کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەوڵاوا لە کاتی کۆڵبەری دەکەوێتە خوارەوە و بریندار دەبێت،هەروەها کۆڵبەریکی دیکە خەڵکی شاری بانە بە هۆی تەقەی هێزە نیزامیەکانی ڕژیمەوە گیان لەدەستدا.
ڕۆژی هەینی ٩ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “ئەسعەد فەرەجی” خەڵکی ئاوایی “باراماوا” سەر بە شاری سەوڵاوا لە کاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییەکانی گەردەنەی تەتە لە ناوچەی هەورامان دەکەوێتە خوارەوە کە بەو هۆیەوە برینداردەبێت.
ئەم کۆڵبەرە کوردە لە ترسی تەقەی هێزەکانی ڕژیم ڕێگایەکی دژواری دیکەی هەڵبژاردووە کە بەو هۆیە لە بەرزای دەکەوێتە خوار و بە سەختی بریندار دەبێت و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سنە کراوە.
هەروەها ڕۆژی شەممە ١٠ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی “مەحموود کتابی” خەڵکی شاری بانە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سەر سنوور گیانی خۆی لە دەست دا.
هەر لەو پەیوەندیەدا ڕۆژی ٧ی خەرمانان لە سنووری (گۆلی مراویان) کاروانێکی کۆڵبەران دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامیەکانی ڕژیم و دەدرێنە بەر دەسڕێژی گولە و لە ئاکامدا ٣٥ ئەسپی ئەو کاسبکارانە دەکوژرێن.