سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌مه رێکه‌وتی 29/05/2014 له هۆڵی کۆبوونه‌وه‌ی هۆتێل سلێمانی پاڵاس ده‌یان رێکخراوی مه‌ده‌نی سه‌باره‌ت به ئه‌شکه‌نجه‌و کوژرانی ‘دونیا’ی ته‌مه‌ن 15ساڵ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌ربڵاویان به‌ڕێوه‌بردو له ئاکامدا راگه‌یه‌نراوێکیان له‌گه‌ڵ چه‌ند داواکارییه‌ک بڵاو کرده‌وه.
کۆبوونه‌وه‌که به ئاماده‌کاری‌و ده‌ستپێشخه‌ریی رێکخراوی ئازادیی لاوانی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو کاتژمێر 10:30 ده‌ستیپێکردو ماوه‌ی کاتژمێرو نیوێکی خایاند. له کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له گرنگیی یه‌کهه‌ڵوێستیی هه‌موو رێکخراوه‌و گروپه‌کان کرایه‌وه له سه‌ر که‌یسی ‘دونیا’و که‌یسه‌کانی تری ژن‌کوژی له کوردستان‌و بڕیار درا تۆڕێکی هاوبه‌ش له نێوان ئه‌و رێکخراوانه دروست بکرێت که ژماره‌یان زیاتر له 20 رێکخراو بوو، هه‌روه‌ها رێکخراوو که‌سایه‌تیی تر بۆ ناو تۆڕه‌که بانگهێشت بکرێن.
بڕیاره له داهاتوویه‌کی نزیکدا، کاردانه‌وه‌کان به ئه‌شکه‌نجه‌و کوژرانی دونیا چڕتر بێته‌وه‌و ئه‌م تۆڕه‌ش به‌رده‌وام بێت له سه‌ر هاوئاههنگیو کۆبونه‌وه‌کانی تا بۆ هه‌موو حاڵه‌تێک ئاماده بێت.
ده‌قی راگه‌یاندنه‌که له ژێردا هاتووه:
ئازادیی ژن، پێوه‌ری ئازادیی کۆمه‌ڵگایه
کوشتنی ‘دونیا’ی ته‌مه‌ن 15ساڵ، هێنده بێ به‌زه‌ییانه‌و دژه‌مرۆڤانه‌یه که ده‌کرێت فیلمی له سه‌ر دروست بکرێت‌و شیعری پێدا بوترێت. له ئاستی کولتوری‌و رێکخراوه‌کاندا، ئێمه وه‌ک کۆمه‌ڵێک چالاکی سیاسی‌و رێکخراوی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی گومانمان نییه که ئه‌و شێوه له کوشتن ئه‌چێته خانه‌ی ئاپارتایدی رهگهزییهوهو بێگومانین له‌وه‌ی نه‌هاتنه ده‌نگی وه‌ک پێویست‌و له ئاست قووڵایی ئه‌و کاره‌ساته له لایه‌ن چالاکانی مرۆڤدۆسته‌وه هۆکاری ئه‌و شۆکه کارییه بووه که هه‌موو لایه‌کمانی داگرتووه!
ژن‌کوژی، کوشتنی ژن به ناوی نامووس، توندوتیژیی ره‌گه‌زی‌و خێزانی له سه‌ر ژن، سنووردارکردنه‌وه‌ی ئازادییه رهواو به‌رهه‌قه‌کانی ژن وه‌ک مرۆڤ، قبوڵاندنو پاساوی سه‌رکوتی مێژویی له بن نه‌هاتووی سه‌ر ژن له هه‌موو روبه‌ره‌کانی ژیاندا‌و زاڵبوونی روانینی سێکسی بۆ سه‌ر ژن‌و کردنه کاڵای ژن له ژیانی ئێمه‌دا له حاڵهتو دیارده ده‌رچووه‌و بووه‌ته کولتور، کولتورێکی پشتئه‌ستوور به بنه‌ما نه‌ریتی‌و ئایینیهکانو حه‌شاردراو به به‌هاو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌شه‌ی ئابوری‌و سه‌رمایه‌داری.
ئه‌مڕۆ دوای هه‌فته‌یه‌ک له کوشتنی دونیا، له‌م کاته‌داو لێره کۆبووینه‌ته‌وه تا داکۆکییه‌کی ته‌واوو بێ پاشه‌کشێ بکه‌ین له ئاشکراکردنی کاره‌ساتی جوانه‌مه‌رگ دونیا‌و هه‌وڵی پاشه‌کشێکردن به نه‌ریتی دواکه‌وتوویی ‘عه‌یبه’، که به‌رده‌وام به تانه‌دان له رێکخراوه‌و چالاکانی ژنان‌و یه‌کسانیخواز، ‘ژن و هه‌ڵسوکه‌وتی ژنانه’ به هۆکاری کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دهزانێتو ده‌یفرۆشێته‌وه به کۆمه‌ڵگاو ئێمه‌ش نقمان ده‌ر نایێت.
ئه‌گه‌رچی هه‌ر له هه‌فته‌ی رابردوودا چه‌ند حاڵه‌تی تری خۆسووتاندن‌و کوژرانی ژنان‌و سه‌ربڕینی کچێکی ته‌مه‌ن 18ساڵ له لایه‌ن باوکیه‌وه له پارێزگای کرماشانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، هێنده‌ی تر توشی شۆکی کردین‌و واشیکردووه به‌داخه‌وه ناوی کوردستان له هه‌واڵه‌کانی توندوتیژیی دژ به ژن، له ریزی پاکستان‌و هندستاندا بێت؛ به‌ڵام یه‌کگرتنی به‌شێکی به‌رچاو له رێکخراوه‌کانی ژنان‌و لاوان‌و خوێندکاران‌و گروپ‌و کهسایهتیو دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌کان، ده‌بێت وه‌ڵامێکی شیاو بێت به نه‌یارانی مرۆڤ‌و تاریک پهرستانو وزه‌یه‌کی زیاترمان بداتێ تا به پشتیوانیی یه‌کتر هه‌نگاوه‌کانمان بۆ گه‌یشتن به ئازادیی کامڵ به‌وره‌تر هه‌ڵبگرین.
له کۆتاییدا به راگه‌یاندنی چه‌ند خاڵێک، دووپاتی ده‌که‌ینه‌وه، شورای ئازادی‌و نه‌وای یه‌کسانی زۆر به‌رزترە له‌وه‌ی عه‌بای دواکهوتووییو زه‌ینی تۆزگرتووی به‌شێک له نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بتوانێت باڵی به سه‌ردا بگرێت.
رێکه‌وتین:
1_ گروپێک له رێکخراوو تۆڕ‌و چالاکانی مهدهنیو راگه‌یاندکار له میدیاکانی به‌شدار بوو لێره، چاودێریی ره‌وشی که‌یسی دونیا بکه‌ن به مه‌به‌ستی به‌دواداچوونی ئاشکراو جدیتر.
2_ پێبه‌ندیی خۆمان به دژایه‌تیی ‘سوڵحی عه‌شایری’ له ناو دیوهخانو مه‌کته‌به کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به هه‌موو شێوه‌یه‌ک دهردهبڕینو داوا ده‌که‌ین یاسا بکرێته په‌یڕه‌وی به‌دواداچوونی که‌یسی دونیا‌و سه‌رجه‌م که‌یسه ژنکوژییه‌کان.
3_ داوا ده‌که‌ین هه‌موو زه‌واجێک له دادگاکانی هه‌رێمدا به پێی یاسای سه‌رده‌م تۆمار بکرێت‌و سه‌رپێچیکردن له‌و یاسایه‌ش به‌دواداچوونی بۆ بکرێت.
4_ داوا بکرێت له رۆژێکی دیاریکراودا سه‌رجه‌م چالاکان له یه‌ک شوێندا مۆم هه‌ڵ بکهنو بڵاوکراوه‌کانی تایبه‌ت به پرسی کۆمه‌ڵی مهدهنیو ژنان ژماره‌یه‌کیان ته‌رخان بکه‌ن به که‌یسی دونیا.
5_ لێدوانه نابه‌رپرسانه‌کانی که‌سوکاری بکوژو کۆمه‌ڵێک ده‌ستی تایبه‌ت له پاساوهێنانه‌وه بۆ کوشتنی دونیا ئیدانه دهکهینو داواکارین راگه‌یاندنه‌کان سنوورێک بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و کاردانه‌وانه دیاری بکه‌ن.
6_ داوا ده‌که‌ین شێوازی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی توندوتیژی له راگهیاندنهکانو په‌روه‌رده، واته خوێندنگه‌کان گرنگیی زیاتری پێ بدرێت‌و له رێگه‌ی توێژه‌ری دهرونیو کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه کار بۆ په‌ره‌دان به کولتوری ناتوندوتیژی بکرێت.
7_ داواده‌که‌ین لێپرسینه‌وه له به‌رپرسانی ناوچه‌ی که‌ڵه‌کچی به تایبه‌ت ئاسایش‌و پۆلیسی بکرێت به هۆی که‌مته‌رخه‌مییان له ئاست پاراستن گیانی هاوڵاتییانو به تایبه‌ت دنیای مێرمنداڵ.
8_ کاری جدی بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی وانه‌ی جێنده‌ر بچێته ناو پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه، هه‌ر له قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه.
9_ رێکه‌وتین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له خۆپیشاندانی ئێواره‌ی دووشه‌مه‌ی داهاتوو به ده‌سپێشخه‌ریی ‘گروپی ژیان’ به‌شدار بین‌و له داهاتوویه‌کی نزیکدا تۆڕی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی په‌ره پێبدرێت‌و رابگه‌یه‌نرێت.
ژماره‌یه‌ک له کهسایهتیو رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی
سلێمانی_ شه‌مه 29/05/2014