عەرەبستانی سعوودی رۆژی هەینی 16ی رەشەمە بە شێوەی رەسمی رایگەیاند، رێكخراوی ئیخوانولموسلمین گروپێكی تیرۆریستیەو وڵاتی میسریش پێشوازی لەم هەوڵەی عەرەبستان كردوو هاوكات داوای لە وڵاتانی دیكەی عەرەبی كردووە ئەم هەڵوێستە لە خۆیان نیشان بدەن.
پاشای عەرەبستان رۆژی هەینی لە راگەیاندنێكی رەسمی كە لە میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاوكرایەوە، ئێخوانولموسلمین، گروپی جەبهە ئەلنەسرەو دەوڵەتی ئیسلامی عێراقو شام ناسراو بە داعشی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی ناساند.
بە وتەی هەواڵنێریی فەڕانسە، لە كۆی 22 وڵاتی ئەندامی یەكیەتی عەرەب 18 وڵات ئەم رێككەوتننامەیان واژۆ كردووە.
ئەم هەوڵەی عەرەبستان لە كاتێكدا بەڕێوەچوو كە ئەم وڵاتە رۆژی 14ی رەشەمە هاوڕێ لەگەڵ ئەماراتو بەحرەین، سێ ئەندامی شورای هاوكاری خەلیجی فارس، بە هۆی پشتگیری وڵاتی قەتەر لە ئیسلامگەراكان لەوانە ئیخوانولموسلمین باڵوێزەكانی خۆیان لەو وڵاتە بانگهێشت كردەوە.
شورای هاوكاری خەلیجی فارس كە بەرەیەكی لایەنگری رۆژئاوایە، لە دەیەی 80ی زایینی بۆ رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ پێگەی ئێران لە ناوچە خەلیجی فارس پێكهات.