116ساڵ به‌سه‌ر چاپکردنی یه‌که‌م رۆژنامه‌ی کوردی له قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر تێپه‌ڕی، به‌ڵام ئه‌م یاده‌ش وه‌ک زۆربه‌ی یاده‌کانی تر له سێ به‌شی کوردستاندا بوو به ژێر هه‌ره‌سی سیاسه‌ت-بازی‌و له به‌شێکی تری کوردستانیش، له بێگیانیو بێده‌ره‌تانیی کۆمه‌ڵگاو ترس‌و هه‌وڵی ده‌سه‌ڵات بۆ بێده‌نگ کردنی ئه‌و یاده، له‌و په‌ڕی بێده‌نگیدا کپ کرا.
له‌م نووسراوه کورته‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌م له دوو لایه‌نی راستهوخۆو ناراسته‌وخۆوه هۆکاری راسته‌قینه‌ی گرنگینه‌دان بهمرۆژه بخه‌مه روو که ئه‌ویش به ‘دواکه‌وتنی کامڵ‌بوونی نه‌ته‌وه‌یی’ و ‘پله دوو بوونی کولتور’ی ئه‌زانم له ژیانی کۆمهڵایهتیو سیاسیماندا.
راسته‌وخۆ
به شێوه‌ی راسته‌وخۆ، گرنگترین فاکته‌ر له په‌راوێزکه‌وتنی یادی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی ئه‌مساڵ، فاکته‌ری سیاسه‌ت دێته به‌رچاو. به کورتی له باشوور‌و باکوور‌و رۆژاوای کوردستان کایه‌و شه‌ڕی ئاشکرای سیاسیی نێوان لایه‌نه سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌و به‌شانه هۆکارێک بووه بۆ په‌راوێزکه‌وتنی کو‌لتوور به گشتی‌و یاده کولتوورییه‌کان به تایبه‌تی، به جۆرێک که کو‌لتوور وه‌ک دیارده‌یه‌کی پله‌دوو ناپێویست مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت.
باشوور، رۆژاوا، باکوور:
له‌وانه‌یه گه‌رمه‌ی هه‌ڵبژاردنی پهرلهمانو پارێزگاکانی عێراق هۆکارێکی سه‌ره‌کی بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م یاده که ده‌بوو یادێکی له‌بیرنه‌کراوو گرنگ بێت بۆ کوردستانی ئازاد، به‌وشێوه‌یه په‌راوێزی بخات‌و هێنده‌ی قسه‌ی کاندید په‌رله‌مانێک هه‌واڵی لێ دروست نه‌کرێت؛ من له‌و باوه‌ڕه‌دام له باشووری کوردستان هێنده دامودهزگاو راگهیاندنو کۆلێژی خوێندنی راگهیاندنو مامۆستا‌و که‌سایه‌تیی رۆژنامه‌نووس هه‌ن که دوور له هه‌ر جۆش‌و خرۆشێکی حزبی له ئێستادا بیانتوانیبا لانیکه‌م کۆڕێک سازبکهنو به شێوه‌یه‌کی زانستی باس له لایه‌نه جیاوازه‌کانی ئه‌زموونی کاری رۆژنامه‌نووسی بکه‌ن له ماوه‌ی ساڵی رابردوودا.
باوه‌ڕکردن به کاریگه‌ریی قه‌ره‌باڵغیی هه‌ڵبژاردن‌و نه‌بوونی پاره، له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌نه‌چوونی یادی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی ئه‌گه‌ر راستیش بێت پێداگریی ئه‌و راستییه‌یه که تا ئێستاش بۆ ئێمه‌ی کورد ئه‌وه‌نده‌ی گه‌مه‌ی حزب‌و ناوچه‌و خه‌می گیرفانی خۆمان گرنگه، به‌ها نهتهوهییهکانو ئه‌و ده‌سکه‌تانه‌ی زمان‌و ناسنامه‌ی پێک هێناوین به‌لامانه‌وه گرنگ نییه.
