رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی عێراق بە یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان دادەنێتەوە.
بەپێی ریزبەندیی گەندەڵیی وڵاتانی جیهانی بۆ ساڵی 2017، کە رۆژی چوارشەممە 21/2/2018 رێکخراوی شەفافیەتی جیهانی بڵاوی کردەوە، وڵاتانی نیوزیلەند، دانمارک، فەنلاند، نۆروێژ، سویس یەک لە دوای یەک، پاکترین وڵاتانی جیهانن لە رووی گەندەڵییەوە.
لە ریزبەندییەکەدا، کە لەسەر بنەمای شەفافیەتی کارەکانی حکوومەت ئامادە کراوە، عێراق لە پلەی 169ـەمینی جیهان جێی بووەتەوە و تەنیا لەپێش وڵاتانی سووریا، ئەفغانستان، لیبیا و یەمەنەوەیە.
پێشتر لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردبوو، کە لە ماوەی 12 ساڵی حوکمڕانیی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکان لە عێراق، 450 ملیار دۆلاری خەزێنەی دەوڵەت، بە هەدەر دراوە و دیار نەماوە.