بە پێی هەواڵەکان،چوار ژنی دەروێشی گۆنابادی، لە زیندانی قەرچەکی وەرامین، کۆی ٢٠ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە.
ماڵپەڕی “مەجزوبانی نوور”، بڵاویکردووتەوە کە، ڕۆژی سێشەممە ڕیکەوتی ١٢ی پووشپەڕ، دادگای شۆڕش بە بەرپرسایەتی دادوەر “ئەحمەد زادە” بۆ چوار ژنی دەروێش بە ناوەکانی “نازیلا نووری”، “ئاویشا جەلالێدین”، “سیما ئێنتساری” و “شیما ئێنتساری”هەرکامیان پێنج ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاوە.
ئەم ژنە دەروێشانە، ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، بە دوای ناڕزایەتی دەربڕینی هەندێک لە دەروێشەکان لەبەرانبەر کەڵانتەری شەقامی پاسدارانی شاری تاران و گرژییەکانی شەقامی گۆلستانی حەوتم، کە کوژرانی سێ کەس لە هێزەکانی ڕژیم و بریندار بوونی هەندێک لە دەروێشە گۆنابادیەکانیان لێ کەوتەوە، دەست بەسەر کران.
شایانی باسە ئەم ژنانە، بە دوای دەست بەسەر کرانیان، لە هەموو مافێک لە زیندان بێبەش کراون.
پێشتر، ماڵپەڕی “مەجزوبانی نوور”، لە ڕاپۆڕتیکدا بڵاویکردووەتەوە کە؛ ” نازیلا نووری”،یەکێک لە ژنە دەروێشە دەستبەسەر کراوەکان، بە هۆی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی لە بارودۆخیکی خراپدا بەسەر دەبات و هەر بەم هۆیەشەوە لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، هێزە ئەمنییەتیەکانی سەر بە ڕژیمی ئێران بە مەرجی بەستنی دەست و لاقی “نازیلا نووری” بە تەختی نەخۆشخانەوە ئیزنی چارەسەری پزشکیان پی داوە و لەهەمان کاتیشدا مافی چاوپێکەوتنی بنەماڵەشی لە نەخۆشخانە پێ نەدراوە.