له رووی سیاسییه‌وه هه‌ر ئه‌وه‌ی که چاوێک له ‘شه‌ڕی خه‌نده‌ق’ی نێوان پارتی‌و په‌که‌که بکه‌ین له ماوه‌ی رابردوودا، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت تاچه‌ند دروستبوونی ئه‌و شه‌ڕه میدیاییه گه‌وره‌ی نێوانیان توانیویه‌تی هه‌موو سنوورێکی نهتهوهییو ئه‌خلاقی ببه‌زێنێت، تا ئاستێک که ده‌کرێ به‌راوردی بکه‌ین به به‌شداری نه‌کردنی دوو یاریزانی وه‌رزشی له درێژه‌ی ئۆڵێمپیک، به بیانووی بوونی کێشه‌ی سیاسی له نێوان وڵاته‌کانیان.
له ناوخۆی باکووری کوردستانیشدا، گرنگترین لایه‌نێک که کاریگه‌ری بووه له سه‌ر پهراوێزکهوتنو گرنگی نه‌دان به‌مڕۆژه، ئاکامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م دوایییهو پرۆسه‌ی ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵاته له شاره‌وانییه‌کان، به‌ڕاده‌یه‌ک که پێشنه‌که‌وتنی به‌رچاوی BDP له زۆربه‌ی پارێزگاکانی باکووری کوردستان وایلێکرد ئه‌مڕۆ بڕیاری یه‌کگرتن به HDP بدات که پارتێکی نزیک له ئایدیا‌و بۆچوونی خۆیه‌تی، به‌ڵام بچووکترین باسیان له 116مین ساڵوه‌گه‌ڕی کوردی نه‌کرد.
ئه‌گه‌رچی رۆژاوای کوردستان بارودۆخێکی تایبه‌تیی هه‌یه‌و له به‌شێکی به‌ربڵاو له ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی هێزه‌کانی پاراستنی گه‌ل، پێکدادان‌و مه‌ترسی پێکدادان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) له ئارادایه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش هێنده پاساو نییه که به یه‌کجاری ئه‌م رۆژه گرنگه په‌راوێز بخات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به پێی ئه‌و بۆچوونه زاڵه بێت که ده‌ڵێ کورد تا له سه‌رده‌می شاخ‌و شه‌ڕو حه‌ماسه‌دا بێت، به‌هاو مێژوو شانازییه‌کان گرنگن بۆی‌و له به‌رچاویان دهگرێتو دوای قۆناغی ئازادی‌و ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌ست به‌ره‌وه لیبرالیزمی فهرههنگیو تێکه‌ڵبوون به ژیانی ئاسایی ده‌ڕوات، ده‌بوو له رۆژاوای کوردستان گه‌رموگوڕترین یادی بۆ بگیرابا.
ناراسته‌وخۆ
به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ دوو ئاستی تایبه‌تیی ‘رۆژهه‌ڵاتی کوردستان’و فاکته‌ری تێکنۆلۆژی گرنگن. هۆکاری باسکردن له رۆژهه‌ڵات، وه‌ک به‌شێکی کوردستان که به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ ئه‌مڕۆی تێدا خرایه په‌راوێزه‌وه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنمه‌وه که تا ئێسته‌ش له هیچ ئاستێکی سیاسی‌دا هیچ لایه‌نێک که هه‌ڵبژارده‌ی رهسهنو ئازادی خه‌ڵک بێت له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌سه‌ر کار نییه‌و لایه‌نه پێوه‌ندیداره کولتورییه‌کانیش به پێچه‌وانه‌ی هه‌ر سێ به‌شه‌که‌ی تری کوردستان، به هه‌موو ده‌سه‌ڵاتیانه‌وه هه‌وڵ ئه‌ده‌ن ئه‌مڕۆژه نه‌بێته یادێکو ئه‌وپه‌ڕی رێگریی لێ ئه‌که‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌و لایه‌نه سه‌ره‌کییه‌ی بارودۆخی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌مان له‌به‌رچاو بێت، لایه‌نێکی گرنگی تریش له په‌راوێزکه‌وتنی رۆژنامه‌ی کوردی‌و دواجار رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی‌و ساڵیاده‌که‌ی گرنگه که ئه‌ویش ره‌وتی تێکه‌ڵبوونی کوردستانه به بازاڕی ئازادی جیهانیو ره‌وتی بێبنه‌مای بهکارهێنانو کاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌کانی شه‌پۆلی تێکنۆلۆژیک بوونی ژیانی خه‌ڵک.
رۆژهه‌ڵات:
ده‌زانین که لایه‌نه سیاسییه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌و به زۆری له باشوور ده‌ژین، ره‌وتی ژیانێکی درێژخایهنو کاتکوژانه بۆ رهشبینهکانو ئایدیال-ته‌وه‌ر بۆ گه‌شبینه‌کان، به ههردوودیویدا نائاسایی‌و دوور له تێگه‌یشتن له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان، وای له ئوردوگاکانی حزبهکانو به‌شی زۆری نوخبه‌ی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان کردووه که به‌شی زۆری شته گرنگ‌و بنه‌ڕه‌تییه‌کان که‌مترین گرنگی‌و بایه‌خیان پێ بدرێت، له‌وانه‌ش ئه‌مڕۆ که رۆژێکی مێژوویی‌و دیاری رۆژمێری کوردییه‌و هاوکات به‌شی زۆری چالاکی‌و کاری راگه‌یاندنی حزبه‌کانیشه.
فه‌لسه‌فه‌ی بنه‌ڕه‌تیی چاوهڕوانیو گه‌مه‌ی رۆژانه‌ی دروستکردنی به‌ره‌و ههڵوهشاندنهوهیو یه‌کگرتنه‌وه‌و جیابوونه‌وه‌کان وه‌ک هۆکارێکی سه‌ره‌کیی دێته هه‌ژمار بۆ ده‌رک نه‌کردنی چه‌مکی کولتور‌و کارکردن به ئێلێمێنته فه‌رهه‌نگییه‌کان لای نوخبه‌ی سیاسیی ده‌ره‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات. له ناوخۆی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش باڵکێشانی لیبرالیزمی فهرههنگیو چاکسازیی ئیسلامی نوێگه‌را، تۆڕێک له ورده‌فه‌رهه‌نگی هاوبه‌شی دروست کردووه که ته‌واوکه‌ری ترس چاندنی کۆماری ئیسلامی له لایهکو بێهێوایی دروست کردنی حزبه‌کانه له لای تره‌وه. بۆیه که‌مترین هۆکار ده‌مێنێته‌وه، تا رۆژنامه‌و رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی‌و ساڵیاده‌که‌ی ببێته به‌هاو ئادێکی تایبه‌ت بۆ هاوڵاتییه‌کی دانیشتووی رۆژهه‌ڵات، به تایبه‌ت له ناو لاوان‌و به‌ره‌ی نوێی سیاسی‌و فه‌رهه‌نگی.
شه‌پۆلی تێکنۆلۆژی
ده‌یه‌ی رابردوو قۆناغێکی تایبه‌تی بووه له ژیانی تێکنۆلۆژیکی خه‌ڵکی کوردستاندا؛ به هۆی شه‌پۆلی ئامێره ئێلێکترۆنیکهکانو تێکنۆلۆژیک بوونی ژیان به راده‌یه‌کی بێی کۆنترۆڵ‌و بێ سنوور رۆژنامه‌گه‌ریی کاغه‌ز جێی خۆی داوه‌ته رۆژنامه‌گه‌ری ئێلێکترۆنیک، به‌و راده‌یه‌ش چالاکیی راگهیاندنو رۆژنامه‌وانیی سیاسی‌و حزبی له کاغه‌زه‌وه گوازراوه‌ته‌وه بۆ ئینتێرنێت. به دڵنیاییه‌وه له به‌ر بێ‌کۆنترۆڵ بوونی ئه‌م که‌شه‌و نه‌بوونی په‌روه‌رده‌یه‌ک بۆ رێکخستنی کاریگه‌ریی نه‌رێنیی زیاتر بووه تا ئه‌رێنی.
