شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2024

ئاوڕدانەوەیەكی كورت بەسەر باشوری كوردستان

23 ساڵ بەسەر راپەڕینە شكۆدارەكەی باشوری كوردستان تێدەپەڕێت بەڵام پاش زیاتر لەم دوو دەیەیە نەیاتوانیوە وڵامدەرەوەی ویست‌و داخوازیەكانی جەماوەری خەڵكی كوردستان بن، بۆیە رۆژانە لە زۆربەی شارو شارۆچكەكانی كوردستان ناڕەزایەتی‌و بەرەبەرەكانێ لەگەڵ حكوومەت هەیە. هاوكات حكوومەتی هەرێمیش نەیتوانیوە پێگە‌و جێگەیەكی قووڵی كۆمەڵایەتی بۆ خۆی دابین بكات كە لە ئەگەری رووداوو پێشهاتەكانی داهاتوو بە بێ دڵەڕاوكێ بەرەوڕووی گرفت‌و مەترسیەكان بێتەوە.

هەر بۆیە ئەمڕۆ لە كوردستان پرسی ئەمنیەتی كۆمەڵایەتی یەكێك لە گرینگترین باسەكانی رۆژە كە بە پانتاییەكی گەورە لە نێو جەماوەری خەڵكی باشووری كوردستان، دەدرێتە بەرباس‌و لێكۆڵینەوە‌و رەنگدانەوەی گرفتەكانی ئەم بوارە لە دام‌و دەزگاكانی میدیای كوردیی بە بەرفراوانی دەردەكەوێت.
كاتێك لە كۆمەڵگا بواری ئەمنیەت‌و ئاسایش دەكەوێتە مەترسیەوە، ئەم پرسە وەك مۆتەیەك بەرەو ناخی كۆمەڵگا رۆ دەچێت‌و لە راستیدا ئەم هەستكردن بە مەترسیە زۆرتر لە ناو خەڵكدا خۆی نیشاندەدات. یان بە رواڵەتێكی دیكە دەتوانین بڵێین دڵەڕاوكێیەكی كۆمەڵایەتی لە ناو جەماوەری خەڵكی باشوری كوردستان دەبینرێت كە دەتوانین ئاماژە بە چەندین خاڵ بكەین كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئەم دۆخە بووە، بێ توانایی حكوومەتی هەرێم لە وەڵامدانەوە بە خواستەكانی خەڵك‌و بێ متمانەیی بەرانبەر دەسەڵاتی سیاسی لە كوردستان.

پەرەسەندنی هەندێك دیاردەی وەك كوشتن‌و دزی، بارمتەگرتنی خەڵك بە مەبەستگەلی جۆراوجۆر چ بۆ وەرگرتن پارە یان تۆڵە ئەستاندنەوەی عەشیرەیی، سووكایەتی‌و بێحورمەتی‌و گەلێك دیاردەی دیكە وایكردووە كە رۆژ لەگەڵ رۆژ خەڵكی كوردستان بەرەو بێ هیوایی هاندەدات. دیارە لە ساڵانی رابردوودا دەسپێكردنی كۆمەڵێك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەرێم مەجالێكی بۆ سەرمایەگوزاری كردبووەوە كە خەڵكانێك بتوانن لە درێژەی پرۆژەكانیان كار بۆ گەشانەوەی كۆمەڵگای كوردیی لەم باشوورە بكەن، بەڵام ئێستاكەش‌و بەم دۆخەی هاتوەتە پێشەوە تەنانەت ئەم توێژەش هەست بە ئەمنیەتی كاری‌و سەرمایەگوزاری ناكەن‌و رۆژانە كەشی چالاكی كردنیان لێ بەرتەسك دەبێتەوە. بۆیە ئەم دۆخە لە راستیدا بۆ هەرێمێك كە ملی بەرەو پێشوەچوون ناوە دەتوانێ رێڕەوەكەی بگۆڕێت‌و سیمایەكی لێڵ لە حكوومەتی هەرێم نیشان بدات.

لەم نێوەدا‌و بە پەرەسەندنی دۆخی لەو چەشنە بڕوا بە حكوومەت كەم دەبێتەوە‌و ئەگەر ئەم بێ ئاسۆییە بەردەوام بێت لەوانەیە رەوابوونی حكوومەت بكەوێتە ژێر پرسیارەوە. ئێستا لە نێو خەڵكدا ئەو هەستە رۆژانە بەهێز دەبێت كە گوایە حكوومەتی هەرێم توانایی دابینكردنی ئاسایش‌و ژیانی خەڵكی نییە‌و ناتوانێت بیانپارێزێت، یان گەلێك جار دەبیسرێت كە گروپ‌و لایەنگەلێكی ناو دەسەڵاتی سیاسی لەگەڵ گروپە مافیا‌و مەترسیدارەكان دەستیان هەیە‌و لەوانەشە پرۆژەی هاوبەشی درێژخایەنیان بێت.

بەم واتایە دەكرێ بڵێین ئاماژەكانی سەرەوە بەستێنێكی ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتی دەڕەخسێنێت‌و لەم دۆخە هەستیارەی هەرێمی كوردستانیش لەوانەیە جووڵەیەكی كۆمەڵایەتی ببێتە هۆی ناڕەزایەتیەكی بەرین كە لەو كاتەشدا لایەنگەلێك هەن كە مەترسیان بۆسەر داهاتووی ئاسایش‌و سەقامگیری هەرێمی كوردستان هەیە كە لە راستیدا خۆی لە ناو رەوتە ئیسلامیەكان دەبینێتەوە. بوارێكی گرینگی دیكەی حكوومەت خزمەتگوزاری گەیاندن بە خەڵكە، ئەگەرچی ئەمنیەت‌و ئاسایشی گشتی پرسێكی گرینگە بەڵام نابێ هەموو وزەو توانای دەسەڵات تەرخان بكرێت بۆ ئەم بابەتە‌و بە بیانووی بوونی مەترسی ناوخۆیی یان دەرەكی، بایەخ بە خزمەتگوزاریە گشتیەكان نەدرێت. كەواتە ئەركێكی گرینگتری دەسەڵاتی سیاسی لەم هەرێمە هەوڵدان‌و بە هاناچوونی كێشە‌و گرفتەكانی خەڵكە‌و چارەسەركردنیشی ئەركی سەرشانیەتی.

ئەگەرچی ئێمە دەبینین كە خزمەتگوزاری دەسەڵاتی سیاسی لە نێو میدیاكاندا بڵاودەكرێتەوە‌و پێشكەوتنەكان نمایش دەكرێن، بەڵام پێناسەی خزمەتگوزاری گشتی ئەوەیە كە هەموو دانیشتووانی كۆمەڵگا لێی بەهرەمەند بن‌و هەموو چین‌و توێژەكانی خەڵك بتوانن كەڵكی لێوەربگرن. بۆیە شیاو نیە كە لە هەندێك شوێنی ئەم هەرێمە خەڵكانێك لە بوونی خزمەتگوزاریەكان‌و پێداویستیە گشتیەكانی وەك ئاوو كارەبا بێبەش بن‌و گەلێك جاریش هێنانی رۆژانەی هەزاران تۆنی خۆراكە ماوە بەسەرچووەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیە مەرگ هێنەرەكان.

گرفتێكی دیكەی بواری خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستان مەسەلەی هەڵسووكەوتی بەرپرسان‌و كارمەندانی ئیدارە‌و دام‌و دەزگاكانی حكوومەتە كە بە گشتی لە وڵامدانەوە بە داواكاری شارۆمەندان بێ توانان‌و ئەم بێ تواناییەش زۆر جار بوەتە هۆی سووكایەتی پێكردن بە خەڵك‌و لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە كە هیچ ناوەندێك بۆ بەدواداچوونی ئەو جۆرە كێشانە نیە كە لە ئەگەری هاتنەئارای گرفتی ئیداری لەگەڵ كەسی بەرپرس بتوانیت كێشەكەی لەگەڵ باس بكەیت. بەمشێوە جۆرە بێ متمانەییەكی كۆمەڵایەتی لەناو خەڵكدا پەرە دەسێنێت كە لەوانەیە لە پرۆسەیەكی درێژخایەن كۆمەڵگا تووشی تەقینەوەی گەورە بكات.

وشیاربوونەوەیەكی گشتی بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی كوردستان پێویستیەكی مێژووییە بەجۆرێكە حكوومەت دەبێ بپەرژێتە سەر هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوو بۆ خەڵك هاتوەتە پێشەوە‌و تا ئێستاش بێ چارەسەر ماوەتەوە. حكوومەتی هەرێم پێویستە لە هەردوو رووبەڕی ناوخۆیی‌و دەرەكی ئاوڕدانەوەیەك لە سیاسەت‌و كردەوەكانی بكات‌و كۆمەڵگای كوردیی لەم فۆرماڵبوونە خۆی رزگار بكات‌و هەنگاو بەرەو بە سیستەم بوون‌و یاساییكردنەوە هەڵبگرێت، واتە هەر تاكێكی كاربەدەستی حكوومەت لە بەرانبەر ویست‌و داخوازیەكانی جەماوەردا بەرپرسیار بێت.

کەریم کەریمی

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.