لە بەرنامەیەكی تایبەت كە لە شاری تاران لە لایەن كۆمەڵێك لە چالاكانی مافەكانی ژنان بەڕێوەچوو، رێز لە 8ی مارس رۆژی جیهانی ژن گیراو هاوكات گرفتەكانی بەردەم ژنان لە ئێران درایە بەر باسو لێكۆڵینەوە.
گەڵاڵەی زۆركردنی گەشەی بنەماڵەكانو درێژەی بەرتەسككردنەوەی چالاكانی مافەكانی ژنان لە باسە گرینگەكانی ئەو كۆبوونەوە بوون. هەروەها زیاتر لە 300 كەس لە هەڵسووڕاوانی ژنان بە دەركردنی راگەیاندنێك سەبارەت بە بندەست بوونی ژنان لە ئێران هوشدارییان دا.
ئەو چالاكانە ئاماژەیان بەوەداوە سیاسەتی زۆركردنی حەشیمەتو خسووسی كردنەوەی سیستەمی تەندروستیو دەرمان بە زیانی ژنانە.
هاوكات راپۆرتەكانی باس لەوە دەكەن كۆمەڵێك لە لاوان لە شاری سنە دەسبەسەركراون بەڵام كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی ئەو دەسبەسەركردنانەیان پشتڕاست نەكردوتەوە.
بەڵام بە پێی وتەی شایەتحاڵەكان 3 چالاكی بواری مافەكانی ژنان پێش بەڕێوەبردنی رێورەسمی رۆژی جیهانی ژن لە سنە دەسبەسەركراون.
هەموو ساڵێك ژنانی چالاك لە ئێران هەوڵدەدەن كە رێورەسمی رۆژی جیهانیی ژن بە شكۆداریی بەڕێوەببەن، بەڵام هێزەكانی كۆماری ئیسلامیی بە توندترین شێوە دژی بەڕێوەچوونی ئەو رێورەسمە دەوەستنەوەو رێگە بە بەڕێوەبردنی ئەو رێورەسمە نادەن.