یه‌ك شه‌ممه‌ 24 تشرینی دووه‌م 2024

عەفرین، پیلانێكی هەرێمایەتی لەدژی كورد / عارف قوربانی

پەلامارەكانی سەر عەفرین، لە رووكەشدا بریتییە لە هێرشی توركیا بۆ سەر شارێك. بەڵام لە واقیعدا بریتییە لە پیلانێكی هەرێمایەتی لەدژی مەسەلەی كورد. ئەوەی توركیا دەیكات درێژكراوەی هەمان پرۆسەیە كە ئێران و عێراق لە كەركووك كردیان. تەنیا جیاوازییەك هەبێ‌، ئەوەیە كە كەركووك بێ‌ بەرگریكردن تەسلیم كرا، بەڵام عەفرین رووبەڕووی داگیركەرەكەی دەبێتەوە.

لەشكركێشی و پەلاماری توركیا بۆ سەر عەفرین وا پێ دەنێتە مانگێكەوە، لەم مانگەدا توركیا ئەوەندەی شكۆی شكا و ئەوەندەی ناوبانگی لەدەستدا وەك بەهێزترین دەوڵەتی ناوچەكە و یەكێك لە بەهێزترین هێزەكانی ناتۆ، هیچی وای نەچنیوەتەوە. ئەگەر بەم شێوەیەش زیاتر درێژە بكێشێ‌ و توركیا نەتوانێ‌ بگاتە عەفرین، بەشێك لە هاوكێشەكانی ناوچەكە دەگۆڕێن و رەنگە ئەو پیلانە هەرێمایەتیەش بە قازانجی كورد پێچەوانە ببێتەوە.

لە دوای سایكس پیكۆوە هیچكات دۆزی كورد بە ئەندازەی ئەم پێنج شەش ساڵەی رابردوو گەشەی بەخۆیەوە نەبینیبوو. لە یەك كاتدا لە باكووری كوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا كورد گەیشتنە ئەو ئاستەی بتوانن ببنە بەشێكی گرنگ لە حوكمڕانی توركیا. لە باشوور بۆ یەكەمجار لەمێژوودا بەشی هەرە زۆری جوگرافیای كوردستان كەوتە ژێر قەڵەمڕەوی كورد خۆیەوە. لە رۆژئاوا ئەو خەڵكەی نكوڵی لە بوونیان دەكرا، بوونە هێزێكی كاریگەر و حوكمڕانی نیشتمانی كورد. گەشەكردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد لەم سێ‌ پارچەیە، بە دڵنیاییەوە لە رەخساندنی دەرفەتێكدا دەبووە بوركانی تەقینەوەی كێشەی كورد لە ئێرانیش.

هەرچەندە ئەم باڵاكردنەی كورد لە ناوچەكە زادەی یەكێتیی نەتەوەیی نەبوو، بەڵام دوژمنەكانی كوردی یەكخست. لەكاتێكدا ناكۆكی و ململانێی نێوان ئەم دەوڵەتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە زۆر قووڵ و ستراتیجی بوون، بەریەككەوتنی بەرژەوەندی و ترس لە هەیمەنەی یەكتر، فاكتەری مانەوە و بەردەوامیی ناكۆكی و ململانێكانیان بوو، بەڵام باڵاكردنی دۆزی كورد وەك مەترسیەك لەسەریان، هەموویانی كۆكردەوە. كەچی هەڕەشە و مەترسییەكانی ئەوان لەسەر كورد نەك نەبووە مایەی یەكخستنمان، بەڵكوو زیاتر لەتلەتی كردین.

ئەوەی لە باكووری كوردستان روویدا لەڕووی گۆڕانی هاوكێشەكان كە بەهۆیەوە سەركردەكانی كورد كەوتنە زیندان. ئەوەی لە باشووری كوردستان روویدا كە لەجیاتی ئەوەی كورد بگاتە سەربەخۆیی، ئێستا مەترسی لەسەر ناسنامەكەی هەیە. ئەوەی لە رۆژئاوای كوردستان روودەدات لە گۆڕانی هاوكێشەكان لەوەی كە كورد بتوانێ‌ كانتۆنەكانی یەك بخات، ئێستا هەڕەشەی داگیركردنەوەی لەسەرە. هەموو ئەمانە پێكەوە بەرهەمی هاوپەیمانێتیەكی هەرێمایەتی نێوان دەوڵەتانی ناوچەكەن. وەك چۆن باڵاكردنی كێشەی كورد بۆ هەریەكیان مەترسی هەبوو، شكستی كوردیش بەهەمان ئەندازە سوودی بۆ هەموویان هەیە.

بۆیە ئەگەر لە هەر ناوچەیەكی كوردستان ئیرادەی كورد سەربكەوێت، چۆن كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر شكۆ و ئیرادەی كوردی پارچەكانی دیكە هەیە، بە هەمان ئەندازە كاریگەریی پێچەوانەی لەسەر دەوڵەتەكانیش هەیە. بەڵام مەرج نییە هەموو جار ببێتە هۆی یەكخستنی هەڵوێستیان، ئەگەری ئەوەش هەیە لە هەندێ‌ هەلومەرجی تایبەتدا ببێتە هۆكاری تێكچوونی نێوانیان و پێچەوانەبوونەوەی هاوپەیمانێتییە هەرێمایەتیەكەیان. ئەمڕۆ سەركەوتنی عەفرین ئەو بایەخەی هەیە، دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە ناوچەكە و مانەوەی دەبێتە هۆكاری تێكچوونی هاوسەنگی بەرژەوەندیی دەوڵەتانی سەردەست.

ئەگەر تەماشا بكەین، لە دوای رووخانی سەدام و تێكچوونی هاوسەنگیی هەرێمایەتی، ئێران چەند بەرژەوەندی هەبووە لە عێراق، توركیاش بە هەمان شێوە هەمان بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری لە (عێراقەكەی دیكە) واتە هەرێمی كوردستان دەستكەوتووە. ئێستا لە چوارچێوەی رێككەوتنە هەرێمایەتیەكەیان، توركیا عێراقی بۆ ئێران بەجێهێشت. بە رەزامەندی و ئۆكەیی توركیا نەبووایە، كەركووك نەدەكەوتە دەستی ئێرانەوە. لەشكركێشیەكانی سەر عەفرین ئەوەمان پێدەڵێن كە ئێران (سووریاكەی دیكە) واتە ناوچە كوردییەكانی داوە بە توركیا. بە رەزامەندی و ئۆكەیی ئێران نەبووایە توركیا هێرشی نەدەكردە سەر عەفرین.

كەركووك لە بەرامبەر تەسلیمكردنی عەفرین وەرگیراوە. بۆیە ئەگەر توركیا عەفرینی دەستنەكەوێت، هاوسەنگی بەرژەوەندی و دەستكەوتەكانیان تێكدەچێت و دەشبێتە هۆكاری تێكچوونی ئەو گەلەكۆمەكییەی لەسەر مەسەلەی كورد هەیە لە ناوچەكە. بۆیە گرنگە هەموو كورد ئەوە لەبەرچاو بگرین كە عەفرین بۆ ئەمڕۆ بریتییە لە مانەوە، لە بەدەستهێنانەوەی شكۆ بۆ كورد، كە بەتەسلیمكردنی كەركووك لەدەستماندابوو.

لەم تێڕوانینەوە بۆ هەلومەرجێكی وەك ئێستا ئەرك و بەرپرسیارێتیمان لە كوردایەتی بریتییە لە پاراستنی عەفرین. عەفرین پارێزراو بێت دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە سەرلەبەری هاوكێشەكانی ناوچەكە. ئەگەر بكەوێتە ژێر دەستی توركیا، دەبێتە سەرەتایەكی مەترسیدار بۆ داڕووخانی مەسەلەی كورد، بەجۆرێك كە تا دەیان ساڵی تریش نەتوانێ‌ سەرهەڵداتەوە. كەواتە دەبێت كورد عەفرین بپارێزێت. پرسیار ئەوەیە چۆن بیپارێزین و ئایا پاراستنی بە تەنیا لە سەنگەرەكانی رووبەڕووبوونەوەی لەشكری توركیا دەبێت، یاخود رێگەی دیكە هەیە بۆ هەڵگەڕانەوەی هاوكێشەكان؟

گەرچی پەكەكە و ئەنەكەسە لەڕووی هێز و پێگەی سیاسی و جەماوەرییەوە بەراورد ناكرێن، بەڵام بۆ دۆخێكی وەك ئێستا، ئەم دوو هێزە دەتوانن كاریگەریی زۆریان هەبێت لەسەر رووداوەكانی عەفرین و ئێستا هەڵوێستی هەردوولایان لەبەردەم پرسیاردایە. ئەنەكەسە تا ئێستاش بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، وەك بەشێك لە كوردی رۆژئاوا، لە ململانێكانی ناو سووریادا كەوتوونەتە بەرەی توركیاوە. گرنگە تێگەیشتنی ئەم هێزە بگۆڕدرێت و تێبگەن مانەوە و نەمانەوەی ئەوانیش بەستراوە بە عەفرینەوە.

بۆ ئەوەی ناكۆكییەكانیان لەگەڵ پەیەدەش كۆتایی بێت، پێویستە ئەم شەڕە بكەنە دەرفەتی هاوكێشەیەكی تازە لە پرۆسەی سیاسی رۆژئاوا، هێزە چەكدارەكەیان تەسلیم بە یەكەی شەڕڤانان بكەن و ببنە بەشێك لەو سوپا هاوبەشەی ناوچەكە، لە بەرامبەردا پەیەدەش لە بەشداریی سیاسی و بەڕێوەبردنی كانتۆنەكاندا شوێنیان بكاتەوە. بەمە وێنای یەكگرتووی كورد بەرامبەر بە توركیا و تەنانەت دونیاش دەردەخەن و بەشێك لە پاساوە ناڕەواكانی توركیاش دەبڕن كە چاوی لەوەیە لە داهاتووی ناوچەكانی رۆژئاوا ئەم هێزانە بكاتە بەدیلی پەیەدە.

پەكەكەش لەبەردەم پرسیاردایە كە دەتوانێ‌ بە كردنەوەی چەند بەرەیەكی دیكەی شەڕ لە ناوخۆی توركیا هاوكێشەی سەربازیی سەر عەفرین بگۆڕێت، چونكە ناكرێت كەشێكی ئارام لەناوخۆی توركیا بڕەخسێنی و ئەویش بەهەموو هێزییەوە پەلامارت بدات لە دەرەوەی سنوورەكانی، بە بردنی شەڕ بۆ قووڵایی توركیا، لە عەفرین ناچار بە پاشەكشەی دەكات. هەروەها لە شارەكانی توركیا وەكو ئیستانبوڵ و ئەنكەرە، پێویستە خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام بدرێ. تەنانەت پێویستە لە وڵاتانی ئەوروپاش كە پەكەكە خاوەنی رێكخستنی بەرفراوانە، بە هاوبەشی لەگەڵ كوردی پارچەكانی دیكە دەست بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بكەن بۆ گوشارخستنە سەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا لە ئاست ئەو تاوانكاریانەی توركیا بێدەنگ نەبن. ئەمانەش رێگەی بەشداریكردنن لە پاراستنی عەفرین.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …