هاووڵاتیەکی کوردی خەڵکی شاری پاوە کە تووشی نەخۆشینی “فێ”یە، لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و پاشان دەستبەسەر کراوە.بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی “زاگرۆس پۆست”، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پاوە، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕ، لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی شاری پاوەوە بانگهێشت و پاشان دەستبەسەر کراوە.
شوناسی ئەم هاووڵاتییە کوردە، “سۆران ئەحمەدی” ڕاگەیاندراوە.
ناوبراو تووشی نەخۆشینی “فێ”یە و ئێستاش بنەماڵەی، بە هۆی ئەوەی کەلە کاتی بانگهێشتکرانی بۆ دەزگای ئیتلاعات، دەرمانەکانی پێ نەبووە و دەستبەسەر کراوە، لە بارودۆخی جەستەیی و سڵامەتی کوڕەکەیان ، نیگەرانیان دەڕبڕیوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری “زاگرۆس پۆست” لە شاری پاوە ڕایگەیاند کە ؛ ” دەزگای ئیتلاعات هیچ وەڵامێکیان بە بنەماڵەی ” سۆران ئەحمەدی” نەداوەتەوە و هەر بەم هۆیەشەوە بنەماڵە و نەزیکانی سۆران ، لە بەر فەرمانداری ئەم شارە دەستیان داوەتە مانگرتن “.
شایانی باسە، لە ڕۆژی ٢٢ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، “سۆران ئەحمەدی” بە تۆمەتی ” پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کانی سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان” دەستبەسەر و بەدوای ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەر بوونی، بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کراوە.
هەروەها ” فەرید ئەحمەدی” برای “سۆران ئەحمەدی”، بۆ ماوەی دە مانگ زیندانی کراوە و بە دوای تێپەڕ بوونی حوکمەکەی، بەهاری ئەمساڵ لە زیندان ئازاد کراوە.
گوشار و دەستبەسەر کردنی هاووڵاتیان کورد لەم ماوەدا ، سێبەری بەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵات کوردستان خستووە و بەردەوام دەستبەسەر کردنەکان بە هۆکاری جۆراوجۆر لە کوردستان ڕووی لە بەرز بوونەوە گرتووە.