كوشتنی ژنان بە بیانوی شەرەف یەكێك لەو دیاردانەیە كە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی سێبەری ئیسلامی بەسەریدا زاڵە رۆژانە روو دەداتو لە كەمتر حاڵەت دایە كە بكوژ لە لایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە سزای خۆی وەربگرێت.
بە پێی ئامارە فەرمییەكانی كۆماری ئیسلامی ساڵانە بە دەیان كچو ژن بە بیانوی شەرەف لە لایەن كەسوكاریانەوە دەكوژرێن. بە پێی توێژینەوەكان ئەو قەتڵانە زۆرتر بەهۆی بوونی پەیوەندیی ژنانو كچان لەگەڵ پیاوانی دیكە، هەڵاتن لە ماڵەوە، مل نەدان بە هاوسەرگیریی زۆرەملێ… روویداوە. لەبەرامبەردا زۆربەی تاوانبارن لەلایەن دەزگای قەزایی دەسەڵاتی مەزهەبیی ئێران كەمترین سزا دەدرێن. بە بڕوای من هەتا كۆمەڵگا پیاوسالار بێتو یاساو رێساكان پشت بە ئایین و مەزهەب ببەستن، لەم جۆرە دیارادانە بەردەوام دەبێت.
لەم سەردەمی پێشكەوتنی تێكنۆلۆژی و بچوك بوونەوەی جیهان لەتۆڕی ئینترنێتو.. چوونە سەرەوەی ئاگاهی ژنانو كچان بووەتە هۆی ئەوەی كە چیتر وەك پێشوو ملكەچی یاسا نەنوسراوەكان نەبنو نەچنە ژێر باری كلتوری پیاوسالاری. لەبارودۆخێكی واشدا پیاوان كە نیگەرانن لەوەی دەسەڵاتی پیاوانەیان كۆتایی پێبێتو توندتیژی بەرامبەر بە ژنان لە ژێر سێبەری قانونی ئیسلامی بەردەوام دەبێت.
لە ئێران بە کردەوە هیچ یاسایەک بۆ پاراستن و پشتگیری لە ژنان لە بەرانبەر ئەو دیاردەیە نیە و هاوکات توێژی پیاوان دەزانن کە یاسایەک بۆ سزادانیان نیە و لە لایەکی دیکەشەوە کلتووری ناو کۆمەڵگا بە گشتی پشتگیری و پێشوازی لە تاوانباران دەکات و بکوژەکان بە شیاوی کوشتن دەزانن. لە راستیدا توندوتیژی لە دژی ژنان مێژووەیەکی کۆنی هەیە و چونکە لەم نێوەدا پرسی شەرەفی بنەماڵە لە نێواندایە زۆر تاوان لە دژی ژنان ئەنجام دەدرێت کە کۆی کۆمەڵگا لێی ئاگادار نیەو زۆرێک لەو تاوانانە لە بێدەنگیەکی تەواودا بەڕێوە دەچێت. لە کۆمەڵگا سوننەتیەکاندا ژنان خاوەنی سەربەخۆیی خۆیان نین و ئەوە پیاوانن کە بڕیار لە چارەنووسیان دەدەن، بۆیە ئەم ناسەربەخۆییە لە راستیدا لە رەوتی کۆمەڵگا ژنان دەکاتە کۆیلە، بە جۆریکە پیاو دەبێتە خاوەنی کۆی بوونی ژن. کلتووری کۆمەڵگای دواکەوتووانەو عەشیرەیی بە جۆرێک داڕێژراوە کە خاوەندارێتی لە ژن دەکاتە بەشێکی گرینگی پێناسەی پیاوان و هەرجۆرە لادان لەو کلتوورەش دەبێتە هۆی سەرکۆنەکردنیان. بە پێچەوانەی قەتڵەکانی ئاساییەکانی دیکە کە روودەدەن، لە قەتڵی نامووسیدا ئەوەی کە تاوانەکە ئەنجام دەدات هیچ هەوڵێکی بۆ خۆدزینەوەو دەربازبوون نیە و بە شانازیشەوە پشتگیری لە کردەوەکەی دەدات. بۆیە تا ئەو کاتەی گۆڕانکاری لە یاسای بنەڕەتیدا پێک نەیەت و هاوکات کۆی کلتووری پیاوسالارانەی دژە ژن لە کۆمەڵگا کۆتایی پێ نەیەت، ئەم کارەساتانە بەردەوام دەبن.
قەتڵی ناموسی یەكێك لەو دیاردانەیە كە بە پێچەوانەی هەموو كوشتنەكان، لە قەتڵی ناموسی بكوژ هەڵنایەتو بە ئاسانی خۆی رادەستی پۆلیسو دەزگای قەزایی دەكات، زۆرجار بنەماڵەی كوژراوەكە خوازیاری بە سزاگەیاندنی بكوژەكان نابن، زۆر جاریش ئەو كوشتنەیان بە ئەركو وەزیفە زانیوەو بۆ كەمكردنەوەی سزاكە داوای لێبوردنیان كردوە.
ئەمەش بە پشتبەستن بە یاسا ئیسلامییەكان سزادانی بكوژان سەختتر دەكات. بۆ نمونە بەپێی مادەی 220ی قانونی سزای ئیسلامی هەركات باوك یان باپیرە توشی قەتڵی ناموسی ببێت، قساس ناكرێتەوەو تەنیا لە روانگەی گشتیی تاوانەوە دادگایی دەكرێت. مادەی 208یش دەڵَێت هەركات كەسێك توشی كوشتنی راستەوخۆ بوو و هیچ كەس سكاڵای لەسەر نەبوو، یان ئەگەر سكاڵاكاری هەبوو بەڵام داوای قساسی نەكردبێتو ئەم كەسە بە سزای زیندان لەسێ ساڵ تا 10 ساڵ مەحكوم دەبێت.
كوشتن لەسەر شەرەف و ناموس دیاردەی دزێوی وڵاتانی ئیسلامییەو كۆماری ئیسلامیش وەك یەكێك لەدواكەوتووترین دەسەڵاتی ئیسلامی ناوچەكە بەردەوام پەرەی بەم دیاردەیە داوە.