چالاکێکی سیاسی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە،لە لایەن هێزەکانی سەربەئیتلاعاتی شاری نەغەدەوە دەسبەسەرکرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی زاگرۆس پۆست، ئهمڕۆ سێشەممه ١٩ی پووشپەڕ، “شەهاب ئەحمەدی ئازەر”، خوێندکاری قۆناغی دکتورای “بایۆمیکانیک” لە یەکێک لە شارەکانی پارێزگای تەورێز و چالاكی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی و خەڵکی شاری نەغەدە ، له لایهن هێزەکانی سەربەئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکراوە.
پێشتر لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ ، حوکمی ٦مانگ و یەک ڕۆژ زیندان و هەروەها لێدانی ٦۰ قامچی و یەکساڵ دەرکردنی بە شێوەی کاتی لە خوێندن لە قۆناغی دکتورا، بە سەر ناوبراودا سەپاندبوو ، بەڵام هێشتاڕوون نییە کە هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئهمڕۆی ئەم چالاکە له لایهن ئیتلاعاتی ڕژیمەوە بۆ بهڕێوهچوونی حوكمە کەی بووە یان دیسان تاوانێکی نوێیان بەسەردا سەپاندووە.
ناوبراو بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەل یەکێک لە حیزبەکانی سەر بە ڕۆژهەلات” و هەروەها “کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە سەرەتای ساڵی ۹۵ هەتاوی، لە شاری نەغەدە” دەسبەسەر کراوە.
شایانی باسە “شەهاب ئەحمەدی ئازەر” لە کاتی “ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستان” هەڕەشەی دهسبهسهركردنی دووبارە و کردنەوەی دۆسیەی جیاوازی لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتەوە لێ کراوە.
ناوبراو خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە و پێشتر لە ساڵەکانی۸۱ – ۹۱ – ۹۳ بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان و چالاكی لە دژی نیزام دەسبەسەر کرابوو و پاش تێپەراندنی حوکمەکەی ئازاد بووە .
جێگای ئاماژەیە ناوبراو پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنی ژینگە پارێزی “هەتاو” بووە کە لە ساڵی ٨٧ی هەتاوی داخراوە و بەڕێوەبەرایەتی ناوەندێکی نافەرمی بە ناوی ” کۆتر”ە بە ئەستۆ بووە کە لە بواری توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و ئاشتی،چالاکی هەبووە.