سەرلەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە 13ی خەرمانان، دووكۆڵبەر لەناوچەی بانە بە گوللەی هێزەكانی رژیم گیانیان لەدەستداو ژمارەیەك لەخەڵكی ئەو شارەش بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە سیاسەتەكانی رژیمو كوشتنی كۆڵبەران لەبەردەم فەرمانداری بانە كۆبوونەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە زاگرۆسپۆست گەیشتووە، بەشداربوانی كۆبوونەوەكە لەبەردەم فەرمانداری شاری بانە خوازیاری كۆتایی هێنان بە تەقەكردن لە كۆڵبەران بوونو داوای ئەوەشیان كرد كە فەرمانداری ئەو شارە سەبارەت بە تەقەكردنی لەو دوو كۆڵبەرەی ئەمرۆ گیانیان لەدەستدا روونكردنەوە بدات.
سەرلەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە دوو كۆڵبەری كورد بە ناوەكانی “حەیدەر فەرەجی” تەمەن 21 ساڵ خەڵكی گوندی (شەشە)و “قادر بەهرامی” تەمەن 45 ساڵ خەڵكی گوندی (وزمەڵە)، لەنزیكی ئاوایی (هەنگەژاڵ”ی سەر بەشاری بانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەكانی رژیمی گیانیان لەدەستدا.
بنەماڵەی كۆڵبەرانو خەڵكی ناڕازی خوازیاری بە سزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بوونو داوایان لەفەرماندار كرد كە تاوانباران رادەستی دادگا بكرێن.