کڕێکارانی شارەوانی مەریوانی، ناڕەزایەتی خۆیان لە لە بەرانبەر بنای شارەوانی شاری مەریوان دەربڕی.
بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی زاگرۆس پۆست گەیشتووە، ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ١٦ی پووشپەڕ، کریکارانی شاری مەریوان، لە بەرانبەر بنای شارەوانی ئەم شارە ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر مووچەی وەداکەوتوویان دەربڕی و مانیان گرت.
یەکێک لەو کرێکارانە کە لە درکاندنی ناوی، خۆی بوارد بە هەواڵنێری “زاگرۆس پۆست” لە شاری مەریوان ڕایگەیاند کە، “شارەوانی شاری مەریوان ماوەی ٩ مانگە مووچەی بە کرێکاران نەداوە و کاتێکیش کە ناڕەزایەتی خۆمان دەربڕیوە هەڕەشەیان کردووە کە لە کار بێکار دەکرەین و هیچ مووچەیەکیشمان پێ نادرێت”.
ئەم کریکارانە لە درێژەی وتەکانیدا ڕایگەیاند کە، “زۆربەی هەرە زۆری ئێمە کرێکاران ، هیچ داهاتێکی دیکەمان نییە و مووچەی شارەوانی تەنیا سەرچاوەی داهاتمانە بەڵام ئێستا بەهۆی نەدانی پارە و مووچە ، زۆر بە سەختی ژیان بەسەر دەبەین و سەری شەرمەزاری لای بنەماڵەکانمان داخستووە”.