لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری کامیاران ٤ هاوڵاتی هەروەها دوو هاولاتی خەڵکی پاوە و شنۆ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو ئاژانسی هەواڵدەری زاگرۆس پۆست: ڕۆژی دووشەممە ١٤ی گەلاوێژ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پاوە لاوێکیان بە ناوی “لەتیف عەبدی” دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هاوڵاتیەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی “ئاسۆ گەرمێنی” کە پێشتر بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ حیزبێکی کوردستانی دژبەری ڕژیم لەلایەن دادگای ڕژیمەوە لە شاری ورمێ حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندی شاری ورمێ کراوە.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٥ی گەلاوێژ، هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری کامیاران لانیکەم ٤ هاووڵاتی کوردیان بە ناوەکانی “بێهزاد کەمانگەر، ئارمان قەیتاسی ، بورهان کەمانگەر و سیروان مورادی” بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕژیمی ئێران دەستبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراون.