“فەرزاد مەتنی” وێنەگر هەواڵنێری یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی ڕژیمی ئێران لە شاری کرماشان، پاش لێدان و سوکایەتی لە لایەن پارێزەرەکانی پارێزگاری کرماشان، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە کرا.
ئەو ڕووداوە لە کاتی ڕۆیشتنی بەرپرسی کۆمیتەی ئیمدادی ڕژیم بۆ شاری کرماشان روویداوە و بە وتەی فەرزاد مەتنی هیچ هەڵسوکەوتێکی نەشیاو لە من ڕووی نەداوە.
لە دوایی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ماڵی چاپەمەنی “خانە مطبوعات” پارێزگای کرماشان، بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: ڕاگەیاندن کەرەستەی پەیوەندیی نێوان خەڵک و بەرپرسانە و پێکەوە هەڵکردن لەگەڵ راگەیاندن دەتوانێ لەو بوارەدا، چارەسەری زۆر لە کێشەکان بکات و هەروەها بەستێنێک بۆ پێشکەوتن و پەرەپێدان بۆ کۆمەڵگای لێبکەوێتەوە،هەروەها ئەم هەوڵەی پارێزەرەکانی پارێزگاری کرماشانی مەحکوم کرد.
لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، وێڕای ڕۆڵ، گرینگی و پێگەی هەواڵنێران و خزمەتە بەرچاوەکانی ئەوان و هەروەها مەترسییە جۆراوجۆرەکانی سیاسی، ماف، یاسایی و کۆمەڵایەتی لە بەردەم ئەوان، پشتیوانی و پاڵپشتی کردن لەو چین و توێژە زەحمەتکێشە، کارێکی پێویست و جیانەکراوەی کۆمەڵگا و بەرپرسانە، بەو پێیە “خانە مطبوعات”ی پارێزگای کرماشان ، هەوڵی پارێزەرەکانی پارێزگاری کرماشان لە لێدانی ئەو وێنەگرە مەحکووم دەکات و داوای دەستبەجێ ڕوونکردنەوەی ئەو ڕووداوە و هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ تاوانباران دەکات.”
ماڵی چاپەمەنی(خانە مطبوعات)ی پارێزگای کرماشان لەو بەیاننامەیەدا پێداگریی لە سەر ئەوە کردووە کە “تا کاتی ڕوونبوونەوە، بەداواداچوون بۆ ئەو ڕووداوە دەکات و خۆی بە بەرپرسی بەداواداچوون و پێڕاگەیشتن بۆ ئەو پرسە دەزانێت داوای سزادانی تاوانباران دەکات.