هەشت کەس لە چالاکانی مەدەنیی شاری سەقز بۆ دادگای ئینقلابی ئەم شارە بانگهێشت کراون.
بەپێی ڕاپۆڕتێک کە لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤ”هەنگاو”، بڵاوکراوەتەوە، دادگای شۆڕشی شاری سەقز ٨ کەس لە چالاکانی مەدەنیی ئەم شارەی، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردان بانگهێشتی فەرمی دادگای ئینقلابی ئەم شارە کرد.
شایانی باسە کە ڕۆژی دووشەممە ڕێکهوتی٢٨ی جۆزەردان لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەوە شارە چوار هاووڵاتییە کوردی خەڵکی ئەو شارە، بە ناوەکانی: “لوقمان قورەیشی”، “عەلی حسێنی”، “سلێمان عەبدی” و “محەممەد عابدی” بانگهێشتی دادگا کرابوون و ئەمڕۆ چوار کەسی دیکە سەرەڕای ئەو چوار کەسەی کە ناویان هاتووە، بۆ دادگای ئینقلابی ئەم شارە بانگهێشت کراون.
“هەنگاو” شووناسی ئەو ههشت کەسەی بەو شێوە بڵاوکردووەتەوە:”سەید عەلی حسێنی مامۆستای زمانی ئینگلیزی، سلێمان عەبدی مامۆستای هۆنەرێستان، محەمەد عابدی نووسەر و لێکۆڵەر،لوقمان قورەیشی، موزەفەر ئیبراهیم پوور چالاکەوانی ژینگە، هەژار شەریفی، عەتا ڕەحمان زادە ناسراو بە عەتا شەماڵ، مامۆستا مەلا حەسەن مەحموودی پێشنوێژی گوندی کانی نیاز”.
هۆکاری بانگهێشت کرانی ئەم هەشت کەسە بۆ دادگا بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ساڵی ٩٦ی هەتاوی لە گوندی “ئایچی” سەر بە شاری سەقز ڕاگەیاندراوە.