ئامینە قادری دایكی زانیار مورادی رایگەیاندووە، زانیارو لوقمان بۆ بەدەستهێنانی ئازادیو عەداڵەتی كۆمەڵایەتی خەباتیان كردووەو هەر بەو بۆنەوە لە لایەن كۆماری ئیسلامی بە ئێعدام مەحكوم كراون.
ئامینە قادری بە نووسینی نامەیەك تۆمەتەكانی سەر كوڕەكەیو لوقمان مورادی كە دەبێتە ئامۆزای زانیار رەتكردوتەوەو وتوویەتی ئەوان كەوتوونەتە بەر نەفرەتی كۆماری ئیسلامی.
دایكی زانیاری مورادی داوای لە سەرجەم ئازادیخوازانو چالاكانی مافی مرۆڤ كردوووە كە بۆ رزگاركردنی رۆڵەكانیان هەوڵبدەن.
زانیارو لوقمان مورادی لە گەلاوێژی ساڵی 1388 لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان دەسبەسەرو بە تۆمەتی موحاربە لە رێگەی ئەندامبوون لە كۆمەڵەو كوشتنی كوڕی پێشنوێژی مەریوان بە ئێعدام مەحكوومكران.
حوكمی ئێعدامی ئەم دوو بەندكراوە سیاسیە كوردە لە دادگای پێداچوونەوەی كوردستانو دیوای باڵای وڵات تەئیدكراوە، بەڵام تا ئێستا ناوبراوان ئەو تۆمەتانەیان رەتكردوتەوە.