کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە بەباننامەیەكدا بە ئاماژە بە چەندین حاڵەتی مەرگی گوماناوی لەمەریوان لەزاری چالاكوانان داوا لە هاوڵاتیان دەكات “وریایانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و نەکەونە ژێر کاریگەری ئەو واتە واتە، کە رۆژانە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو بەناو خەڵکی ئەو شارەدا بڵاوی دەکرێتەوە”.
لەبەیاننامەكەدا كە وێنەیەكی دەست زاگرۆس پۆست كەوتووە، هەروەها هاتووە “پێشتر بەرپرسانی ئێران لە شاری مەریوان و پارێزگای سنە و میدیاکانی ئێران بە هیچ شێوەیەک باسی ئەو شەپۆلی خنکاندنەیان نەدەکرد، بەڵام لە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و گوشاری چالاکانی مەدەنی لە ناخۆی شاری مەریوان، بەرپرسانی ئەو پارێزگایە و شاری مەریوان دەستیان بە روونکردنەوە و لێدوان بۆ میدیاکان و قسەکردن لەگەڵ چالاکوان و هاوڵاتیاندا کرد.”.
دەقی بەیاننامەكە:
لەمەریوان خنکاندن و خۆکوشتنی گوماناوی درێژەی هەیە
لەماوەی مانگی رابردودا لە شاری مەریوان تەرمی چەند هاوڵاتییەک بە خنێکندراوی دۆزرایەوە و تەنها ئەمڕۆش سێ هەوڵی دیکەی خۆکوشتن تۆمار کراوە.
بەپێی سەرچاوەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەماوەی مانگی رابردودا تەرمی 8 کەس بە خنکێندراوی دۆزراوەتەوە و ناسنامەی هەر 8 کەسەکەیان بە تەواوەتی ئاشکرا بووە. تەنها ئەمڕۆ ٢٩/٤/٢٠١٤ و لە کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا سێ رووداوی گوماناوی بۆ خۆکوشتن روویداوە.
بەگوێرەی زانیارییە گەیشتوەکان بە دەست (KMMK) ناوی ئەو کەسانە، کە خۆیان خنکاندوە، یان بە خنکێندراوی دۆزراونەتەوە بریتین لە:
١ – عەبدوڵا واحدی تەمەن ١٩ ساڵ، کە تەرمەکەی بە خنکێندراوی لە پشت قەبری دەروێشی نزیک لە زرێبار دۆزرایەوە.
٢ – دانا خونکە خەڵکی ئاوایی سەرنژمار و دانیشتوی شارۆچکەی جوجەسازی بووە، کە تەرمەکەی بە خنکێندراوی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە.
٣ – فەتحوڵا خەیاڵدوز، دانیشتوی کورەی موسەوی شاری مەریوان و خەڵکی ئاوایی روار بووە. تمەنی ئەو هاوڵاتییە نزیک ٤٠ ساڵ بووە و کەسێکی کاسبکار بووە.
4- بێهزاد برومەند خەڵکی نۆدشەی هەورامان و دانیشتوی شەقامی مەردۆخ بووە. تەرمەکەی بە خنکێندراوی لە عەمباری فەڕش فرۆشتنەکەیدا دۆزراوەتەوە.
٥ – شەرارە فاتمی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی گوندی بەرقەڵا بووە و تەرمەکەی بە خنکێندراوی لە نێوان جوجەسازی و بەرقەڵادا دۆزراوەتەوە.
6- سامان پور ئیبراهیم تەمەن ٣١ ساڵ خەڵکی بۆکان و دانیشتوی شاری مەریوان تەرمەکەی بە خنکێندراوی لەماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی گوڵشەن لە مەیدانی ناری دۆزراوەتەوە. سامان خێزاندار بووە و خاوەنی منداڵێکیشە و لە جادەی کورەی موسەوی سەرقاڵی کاری هەلاجی بووە.
٧ – کاوە کەریمیان، کە سەرباز بووە و تەمەنی ٢٥ ساڵە و خەڵکی گوندی موسکی سەربە شاری مەریوانە، هەوڵیداوە خۆی بکوژێت، بەڵام پێی زانراوە و نەیانهێشتوە خۆی بخنکێنێت و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
٨ – سەربازێک بە ناوی محەممەد حسەینی خەڵکی شاری کرمان لە پادگانی مەریوان گوللەی بە خۆیەوە ناوە. ئەو سەربازەش گەینراوەتە نەخۆشخانە.
پێشتر بەرپرسانی ئێران لە شاری مەریوان و پارێزگای سنە و میدیاکانی ئێران بە هیچ شێوەیەک باسی ئەو شەپۆلی خنکاندنەیان نەدەکرد، بەڵام لە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و گوشاری چالاکانی مەدەنی لە ناخۆی شاری مەریوان، بەرپرسانی ئەو پارێزگایە و شاری مەریوان دەستیان بە روونکردنەوە و لێدوان بۆ میدیاکان و قسەکردن لەگەڵ چالاکوان و هاوڵاتیاندا کرد.
بەپێی رونکردنەوەی بەرپرسانی ئەو شارە هەمو هەوڵەکان بۆ بچوککردنەوە و شاردنەوەی رووداوەکانە.
زانیارییە بەدەستگەیشتوەکان ئاماژە بەوە دەکەن بەرپرسان هەوڵی هەمە لایەنەی خۆیان لەوەدا چڕکردوەتەوە، کە ئەو رووداوانە بگەڕێننەوە سەر هۆکاری کۆمەڵایەتی و کێشەی تاکە کەسی و لەوێیەوە خۆیان لەبەرپرسیاریەتی بەرامبەر رووداوە دڵتەزێنەکانی ئەو شارە بدزنەوە.
وەک چالاکوانەکان بە (KMMK) راگەیاندوە لە ماوەی چەند دەیەی رابردودا هیچ شەپۆلێکی خۆکوژیی هاوشێوە لە ناوچەکەیاندا رووی نەداوە و ئەوەش بووەتە جێگای سەر سوڕمان، کە هەمو هەوڵەکان تەنها لە رێگەی خنکاندن بە تەنافەوە بووە، کەسە خنکێندراوەکان پەنایان نەبردوەتە بەر هیچ شێوازێکی دیکە بۆ کۆتایهێنان بە ژیانیان. بەکارهێنانی تەناف بە تایبەتی تەنافی شین و بەکارهێنانی یەک شیواز بۆ خنکاندن، گومانەکان وپرسیارەکانی لەو بارەیەوە چەند هێندە بۆ خەڵکی ئەو شارە زیاتر کردوە.
بەپێی لێدوانی چالاکوانەکانی ئەو شارە بەشێوەیەکی گوماناوی هەوڵێکی زۆر بۆ تێکدانی باری دەروونی خەڵکی ئەو شارە لە گۆڕێدایە، چونکە بە بەردەوامی واتە واتی ناڕاست بە ناو خەڵکدا بڵاو دەکەنەوە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە ترس و دڵەڕاوکێ بخەنە دڵی خەڵکی ئەو شارەوە.
سەرباری ئەوەی چالاکوانەکان و کەسانی ئاگادار لە دۆخی شاری مەریوان جەخت لە نائاسایی بوونی رووداوەکان دەکەنەوە، هاوکات داواش لە هاوڵاتیان دەکەن وریایانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و نەکەونە ژێر کاریگەری ئەو واتە واتە، کە رۆژانە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو بەناو خەڵکی ئەو شارەدا بڵاوی دەکرێتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان