به‌رزی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی، مه‌رزیه ئه‌فخه‌م وته‌بێژی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌و هه‌روه‌‌ها ئه‌میر عه‌بدوڵاهیان جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی بۆ کاروباری وڵاتانی عه‌ره‌بی‌و ئافریقایی هه‌‌ڕه‌شه‌یان له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کردووه له ئه‌گه‌ری جیابونه‌وه‌ له عێراق‌و باس له‌وه کراوه هه‌موو رێوشوێنێک ده‌گرنه به‌ر بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان‌و هاوکات به پیلانی ئیسراییل یان ناوبردووه.

له ماوه‌ی رابردوودا، وڵاتی ئیسراییل یه‌که‌م وڵات بووه به راشکاوی له زاری گه‌وره به‌رپرسانیه‌وه، شیمۆن پرێزو بێنیامین نێتانیاهو پشتیوانیی بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی‌و جیابونه‌وه‌ی باشووری کوردستان له عێراق راگه‌یاندووه. دوابه‌دوای ئه‌وه‌ کاردانه‌وه‌کانی کۆماری ئیسلامی په‌ره‌ی سه‌ندووه‌و به‌رپرسانی سه‌ربازی‌و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی له چه‌ند شوێندا به ته‌شه‌رو هه‌ڕه‌‌شه‌وه باسیان له راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی کردووه. جگه له کۆماری ئیسلامی که به ئاشکرا دژایه‌تیی خۆی بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی دوپات کردووه‌ته‌وه‌، عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆک کۆماری میسریش دژایه‌تیی خۆی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی کوردی ده‌ربڕیوه‌و رایگه‌یاندووه: ‘سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به واتای کاره‌ساته’. ئه‌و به‌رپرسه میسرییه هۆکاری ‘کاره‌سات بوون’ی ده‌وڵه‌تی به‌وه زانیوه که دوای راگه‌یاندنی، هێزه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌کان زیاتر له‌مه‌ی ئیستا ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست‌و به‌هێز ئه‌بن.

له ئاستی جیهانیدا زۆربه‌ی وڵاتان له روبه‌ری میدیاییه‌وه پاڵپشتی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستانیان کردووه، وه‌ک له ئاستی سیاسی‌وو دیپلۆماتیک. باسی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی له ناوه‌نده ئاکادێمیک‌و رۆژنامه‌وانیه‌کانی ئامریکاو ئاڵمان‌و فه‌رانسه‌و ژاپۆن‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی به‌ربڵای بووه‌و به‌شێکی به‌رچاو له سیاسی‌و تێکنۆکراته‌کانی ئه‌و وڵاتانه پێیان وایه ئه‌م قۆناغه بۆ راگه‌‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی گونجاوو ته‌نانه‌ت پێویسته.

شایانی باسه دوای ئه‌وه‌ی جان کێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئامریکا وه‌ک یه‌که‌م به‌رپرسی ده‌ره‌کی دوای راگه‌یاندنی ئاماده‌کاریی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی راپرسی له سه‌ر جیابونه‌وه‌ی باشووری کوردستان له عێراق سه‌ردانی باشوری کردو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی کوردستان کۆبووه‌وه، دواتر وه‌فدێکی حکومه‌تی هه‌رێم به مه‌به‌ستی گه‌یاندنی دوایین په‌یام‌و داواکاریی باشووری کوردستان ره‌وانه‌ی واشینگتۆن کران‌و له‌وێ له گه‌ڵ لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌کاندا کۆبونه‌وه‌. دوای کۆتاییهاتنی ئه‌و سه‌ردانه، بارزانی رایگه‌یاند حکومه‌تی هه‌رێمی شانسێکی تریش به حکومه‌تی ناوه‌ندیی ده‌دات بۆ به‌شداربونی کورد له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق‌و روبه‌ڕوبونه‌ی تێرۆر. پێده‌چێت مه‌به‌ستی مه‌سعود بارزانی له پێدانی شانس دانانی که‌سێکی تر بێت بۆ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق جیا له نوری مالکی. له ماوه‌ی رابردودا هه‌موو لایه‌نه کوردستانیه‌کان‌و نوێنه‌ره‌کانیان له به‌غداو هه‌روه‌‌ها لایه‌نه سونییه‌کان‌و چه‌ند لایه‌نی شێعه‌ش دژایه‌تیی خۆیان بۆ کاندید کردنه‌وه‌ی مالکی بۆ ئه‌و پۆسته ده‌ربڕیوه، به‌ڵام تا ئێستاش ده‌وڵه‌تی یاسا سوره له سه‌ر کاندیدکردنه‌وه‌ی مالکی بۆ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق.

له ئاستی جیهانی‌و ره‌وه‌ندی کوردیدا، کوردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش به مه‌به‌ستی پێشوازیکردن له راگه‌یاندنی ده‌ره‌وه‌ی وڵات خۆپیشاندان‌و که‌رنه‌ڤاڵی گه‌ور‌ه‌یان سازکردووه‌ورۆژانی رابردووش شاری ئۆسلۆ ی پێته‌ختی نۆروێژ شاهیدی یه‌که‌ خۆپیشاندانی گه‌وره‌ی کوردستانیه‌کانی ئه‌و وڵاته بوو له پشتیوانیکردنی دیاریکردنی چاره‌نوسی باشووری کوردستان. به گوێره‌ی زانیارییه‌کانی زاگرۆس پۆست بڕیاره له رۆژانی داهاتوودا له وڵاتی فه‌نلاندیش له لایه‌ن گروپێکی خۆڕسکه‌وه که‌رنه‌ڤاڵێکی به‌رین بۆ پشتیوانی له سه‌ربه‌خۆیی کوردستان رێکبخرێت.

 

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.