ڕێکخراوی مامۆستایانی ئێران لە نامەیەکی سەر ئاوەڵادا وێڕای رەخنەگرتن لە جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی حەسەن ڕوحانی لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی لە بارەی ژیان و، گوزەرانی مامۆستایان ڕخنەیان گرت و خوازیاری چارەسەریی و جێبەجێ بوونی کێشە و گرفتەکانیان بوون.
ئەو ڕێکخراوەیە لە نامەکەیاندا باسیان لەوە کردووە کە بە سەرنجدان بە ناڕەزایەتیەکانی حەوتووی ڕابردوو وخۆڕانەگرتنی ئەو دۆخە، چاوەڕوان دەکرێت کە بەشێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتیەکان سەر لە نوێ دەست پێبکەنەوە و پرۆسەی پەروەردە ڕابگرین.
هەروەها لە نامەکەیان دا بۆ حەسەن ڕوحانی ئاماژە بەوە کراوە کە ئاخر ئاگاداری ئەوە نیت کە زۆربەی مامۆستایان لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و، گرانیی بازاڕ و چووونە سەری نرخی کەل و پەلەکان لە توانای کڕینی مامۆستایاندا نییە؟
لە ساڵانی ڕابردوودا مامۆستایان چەندین جاربۆ زیادکردنی مووچە و داواکاریەکانیان ناڕەزایەتیان دەربڕیبوو و لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە ٢٢ و ٢٣ ڕەزبەر لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا دەستان دایە مانگرتن و لە قوتابخانەکان مانیان گرت.