یه‌ك شه‌ممه‌ 24 تشرینی دووه‌م 2024

ناوەندی هاوكاریی پلاتفۆرمی كاری هاوبەشیان بڵاوكردەوە

ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران كە نزیكەی ساڵێكە دامەزراوە، پلاتفۆرمی “ئامانجەكان، ئەركەكان‌و پرەنسیپە گشتییەكانی ناوەندی هاوكاریی”یان بڵاوكردەوە.
دەقی پلاتفۆرمەكە بخوێنەرەوە:

ئامانجەکان، ئەرکەکان و پرەنسیبە گشتییەکانی
ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران
پێشه‌كی:
پێویستیی هاوخەباتی و کاری هاوبەش لە نێوان هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، لە مەش زیاتر، پێویستیی پێکهاتنی بەرە یا هاوپەیمانەتییەک لە حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانی ئێران، لە مێژ ساڵە هەستی پێ دەکرێ و بووە بە ویست و داوای هه‌نوكه‌یی خەڵکەکەمان.
لە درێژەی دیدار و دانیشتنە چەند قۆڵیەکانی کۆمەڵێک حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی کوردستانی ئێران لە ساڵانی رابردوودا و ئەزموونی پێکهاتنی کۆمەڵێک هاوهەڵوێستی و هاودەنگی لە نێوانیاندا، کۆبوونه‌وه‌ی هاوبەشی سەرکردایەتیی 5 حیزبی کوردستانی ئێران لە ٩/١/٢٠١٨(١٩ی بەفرانباری ١٣٩٦) ، بڕیاری دامەزراندنی ناوەندێکی هاوکاری بە ئامانجی په‌ره ‌پێدانی هاوکاری و کاری هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان، پەسند کرد. هەموولایەنە بەشدارەکانی ئەو کۆبوونەوەیەش لە سەر پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی کوردستانی که‌ هێزو توانایی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردستانی ئێران بۆ کاری هاوبه‌ش کۆ بکاته‌وه‌ و له‌ ئاستی گشتی و نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، نوێنه‌رایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی کورد له‌ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکا، وەک ئامانجی سەرەکیی ئەم ناوەندە، تەئکیدیان کردەوە. “ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران” لە دووهەم دانیشتنی ئەو ٥ لایەنە سیاسییە دا کە ڕۆژی ٣٠ی بەفرانباری ١٣٩٦پێک هات، دامەزرا و بە ڕەسمی دەست بە کاربوونی خۆی ڕاگەیاند.
ناوه‌ندی‌ هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران لە کاتی پێکهاتنیەوە تا ئێستا لە دانیشتنەکانی خۆی دا، زۆر پرس و بابەتی جۆراوجۆری پێوەندیدار بە حیزبە سیاسییەکان و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستانی هێناوەتە بەر باس و هەڵویست و پەیام و بانگەوازی خۆی لە بارەیانەوە راگەیاندوە. ڕێنوێن و ڕێنیشاندەری ئەم ناوەندە لە هەڵویستگرتن و تێکۆشانی دا، کۆمەڵێک ئامانج و پرەنسیپی سه‌ره‌كین کە لە بەرنامەی سیاسی و پەسندکراوەکانی هەر کام لە لایەنەکانی پێکهێنەری ناوەند دا، رەنگیان داوەتەوە. ئامانجەکان و پرەنسیپە هاوبەشەکان کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دوای زنجیرەیەک باس و بیروڕاگۆڕینەوە، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی
۲۲ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی پەسندی کردوون و، بۆ جێبەجێکردن و وەدیهێنانیان تێ دەکۆشێ، ئەمانەن:
ئامانجەکان، ئەرکەکان و پرەنسیبە گشتییەکان
1- ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران، نوێنه‌رایه‌تیی بزووتنه‌وه‌ی گه‌ڵی کورد بۆ ‌ده‌سته‌به‌ر كردنی مافه‌ سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئەو گەلە له‌ چوارچێوه‌ی ئێرانێكی دێموكرات، سێكۆلار و فیدراڵ‌دا ده‌کات کە مافی نه‌ته‌وه‌كان و كه‌مایه‌تییه‌ ئایینیه‌كان، مافی شارۆمه‌ندی و نێوەرۆکی جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌كانی مرۆڤ، دابین بکات.
2 –ناوه‌ندی هاوکاری میکانیزمی‌ کاری هاوبه‌ش لە نیوان حیزب و لایه‌نه‌‌ سیاسیه‌کانی گۆره‌پانی خه‌بات‌ له‌ کوردستانی ئێرانە‌ و سه‌ره‌کیترین ئه‌رکی ئه‌م ناو‌نده‌ وه‌گه‌ڕخستنی پڕۆسه‌ی پێکهێنانی به‌ره‌یەکی کوردستانی پێکهاتوو‌ له‌ حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی كوردستانی ئێرانه‌.
3- پێکهێنانی یه‌کهه‌ڵوێستی و كۆده‌نگی لە نێوان حیزبەکانی رۆژهەڵات له‌ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕووداو، ئالوگۆر و پرسەکانی پێوەندیدار به‌ ئێران و کوردستانی ئێران، كار و نوێنه‌رایه‌تی هاوبه‌ش بۆ كوردستانی ئێران له‌ بواری نێونه‌ته‌وه‌یی وهەر وەها لە بارەی پرسەگرنگەکانی پێوەندیدار بە نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە ئەرکە بنەڕەتییەکانی ئەم ناوەندەیە.
