شەوی ڕابردوو دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری سەڵماس، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕژیم بە قورسی بریندار بوون و باری تەندروستیان ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
هێزە چەکدارەکانی ڕژیمی ئێران لە کوێستانی “چلمێری شەهیدان” لە سنووری ورمێ تەقەیان لە کاروانی کۆڵبەران کرد، و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “عەبدولعەزیز فەنەکی و میر حاج عەلیزادفە” بە قورسی بریندار بوون و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.
بە پێی هەواڵەکان باری تەندروستی عەبدولعەزیز فەنەکی نالەبارە و لەژێر چاوەدێریی تایبەتی پزیشکیدایە.
جێگەی ئاماژەیە کە ڕژیمی ئێران بە شێوەی سیستەماتیک دەستی داوەتە کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرانی کورد کە بۆ بژیوی ژیانی خۆیان،کۆڵبەری دەکەن،کە هەموو ڕۆژێک هەواڵی کوشتن و بریندار بوونی کۆڵبەرانی کورد بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبیسین و دەبینین.