هه‌ینی 22 تشرینی دووه‌م 2024

چی چاوەڕوانی ناوچەكە دەكات؟

ئێستە ناوچەكەمان لە بێواری جەنگ وەستاوە، بۆیە پێویستە خۆمان بە وردەكارییە بچووكەكان سەرقاڵ نەكەین وەك دەستلەكاركێشانەوەی سەعد حەریری و گرتنی شازادە و وەزیرانی پێشووی سعوودیە، لەبری پەرەسەندنە راستەقینەكان كە بە نهێنی و شاراوەیی روو دەدەن و قۆناغەكانی دوای ئەوەش، واتە ئەوانەی لە دوای ئەو پڕۆسەی پاكتاوە روو دەدەن كە محەمەد كوڕی سەلمان شازادەی جێنشین لە ناوخۆی سعوودیە ئەنجامی دەدات و مەترسیدارترینیانە، چونكە ئەو كارانە سەرەتایەكن بۆ سیناریۆی جەنگێكی ناوچەیی كە رەنگە ترسناكترین بێت لە مێژووی ناوچەكەدا.

نووسەری فەڵەستینی عەبدولباری عەتوان لە رۆژنامەی “رەئی ئەلیەوم” لەو بارەوە لە بابەتێكدا دەڵێت، هەموو ئەوەی ئێستە روو دەدات لە چوارچێوەی پلانێكی تۆكمەیە كە بە وردی داڕێژراوە، هاوكات سەرەتایەكە بۆ جەنگێكی تایفی بە قاوغێكی “نەتەوەیی عەرەبی”، مەبەستی سەرەكیش لەو جەنگە كردنە ئامانجی هێزی ئێرانی شیعەی پەرەسەندووە لە ناوچەكەدا، هەروەها قوتكردنی (بڕینی) باڵە زەبر وەشێنەكانی لە ناوچەكە لە یەمەن و عێراق و لبنان، ئەوەش بە پاڵپشتی ئەمەریكایی و ناوچەیی و ئیسرائیلی.

بە پێی قسەكانی ئەو نووسەرە، سعوودیەی كۆن كۆتایی پێ هاتووە و وەهابیەتیش لە سەرەمەرگدایە، ئەوەیان ئەگەر لەناو كتێب و سەرچاوەكاندا وەك ساتێكی مێژوویی لەگۆڕ نەنرابێت، ئێستە چوارەم دەوڵەتی سعوودیە بە پۆشاكێكی نوێ و هاوچەرخ و هاوپەیمانیەتێكی نوێ سەری خۆی دەردەهێنێت، ئەو كاتەی محەمەد كوڕی سەلمان شازادەی جێنشین و پیاوی ئەو قۆناغە كە دەیەوێت ببێتە دامەزرێنەری، رای دەگەیەنێت كە پێدانی مووشەك بە گرووپەكانی یەمەن لەلایەن ئێرانەوە بریتییە لە كارێكی دوژمنكاری راستەوخۆی سەربازی لەدژی وڵاتەكەی كە دەگاتە ئاستی جۆرێك لە راگەیاندنی جەنگ، ئەوەش لە رێگەی پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، كە هەروەها لەلایەن پنتاگۆن و نیكی هێلی نوێنەری ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان پاڵپشتی دەكرێت، هەموو ئەوانەش مانایان وایە كە خەریكە هاوپەیمانیەتییەك لە ناوچەكە دروست دەبێت بە سەركردایەتی ئەمەریكا.

عەتوان ئاماژە دەدات، بۆ ئەوەی ئاستی رژدی و ترسناكی هەر تەنگژەیەك یان جموجۆڵێكی سیاسی وەیا سەربازی لە هەر ناوچەیەكی دنیا بزانین، پێویستە چاودێری نرخی وزە (نەوت و گاز)، هەروەها جموجۆڵی بۆڕسە و بازاڕی دارایی بە بەرزبوونەوە و دابەزین بكەین، بەڵێ ئەوەیان پێوەری گرنگ و وردە بەلایەنی كەم لە دنیای سەرمایەداری رۆژئاوادا.

ئێستە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە و بۆڕسەكانی كەنداویش پاشەكشەیان كردووە و سعوودیە بەتایبەتی زیانی كردووە، واتە جموجۆڵی فرۆشتن لەوەی كڕین خێراترە، هەموو ئەوانە لەكاتێكدان كە لە لێواری جەنگداین و دەستی پێ نەكردووە، بەراستی پشێوی رووی لە ناوچەكەیە، حوسییەكان كە مووشەكێكیان ئاراستەی ریاز كرد، دەڵێن مووشەكبارانی سعوودیە و ئیماراتیش دەكەینەوە، بەراستی ئەوان چیان نییە بیدۆڕێنن لە دوای ئەو جەنگە وێرانكەرەی یەمەن.

قۆناغەكانی ئامادەسازی بۆ جەنگ:

قۆناغی یەكەم: قۆناغی پاككردنەوەی بەرەی ناوخۆییە كە محەمەد كوڕی سەلمان شازادەی جێنشین لەناو سعوودیە ئەنجامی دا لە رێگەی گرتنی 11 شازادە و ژمارەیەك وەزیر و كارساز بەناوی نەهێشتنی گەندەڵییەوە، ئەو قۆناغەش تا ئێستە بێ كێشە تێپەڕیوە و ئێستە ئەو شازادە كۆنتڕۆڵی چوار كەرتی سەرەكی لە سعوودیە دەكات ئەوانیش ئابووری و راگەیاندن و ئاسایش و سەربازی، لەپاڵ دوو دامەزراوەی ئاینی ئەوانیش “دەستەی گەورە زانایان” كە فەرمییە و “زانایانی رابوون” نافەرمی، هەروەها زیندانیكردنی هەموو نەیارانی و ئەوانەشی بەئاشكرا بەرهەڵستیان كردووە لە هوتێلێكی گرانبەهادا، ئەوەش وەك سەرەتا كە كەس نازانێت كۆتاییان چی دەبێت، هەروەها بەدووری نازانین كە ئەوە سەرتا بێت و ئەوەی لە داهاتووش دێت گەورەترە.

لە دوای چەند هەفتەیەكی كەم، قۆناغی دووەم دەست پێ دەكات كە بەبۆچوونی ئێمە مەترسیدارترە و ئەویش قۆناغی رووبەڕووبوونەوەی سەربازییە و وەك لە خوارەوە هەنگاوەكانی پێشبینی دەكەین:

یەكەم/ دەست پێكردنی بەریەكەوتنێكی سەربازی سعوودیە و ئێران لەسەر خاكی یەمەن و خنكاندن و داخستنی هەموو دەروازەكانی زەوینی و دەریایی و ئاسمانی یەمەن بە پاساوی رێگرتن لە گەیشتنی مووشەكەكانی ئێران بۆ دەستی حوسییەكانەوە.

دووەم/ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكی نوێ بە هاوشێوەی “گەردەلوولی بیابان”، كە بۆ دەركردنی عێراق لە كوێت لە 1990 هاتە دامەزراندن و ئەو وڵاتانەشی پێشبینی بەشداریكردنیان تیایدا هەیە بریتین لە ئیمارات و ئوردن و میسر و سوودان و مەغریب.

سێیەم/ بۆردمانكردنی لبنان و وێرانكردنی ژێرخانەكەی بە پاساوی لەناوبردنی حزبوڵای لبنانی، كە رەنگە لە بەرامبەر ئەوەدا حزبوڵا مووشەكبارانی ئیسرائیل بكات و لێرەدا ئەگەری هاتنی ئێران و سووریا بۆناو جەنگەكە زیاتر دەبێت.

چوارەم/ هەڵكوتانە سەر قەتەڕ لەلایەن هێزەكانی میسری و ئیماراتی و سعوودی و گۆڕینی رژێمی فەرمانڕەوایی لە دۆحە و رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزە سەربازییەی توركیا لە قەتەر هەیە.

پێنجەم/ دژە هێرشێكی سەربازی ئەمەریكایی و ئیسرائیلی و سعوودیایی لە سووریا و كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لەوێ لەدەستیان داوە، وەك حەلەب و حمس و دێرزوور، بەڵام هەر دەستوەردانێك لە سووریا پێشبینی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رووسیا دەكرێت.

شەشەم/ جوڵاندنی گرووپە چەكدارییەكانی كورد لە هەولێر و باكوری سووریا و بەشداری پێكردنیان لەو جەنگەدا لەپاڵ ئەمەریكا بەمەبەستی لاوازكردنی ئێران و توركیا و عێراق و خستنی ئەو وڵاتانە بۆناو جەنگێكی ناوخۆیی.

لە بەرامبەر ئەو سیناریۆیانەی باس كران، سیناریۆی بەرامبەر و دژ هەیە كە بریتییە لە هاوپەیمانیەتییەكی چاوەڕوانكراوی ئێران و سووریا و توركیا و عێراق كە سەرەتا رووسیا هاوسۆزیانە، بەڵام نازانرێت كە رەنگە دواتر خۆی رابەرایەتی بكات، چونكە رووسیا بە وریاییەوە چاودێری پەرەسەندنەكانی ئێستە دەكات.

لەو كاتەی بە پێی قسەی چاودێران سەركەوتنی ئەو جەنگە ناوچەییەی پێشبینیكراو و نزیكە وێرانكردنی تواناكانی ئێران و گۆڕینی رژێمی فەرمانڕەواییە لە قەتەڕ و لەناوبردنی حزبوڵای لبنانییە، هاوكات سەرنەكەوتن و فەشەلهێنانی جەنگەكە مانای وێرانبوونی سعوودیە و ئیسرائیل و ئیمارات و دابەشبوونی سعوودیەیە بۆ چەند دەوڵەتێك.

بە گشتی ئەو جەنگە ئەگەر رووی دا رەنگە ببێتە دوا جەنگ كە ناوچەكە و نەخشەی وڵاتان و گەلانیشی دەگۆڕێت، رەنگە بەهۆی زۆری ژمارەیان عەرەب و ئێرانییەكان بمێننەوە، بەڵام ئیسرائیل چی بەسەر دێت، وەڵامەكە بۆ دوای جەنگەكە ئەگەر رووی دا جێ دێڵین.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …