شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2024

دروستکردنی دەوڵەت لە نێوان کورد و جولەکەدا ⁄ هۆشیار جەمال

زۆر جار نوسەر و ڕۆشنبیرە ناسیۆنالیستە کوردەکانی نزیک لە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان باس لە هاوبەشی پرسی جولەکە و کورد ئەکەن لە ناوچەکەدا وەک دوو کێشەی مێژوویی. بەتایبەت لە پرسی دروستکردنی دەوڵەتی کوردیدا هاوشێوەی ئەو دەوڵەتەی کە جولەکە دروستی کردوە.
لە ماوەی ڕابردوودا کە کتێبی دەوڵەتی یەهوود لە نوسینی (تیۆدۆر هرتزل)م خوێندەوە. کە نیو سەدە پێش دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل نوسیویەتی، تێگەیشتم لەوەی کە چەند بە پلانی ورد و بە بەرنامە دەوڵەیەکەیان دروستکردوە، بەڵام لە کوردستان حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا پلان و بەرنامەکانیان دووبەش بووە، بەشێکی دەچێتە خانەی بازرگانی و موزایەدەکردن بە پرسەکە، بەشەکەی دیکەشی ڕێک پێچەوانەی جولەکەیە کە لەسەرتاسەری دونیاوە هاوڵاتیانی بە بەرنامە کۆچ پێکردن بۆ ئەو شوێنەی مەبەستی بوو.
هەرچی سیاسیەکانی کوردە بە پلان و بەرنامە وایان لە هاونیشتمانی کرد لە دۆخی جێگیر و کۆبۆوە لە نیشتیمانەکەی خۆیدا نەمێنێت و کۆچی ناسایی بکات بەرەو وڵاتانی ئەوروپا و بڵاوبێتەوە بە جیهاندا !

جولەکەکان لە پێش دروستکردنی دەوڵەت دەیانگوت هیچ کام لە دەستکەوتەکانمان لە دەست نادەین، بەڵكو دەیان چەسپێنین، هیچ مافێکمان بە فیڕۆنادەین لە پێناو مافێكی باشتردا نەبێت. ئەم دێرانە تێگەیشتنی ئەوانە بۆ دروستبوونی دەوڵەت، بەڵام حیزبە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان هەردەم بەهۆی شکستەکانیانەوە لەبواری پلانداندا، مەترسی لەسەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان هەیە. لە کاتێکدا کە لەشارێکی گرنگی وەک کەرکوک دەسەڵاتدار بوون، بەڵام بەهۆی شەڕی کۆکردنەوەی پارەوە نەیانتوانی مافەکانی نەتەوەکەیان لە شارێکی وەک کەرکوک بچەسپێنن.
جولەکە پێش دروستکردنی دەوڵەت بە پلان و بەرنامەی ورد بۆ ئەوەی هەستی نیشتمانی دروست بکات لەناو تاکەکانیدا، بڕیاریدا لەو شوێنی جێگیر دەبن خانوو بۆ کرێکارانی کۆچ کردووش بکات کە لەسەر خەرجی کۆمپانیا دروستدەکرێت کەنابێت ئەم خانوانە لەو خانوە ناشرین و خراپانە بچن کە لە ئەوروپا دەدرێت بەکرێکاران.

بەڵام لە کوردستان ئەم چینە چالاکەی کۆمەڵگا لە سادەترین مافەکانیان بێ بەشن. هیچ یاسایەک کارپێکەر نیە مافەکانیان بپارێزێت و بە هاوڵاتی پلە دوو سەیر دەکرێت. کەسانی بە ناو ڕۆشنبیریش لەکاتی کۆبوونەوە و کۆڕەکانیاندا، نەک هەر ڕێزیان لێناگرن، بەڵکو بە چاوی کەم دەیانبین و وەک چینێکی شکستخواردوی بێ بڕوانامە سەیریان دەکەن و جنێویشیان پێ دەدەن!

جولەکە تێروانینی بۆ کاری خێرخوازی بۆ هەژاران و دەرۆزەکەرەکان ئەوە بوو: کە پێویستە پارەیەکی دیاری کراویان پێ بدرێت و لەدەزگایەکدا کاربکەن و هەژار و دەرۆزەکەرەش بەشانازیەوە بژێوی خۆی دابین بکات.
هەرچی پلانی دەسەڵاتداری هەرێمە بۆ ئەم پرسە ئەوەیە کە دەرۆزەکەرەکان لەناوشارەکان چۆن ئێستا بڵاوبوونەتەوە هەروابن و هەژارانیش هەرکات بەرپرسێک نزیکی هەڵبژاردن بوو یان ویستی ببێتە سەردێری هەواڵەکان خۆی و کامێرەمانی کەناڵەکەی دەچێت لەو پارە دزراوەی هاونیشتمانیە هەژارەکە خۆی بڕێک پارەی دەداتێ، یاخود ڕێکخراوی بەناو خێرخوازی بەناوی کوڕ و باوک و برای کە لەژیاندا نەماون لە پارەی نەوتی ئەم باشوری کوردستانە دروستکراوە وەک خێر و سەدەقە هاوکاری هەژاران دەکرێت و لە چەندین گەشتی هەواڵدا دووبارە بڵاوی دەکەنەوە و کەرامەتی دەڕوشێنن. بەپلانیش دەیانەوێت هاونیشتمانی هەر لەدۆخی هەژاریدابێت بۆ ئەوەی هەردەم لە دەرگای ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس بێت.
جولەکە لەسەر پرسی سوپا و ئاڵا، نیو سەدە پێش دروستکردنی دەوڵەتەکەی بڕیار دەدات یەک سوپا و یەک ئاڵای هەبێت.
لە باشوری کوردستان ئەو حیزبانەی بانگەشەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دەکەن ئامادەنین هێزە ناڕێكخراوە حزیبەکانیشیان تەسلیمی حکومەت بکەن. لەنێوان دوو پارچەی کوردستاندا لەسەر پرسی ئاڵای کوردستان ڕێك ناکەوت، ئەمە لەکاتێکدا جولەکە لەچەندین وڵاتەوە هاونیشتمانی خۆی بردەوە و نیشتەجێکرد لەخاکی فەلەستین بەڵام دوو حیزبی دیاری کوردی وەک پارتی و پەکەکە کە یەکەمیان خۆی بە خاوەنی پرۆژەی دەوڵەتی کوردی دەزانێت و دووەمیان خۆی بەخاوەنی پرۆژەی دیموکراتی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت، ئامادە نین ڕێگا بدەن خەڵکی شەنگال بچێتەوە شارەکەی خۆی و دەبێت ژیان لە ژێر خێمە و ئاوارەیی لەشارێکی تر بەرێتە سەر.

لەکۆتایدا دەپرسم ئایا بەم ئەقڵیەتەوە بڕیاردرابوو ڕیفراندۆم بکرێت و دەوڵەتمان بۆ دروستبکرێت؟
ئایا ئەم ئەقڵیەتە چەند ساڵی تر حوکمی ئەم هەرێـمە دەکات و دروستکردنی دەوڵەت وەک موزایەدە دەفرۆشنەوە بەخەڵکی و لە جیاتی ئەوەی ڕۆشنبیری نەتەوەی دروستبکەن لەناو تاک بەتاکی هاونیشتمانیاندا، تاکەکان فێر دەکەن جنێو بە نیشتیمان و خاک و ئایندەی خۆیان بدەن؟

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …