نەبوونی كەرەسە سەرەتاییەكانو قەرزەكان، پاڵاوگەی پێترۆشیمی بێستوونی كرماشان لە داخران نزیك بوەتەوەو ئەمەش مەترسی بێكاربوونی 500 كرێكاری بەدوای خۆیدا هێناوە.
لە ماوەی یەكمانگی رابردوو شیركەتی پێترۆشیمی بێستوون لە شاری كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرهەمهێنانی خۆی راگرتووەو ئەمەش هەڵدەگەڕێتەوە بۆ نەفرۆشتنی كەلو پەلو بەرهەمەكان لە بازاڕدا.
ئەمە لە حاڵێكدایە كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی هەڕەشەیان لە بەرپرسانی شیركەتی پێترۆشیمی كردووە كە بە هیچ شێوەیەك نابێ لەسەر ئەو قەیرانەی بۆ پاڵاوگەی پێترۆشیمی درووستبووە، روو بە دەرەوە لێدوان بدەن.
كارێكارانو كارمەندانی ئەو شیركەتە باس لە دۆخی قەیراناوی ئێستا لە پێترۆشیمی بێستوون دەكەنو دەڵێن، لە ئەگەری داخرانی یەكجاریی ئەم شیركەتە، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ 2000 كەس لە پارێزگای كرماشان بەرەوڕووی بێكاریی دەبنەوە.
لە ماوەی ساڵانی رابردوو بەشێك لە ناوەندەكانی بەرهەمهێنانی پارێزگای كرماشان تووشی داخران هاتوونو تا ئێستاش بەرپرسانی پەیوەندیدار نەیانتوانیوە چارەسەری ئەم قەیرانە بكەن.