دروست بوونی رۆژنامه‌ی زه‌ردی ئێلێکترۆنی دواجار رۆژنامه‌نووسی زه‌ردی دروست کردووه که ته‌نها بۆ خۆی ده‌نووسێت‌و له به‌ر خۆیه‌وه ده‌نووسێت، بێ ده‌رک کردن به گرنگیی‌و ئهولهویهتهکانو له به‌رچاوگرنتی نۆرمی نووسین‌و بنه‌ما یاساییه‌کانی رۆژنامه‌گه‌ری. ئه‌وه له ئاستێکی به‌ربڵاودا، بێ ئه‌وه‌ی کهسو لایه‌نێک بانگه‌شه‌ی بۆ بکات، بووه‌ته ریکلامێکی نیگه‌تیڤ بۆ رۆژنامه‌گه‌ری کوردی‌و هه‌ر هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانیشی روبه‌ڕوی مه‌ترسیی کردووه‌ته‌وه.
هه‌موو شتێکی نه‌وه‌ی نوێی ئه‌مڕۆ بووه‌ته چاوه‌ڕوانی بۆ هاتنی ‘رۆژی خۆشه‌ویستی’، به‌ڵام ئه‌و نه‌وه‌یه که خۆشه‌ویستییه‌که‌ی له سایه‌ی به‌شێک له ده‌سکه‌وته‌کانی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی‌دا ده‌کات، ئاماده نییه مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی بخوێنێته‌وه‌و گرنگیی پێبدات. به پێچه‌وانه‌ی بۆنه نامۆکان له لاپه‌ڕه‌ی فه‌یسبوکی به‌کاربه‌ره کورده‌کاندا، رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی هیچ گرنگییه‌کی نییه، ئێستا باوی بێ ئاگاییه‌و ئاساییه له‌م بارودۆخه‌دا رۆژی له‌دایکبوونی فاتمه‌ی زارا، به ناوی رۆژی دایکه‌وه ببێته گه‌رمه‌ی فه‌یسبوک-گه‌ردیی رۆژهه‌ڵاتییه‌کان، وێنه‌ی باربیو دیمه‌نی گوڵی به‌هار ببێته پرۆفایلی زۆربه‌ی کچانی باشوور‌و روخساری سه‌رکرده‌یه‌کی باکوور، هه‌ر هه‌موو رۆح‌و ههستو جوانی‌و شۆڕش‌و ژیان له واقع‌و مه‌جازی باکووریهکاندا پێناسه بکات. نوخبه‌ی به‌ناو بێلایه‌نیش، له‌وپه‌ڕی بێههڵوێستیدا راوی به‌ڵگه‌نامه‌و شهخسیگهری دهکاتو رۆژانه سه‌نگه‌ری ره‌خنه‌کانی به خشتی بێ‌کاری قایم ده‌کات.
لانیکه‌می ده‌سکه‌وتی رۆژنامه‌گه‌ریی نوێ ده‌کرێت به رۆژنامه‌گه‌ریی سێبه‌ر بزانین که له سایه‌یدا هه‌ناسه‌یه‌ک بۆ ره‌خنه‌و وچانێک بۆ نووسین بهدیدهکرێتو وه‌ک تووسکایی ته‌نکی روانین بۆ دوارۆژی رۆژنامه‌گه‌ری دێته به‌رچاو.