دەستبەسەرکردنی دوو شارۆمەند لە شاری پیرانشار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات
لە رۆژانی رابردوودا دوو هاوڵاتیی لە شاری پیرانشار کە ئامۆزای یەکترن دەستبەسەرو بەم پێیە رێژەی دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییانەی ئەم شارە گەیشتە 10 کەس.
رۆژی شەممە 13ی گوڵانی 1399 هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری پیرانشار پاش دەستبەسەرکردن، ئەو هاوڵاتیانەیان. گواستۆتەوە بۆ شوێنێکی نادیار. ناسنامەی ئەو دوو کەسە رێبوار سەید موحەممەدی ناسراو بە نەوید و خالید سەید موحەممەدی راگەیەندراوە.
رێبوار سەید موحەممەدی هەواڵنێری فەرمانداریی پیرانشار بووە و ناوبراو پاش دەسبەسەرکردن لە پێوەندیەکی کورتی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی کە ناچار بووە بە زمانی فارسی بدوێت، رایگەیاندووە کە دەسبەسەرکراوە.
هەروەها خالید سەید موحەممەدی کە تەمەنی 50 ساڵە و ئامۆزای ناوبراوە، هاوکات هەر لەو رۆژەدا لە ماڵەکەی خۆی دەسبەسەر دەکرێت، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو زستانی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستانەوە گەڕابوویەوە شاری پیرانشار.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا دەستیان داوەتە پشکنینی ماڵی سەید خالید و دەستیان بەسەر کەل و پەلی تایبەتی ناوبراودا گرتووە
لە ماوەی هەفتەی رابردوو لانیکەم 20 شارۆمەند لە شاری پیرانشار دەسبەسەرکراون کە تا ئێستا ناسنامەی تەنیا 10 کەسیان دەرکەوتووە.
جێگای ئاماژەیە
رژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی رەوتی راودوونان و رەشبگیری ھاوڵاتیانی کورد، ٨ کەسی دیکەیشی لە شاری پیرانشار دەستگیر کردبوو.
لە ماوەی رۆژانی رابردوو ٨ ھاوڵاتی خەڵکی شاری پیرانشار بە تۆمەتی ھاوکاریی لەگەڵ حزبە سیاسیەکان لە لایەن ھێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکانی رژیمی ئێرانەوە دەستگیر کراون و رژیم بە بڵاو کردنەوەی وێنەی ھەندێ چەک و چۆڵ، تۆمەتی ھەوڵدان بۆ جموجۆڵی چەکداریی خستووەتە پاڵ ئەم کەسانە.
نێوی ئەم ٨ ھاوڵاتیە کوردەی خەڵکی پیرانشار بریتیە لە: حسامەدین پیرانی، محەمەد قادری، سەلام خڕی ئاغا، ئەمیر قادری، واحێد قادری، عەلی قادری، ئەحەد مەحمودحەسەن، ئەبووبەر مەحمود حەسەن.
دەوترێ تا ئێستا عەلی قادری ئازاد کراوە، بەڵام چارەنووسی ئەو حەوت کەسەکەی دیکە نادیارە.
بە پێی راپۆرتەکان، ئەم شەپۆلی دەسبەسەرکردنانە نیگەرانی جیددی لە بابەت ئەوە درووست کردووە کە ئیدارەی ئیتلاعات بیەوێ بە درووستکردنی بەڵگەو سیناریۆی ناڕەواو دوور لە راستی، دۆسیەی ئەم گیراوانە پەیوەند بدات بەو رووداوە چەکداریانەی کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لە ناوچەی دیواندەرە هاتوونە پێشەوە.