4- ئه‌وله‌وییه‌تی ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران، هه‌وڵ و تێکۆشانی خه‌باتکارانه‌ی ئه‌ندامانی ناوه‌نده‌ بۆ دابینکردنی یەکگرتوویی و کۆدەنگیی نێوان هێزه‌ سیاسیه‌کانی ئەم بەشەی کوردستان، پشتیوانی له‌ ئازادی سیاسی به‌ گشتی و ئازادی ڕێكخراوه‌ سیاسی و پیشه‌ییه‌كان و هه‌روه‌ها لێکگرێدانی خه‌باتی خه‌ڵك و حیزبه ‌سیاسییە خەباتکاره‌کانی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە پێناوی کۆتاییهێنان بە ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی‌‌ له‌ کوردستانی ئێران و دابینبوونی مافەکانی گەلی کورد.
5-ناوەندی هاوکاری، پشتیوانی خه‌باتی ژنانی کوردستان له‌ پێناو یه‌كسانی ڕه‌گه‌زی له‌گه‌ڵ پیاوان له‌ هه‌موو بواره‌كان و داخوازییه‌كانیانە و، تێده‌كۆشێ لە لایەکەوە بوار بۆ بەشداریی زیاتر وچالاکانەتریان لە خەباتدا بڕەخسێنێ، لە لایەکی تریشەوە پرسی ڕەوای ژنان و داخوازەکانیان بۆ یه‌كسانی له‌گه‌ڵ پیاوان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و حەقخوازانەی کوردستانی ئێران، جێگە و پێگەیەکی دیار و سه‌رده‌میانه‌ی هەبێ.
6-‌ناوەندی هاوکاری لە گەڵ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌ هه‌موو شكڵ و شێوازه‌كانی خه‌بات دایە. ئەم ناوەندە هاندەر و پشتیوانی هاوده‌نگی و یەکگرتوویی نێوان خه‌باتكارانی مه‌ده‌نی، سیاسی، فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتە و لە سەر ئەم باوەڕەیە کە پێوەندیی نزیک و ڕێز لێکگرتنی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و بزووتنەوەی مەدەنیی نیوخۆ، زامنی بە هێزبوونی بزووتنه‌وه‌ی نەتەوەیی وئازادیخوازی لە کوردستانی ئێران لە تەواوەتیی خۆی دایە.
7- له‌ ئاستی سه‌رانسه‌ری(ئێران)دا، ناوه‌ندی هاوکاری پشتیوانی له‌ خه‌باتی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئازادیخوازی ئێران‌ دژی ڕێژیمی دیکتاتوری کۆماری ئیسلامیی ئێران و نه‌مانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ دەکا و، له‌م قۆناغه‌ی ئێستای خه‌باتدا ئامانجه‌ گشتییه‌كان و سیاسەت و هەڵوێستی بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی كورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، بەرامبەر پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان و له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، یەک دەخات.
8- گرنگیدان و هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی دێمۆكراسیخوازانه له‌ ئێران‌ و پێکه‌وه‌ گرێدانی بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی کورد و نه‌ته‌وه‌ بندەستەکانی دیكه‌ی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی له‌ دژی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئیران، به‌شێك له‌ سیاسه‌تی هەمیشەیی ناوه‌ندی‌ هاوکارییه‌. بنەمای ئەم ناوەندە بۆ هاوکاری وهاوپەیمانی لە گەڵ هیز و لایەنە سەرانسەرییەکانی ئێران لە پێوەندی لە گەڵ داهاتووی ئێراندا، به‌ ره‌سمییه‌ت ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان به‌ تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌، قبووڵکردنی دێمۆكراسی و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەکە‌.
9- ناوەندی هاوکاری، بە سازدانی دیدار و چاوپێكەوتن‌‌ له‌گه‌ڵ ناوه‌نده ‌نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی بڕیار، بۆ راکێشانی ڕای گشتی و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی لە خەباتی گەلی کورد و داخوازەکانی ئەو گەلە تیدەکۆشێ. گوتاری ئەم ناوەندە له‌ بواری نێونه‌ته‌وه‌یی و دیپلۆماسیدا داواكارییه‌ بۆ ئێرانێكی ئازاد و لە ئاست کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیدا دەروەست(متعهد) كه‌ پشتیوانی له‌ تیرۆریزم، ده‌ستێوه‌ردان و شەڕخوازی له‌ ناوچەدا‌ رەت بکاتەوە، بوون ومافی نه‌ته‌وه جۆراوجۆرە‌کان‌ و ئایین و كه‌مایه‌تییه‌ جیاوازەكان لە نیو ئیراندا به‌ره‌سمی بناسێت.
10- بنەمای هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی ناوه‌ندی هاوكاری له‌ ئاست وڵاتانی پێوه‌ندیدار‌ به‌ پرسی كورد لە ناوچەدا‌، بەرژەوەندەی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەک و، لە لایەکی دیکەوە ئەو پره‌نسیبه‌یه‌ كه‌ زیان و خه‌سار به‌ بەرژەوەندەی نەتەوەیی لە به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان نه‌گه‌یه‌نێت. ئامانجی ناوەندی هاوکاری، پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی كورد لە رۆژهه‌ڵاتی کورستانە.‌ ئەم ناوەندە ده‌ستێوه‌ردان و به‌دیل سازی له‌ هه‌ربه‌شێکی دیکه‌ی کوردستان ڕه‌د ده‌كاته‌وه.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
۲۲ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …