دیمەنێکی جوان لە نزیک شاری ڕەواندوز کە لە باشوری کوردستان هەڵکەوتوە.
کاتێک شڵپەی خوێن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەیشتە گوێی مێژوو و ، سنوورەکان و دیوارەکان ئامێز و باوشیان لە یەک دوور دەکردەوە و،دوژمن شاخ و بناری لە بزمار دابوو ،بۆ دیداری هاوڕێیان و دۆستان و ناسراوان لە شاری سلێمانی سەرم دەرهێنا . دڵم بە ” ئازادی “و چەشنێک لە ئێدارەی باشوری کوردستان و نەمانی کولتوری کوڵە دیکتاتور و سیستەمی بەعسی فرە خۆش بوو . لە سەر دڵم بار بوو ، بۆ حیزبەکانی باشوری کوردستان لە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی نەتەویی دەترسن ؟ بۆ پلاتفورمێکی مودێڕن لە سەر خاڵە هاوبەشەکان ئیمزا ناکەن ؟ بۆ پێشمەرگە ئازا و قارەمانانەکانی باشوری کوردستان ، کە بۆ ئاشتی دەمرن و لەگەڵ شەڕ دەجەنگن لە ناو هێزی ئەرتەشی میللی کوردستان کۆ ناکەنەوە ؟ بۆ حیزبایەتی تۆخ لە هەموو جمگە ودمارەکانی کۆمەڵگا ئاژین بووە وفرە گرینگە ؟ بۆ سیستەمی پەروەردە و بارهێنان نرخی شیاوی نیە ؟ سیستەمی بەڕێوە بەری لە باشوری کوردستان لە سەر پایە و بناغەی رەیعی ” سوو ” ببنیاد نراوە . کۆمەڵگایەکی تاقانەی بەرخوریی ( مەسرەف ی ) داسەپێنراوە . ماسمێدیاش لە باشووری کوردستان یارمەتیدەری پڕۆسەی بەرخۆرییە . ئابوری نەوتی خاو ، فرۆشتنی نەوت لە بازاڕەکانی دونیا، شادەماری دیاردەی بەرخۆری لە باشوری کوردستانە . باشوری کوردستان بووە بە بازاڕی مەسرەفی کەل و پەلە بێ نرخەکان . دەسەڵاتدارانی ئێرانی و تورکیایی و عەرەبی ، خەریکی تاڵان و وێران کردنی کوردستانن . حیزبەکانی باشور کۆمەڵگایەکی بێ کار و بێ بەرهەم دەپارێزن . زڵهێزێک وەک وڵاتی چین ، کالای زۆر خراپ کە بەئاشکرا هیچ چەشنە فاکتورێکی تەندروستیان نیە و هەڕەشە لە تەندروستی جەماوەر و ژینگە دەکەن ، بەلێشاو بەرەو بازارەکانی باشور هەناردە دەکات . تورکیا و ئێرانیش بەشێوەیەکی تر کەل و پەلی ناتەندروست بەرەو بازاڕەکانی باشور هەناردە دەکەن . بە هۆی بەکارهێنانی کەرەسە و ماتریالی کیمیایی و ڕەنگە ژهراویەکان ،کەل و پەلی ئەم وڵاتانە سەرچاوەی نەخۆشینی دەردناک و پیس بوونی بەربڵاوی ژینگەن . خۆش بینیەکی کاڵ فامانە سەبارەت بە کالاکانی وڵاتی چین و تورکیا و ئێران پەرەی سەندووە . بەرخۆریی لە باشور خەریکە وەک ئەندیشە و بیر و باوەڕ و کولتور جێ دەکەوێت . بێگومان ئەم دیاردەیە فرە سامناک وترسناکە و زامەکانی جەماوەری ڕەنجبەر و هەژار دوو هێندە قوولتر دەکاتەوە. “دەسەڵاتی کڕین” تادێت لاواز تر دەبێتەوە . بەهیچ شێوەیەک ،ڕەوتی ئابوری تەندروست نیە وبەرەو داڕزان و تێداچون ملی ناوە و ، لە کاناڵی گەشە و هەڵدان دوور کەوتوەتەوە . سەنعەت و کشت وکاڵ ، ڕوو لە گەشە نیە و تەنانەت تەڕەکاڵ و سەوزی و مێوە و پێداویستیەکانی ژیان ودەرمانی کات بەسەر چوو لە تورکیا و ئێرانەوە دێن . ئەمە لە حاڵیکدایە کە باشوری کوردستان خاوەنی دەشتی شارەزوور ، دەشتی کەرکووک ، دەشتی هەولێر و دەشتی شارباژێڕە . دەیان جێگای توریستی و گەشتیاری و ڕووبار وکوێستان و بناری دڵڕفین وکانیاوی هەزار نۆش و سازگارەی هەیە. کە ئەم فاکتۆرانە پوتانسیل و زەرفیەتی باڵا بە ئابوری شارۆمەندانی باشور و حاکمیەت دەبەخشن و ، دەتوانن یارمەتیدەری گەشەی ، سەنعەتی پێشکەوتوو و کشت وکاڵی مودێڕن وگەشتیاری بن . 20190515
………………………………………………………. * بەرخۆریزم و مەسەرەفیزم دوو وشە هامانان .
بۆ زانیاری زۆرتر
بەزمانی کوردی : ١- لە چ ئێستایەکدا دەژین ؟ مەریوان وریا قانیع
٢- درۆ و دراو ، نەوشیروان مستەفا ئەمین ساڵی ٢٠١١
بە زبان فارسی : ١- انقلاب رۆژآوا ، مترجم مراد عظیمی
Revolution in Rojava by, Michael knapp , Anja Flach and Ercan Ayboga
٢- دکترین شوک از آنومی کلاین ، ترجمە مهرداد شهابی و میر محمود نبوی
The shock doctrine , the rise of disaster capitalism 2007