یه‌ك شه‌ممه‌ 24 تشرینی دووه‌م 2024

هه‌رگیز ئێران ئاوا نه‌تاساوه‌ / حه‌مه‌ی شاسواری

گه‌لۆ

ئاكامی هه‌ر شه‌ڕێك لێك گیران و به‌ ئه‌نجام نه‌گه‌یشتنی سیاسییه‌ و كۆتاكه‌یشی خشته‌ و پلانی سیاسییه‌.

 

وه‌ك ئاگادارن و پتر له‌ دوو له‌سه‌ر سێی دنیایش به‌ بڕوای ته‌واو و هه‌زاران به‌ڵگه‌، حكوومه‌تی نه‌گریسی داعشی شیعه‌ به‌ مه‌كۆی په‌روه‌رده‌ی تیرۆریزمان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و دنیا ده‌ناسن و ته‌نانه‌ت له‌م ڕۆژانه‌دا كۆمه‌ڵێكی زۆری داوده‌زگه‌ی وه‌ك سوپای پاسداران و….. خرانه‌ لیسته‌ی ره‌شه‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ ئه‌م ئافاته‌ هه‌م داگیركه‌ری كوردستان و هه‌م له‌سه‌ر سنووری هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ به‌ هه‌وڵ و تێكوشانی زۆری سه‌رۆكایه‌تیی بارزانی و له‌خۆبردوویی و قاره‌مانیه‌تیی هێزی پێشمه‌رگه‌ و كاروانی سوور خه‌ڵاتی شه‌هیدان و حه‌ماسه‌تی گه‌ل، هه‌نگاوی به‌ره‌و ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ناوه‌.

 

حكوومه‌تی ئێرانی كه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی پته‌وی زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ كاری نهێنی و سیخوڕی پاشماوه‌ی “ساواك”ی شا و پتر له‌ ٧٠ ساڵ سیخوڕی راسته‌وخۆی “كه‌ی جی بی” رووسی به‌ ناو گه‌لی ره‌نجبه‌ران و حزبی توده‌ دامه‌زرا و ئاوێته‌ی ئاینی شیعه‌ی پاشماوه‌ی سه‌فه‌وییه‌كان كرا.

 

واته‌ به‌ وه‌ها ئه‌زموونێكی به‌رفراوانی په‌روه‌رده‌ی هه‌ردوو جه‌مسه‌ری وی كات، یانی ئه‌مه‌ریكا و رووسی داته‌پیوو له‌ مه‌ڕ فیل و هونه‌ری سیاسیی ده‌وڵه‌مه‌ند و چه‌كدار بوو. ئه‌م دوژمنه‌ گه‌وره‌ی كورد، له‌ مابه‌ینی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی رووخانی سه‌دام، سه‌ره‌ڕای وه‌ی عێراقی به‌ هه‌ست و پێسته‌وه‌ هێناوه‌ته‌ ژێر ركێفی خۆی، به‌ سه‌دان پێگه‌ی ئاشكرا و نهێنی له‌ هه‌رێمدا هه‌یه‌ و به‌ به‌رده‌وامی بووه‌ته‌ هۆی ئاژاوه‌ و گرفت له‌سه‌ر رێی كورد، به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌و سه‌روبه‌نده‌ سه‌رمایه‌داری كوردیش له‌ دایك بوو و ملی وه‌به‌ر بووژانه‌وه‌ی خۆی ناوه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش خۆی له‌ خۆیدا له‌گه‌ڵ ئاوه‌دانی و گه‌شه‌كردنی پڕۆژه‌گه‌لی پیشه‌سازی، پاشماوه‌كانی چاخی ده‌ره‌به‌گایه‌تی خستووه‌ته‌ په‌له‌قاژه‌ و دروستكردنی كۆسپ له‌ بڕگه‌ جیاوازه‌كان.

 

ئه‌م هۆكارانه‌ و كۆمه‌ڵێك هۆی تری نه‌بینراو، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ ئێران خوڵقاند تا به‌ ئاشكرا خۆی بخزێنێته‌ ناو حزبی كوردی و ته‌نانه‌ت به‌ فه‌رمان و خراپییه‌كانی ئه‌وان سیاسه‌ت بكه‌ن! بۆ كۆمه‌ڵگه‌ش ئاشكرا بوو كه‌ لغاویان له‌ ده‌ست قاسم سوله‌یمانیدایه‌!

 

له‌ نێوان ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا سه‌رۆكایه‌تیی كورد بارزانی به‌ هه‌موو شێوازێك سازا له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌دا تا بتوانێ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ خۆی ئاماده‌ بكات و سه‌رنجی دنیا بۆ لای كورد رابكێشی. تا وه‌ی شه‌ڕی داسه‌پاوی داعشی به‌سه‌ردا هات، به‌ڵام به‌ لێهاتوویی سیاسیی سه‌رۆك و هێزی پێشمه‌رگه‌ و گه‌ل و هاتنه‌ ئارای هاوپه‌یمانیی جیهانی، هه‌رچه‌ند باجی مرۆیی زۆر درا، به‌ڵام توانرا لمپوزی داعش بشكێ.

 

شڵه‌ژاویی دنیا له‌ڕووی یه‌ك جه‌مسه‌ری ئه‌مه‌ریكا، وێڕانی بنه‌مای ئابووری، شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌وانه‌ سووریا، ده‌ستێوه‌ردانی بێ سنووری ئێران له‌و بێنه‌ و به‌رده‌دا، سه‌رۆكایه‌تیی كورد به‌ لێكدانه‌وه‌ی وردی، له‌وه‌ دڵنیا بوو كه‌ شه‌ڕێكی مه‌زنی تر له‌ ده‌ستپێكردنه‌ و به‌ ئه‌زموونی شه‌ڕی داعش، به‌ رووداوگه‌لی مێژوویی و…. هاته‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی پێش ئه‌وه‌ی پڕیشكی ئه‌و شه‌ڕه‌ مه‌زنه‌ی داهاتوو به‌ر كورد بكه‌وێت، بابه‌تی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یاند. ئه‌مه‌ شۆكێكی هه‌ره‌ گه‌وره‌ بوو بۆ ئێران و به‌ خه‌ویش بیری له‌وه‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌ له‌ هه‌لومه‌رجێكی ئاوای هه‌رێمدا كه‌ ئاماژه‌م پێ دا، بارزانی فه‌رمانێكی ئاوا بدات.

 

ئه‌م فه‌رمانه‌ی بارزانی ئه‌گه‌ر به‌ وردی به‌ ناخیدا شۆڕ بینه‌وه‌، جیا له‌ ره‌وتێكی سالم و تا سه‌ر ئێسك دیموكراتی و مافی ره‌وای هه‌ر گه‌لێكه‌ له‌ دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆی و بگره‌ یاسایی و كۆده‌نگی دنیا و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی له‌گه‌ڵه‌، هه‌رچه‌ند له‌ باشووری وڵات كۆماری كوردستان له‌ دایك ده‌بێ، به‌ڵام به‌هه‌موو پێوه‌ری زانستی ره‌قه‌ملێدانی نوێ له‌ ژین و ژیانی ٧٠ ملیۆن كورده‌ .

 

ئه‌مه‌ به‌ باشی هه‌موو داگیركه‌ران له‌ سه‌روویانه‌وه‌ ئێران هه‌ستی پێ ده‌كات. بۆیه‌ كه‌ ده‌ڵێم ئه‌و كورده‌ی مه‌زنترین مه‌كۆی تیرۆریستی جیهانی خسته‌ سه‌ر ئه‌ژنۆ، ئه‌وه‌یه‌:

 

* ئه‌و خه‌ونه‌ مێژوویییه‌ی به‌ هیلالی شیعه‌ وه‌دی دێت، به‌ هاتنه‌ ئارای كۆماری كوردستان لێی ده‌بێته‌وه‌ بڵقی سه‌ر ئاو .

* ئه‌و پێگه‌ی ئێران له‌ عێراق هه‌یه‌تی راسته‌وخۆ به‌ره‌و لاوازی و بگره‌ نه‌مان ده‌چێ.

 

* هاتنه‌ ئارای یه‌كه‌م كۆماری دیموكراتی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌ تایبه‌تی له‌ بناگوێی، نه‌ته‌وه‌كانی تر ئێرانی داسه‌پا و به‌سه‌ریاندا ده‌خاته‌ جووڵه‌ی به‌رچاو، له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی داگیركراو.

 

* ئه‌وه‌ی دنیا خه‌ویان پێوه‌ ده‌بینی، بتوانن شه‌ڕ بخه‌نه‌ ناوخۆ و سنووره‌كانی حكوومه‌تی تیرۆریستی ئێران، خۆ به‌خۆ دێته‌ ئاراوه‌.

 

قازانجه‌كانی ره‌وتی ریفراندۆم و راگه‌یاندنی كۆماری كوردستان

 

* له‌ دایكبوونی یه‌كه‌م وڵاتی دیموكرات له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، واته‌ كورد بوو به‌ رچه‌شكێنی ئه‌و ره‌وته‌ و به‌ دڵنیایییه‌وه‌ تا بێت به‌ر فراوانتر ده‌بێ.

* گرێدانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری جیهانه‌ به‌ بووژاندنه‌وه‌ی رێگه‌ی ئاورێشم كه‌ رێڕه‌وی سه‌ره‌كی له‌ كوردستانه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ بووژانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی ئابووری و ئاوه‌دانی و پێشكه‌وتنی زانست و …..

 

* جێگیربوونی كوردستانه‌ له‌ پله‌ی دووه‌م یا سێیه‌می ئابووری له‌ بواری غاز و نه‌وت و كانزا. بۆ ئاگاداری كوردستان سه‌رباری به‌ پیتبوونی خاكی له‌ هه‌موو ئاستێكدا، خاوه‌نی كانی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی یۆرانیۆم و زێڕ و ….. كه‌ دنیا به‌ به‌رده‌وامی پێویستی پێیانه‌.

 

* به‌ راگه‌یاندنی كۆماری كوردستان، جیا له‌ یاسا و رێسای نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئاستی حكوومه‌ت، جا له‌وه‌ی ده‌چێته‌ ریزبه‌ندی مامه‌ڵه‌ و یارمه‌تی و به‌ هانا هاتنه‌وه‌ی جیهانی بۆ بژێوی كۆمه‌ڵگه‌، پۆشته‌كردنی به‌رفراوانی له‌شكر و به‌ سه‌پاندنی چه‌ندان خاڵی یاسایی به‌سه‌ر عه‌ره‌باندا، ئه‌و وڕێنانه‌ی جاش قه‌ڵه‌م و سیخوڕه‌كان ده‌یكه‌ن گوایه‌: داگیركه‌ران سنوور داده‌خه‌ن كه‌ توانای ئه‌وه‌یان نییه‌ و وا گریمانه‌ بكه‌ین له‌ هه‌زار یه‌كی وا ده‌ربچێت، دیسان باشوور وه‌ك چۆن به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی له‌ 17%ی پشتیوانی ئه‌رزی كه‌ خۆ ده‌دا له‌ ١٥ تۆن زێڕی خه‌وتووی عێراق، نه‌وه‌ی نه‌وه‌ی عه‌ره‌بان ده‌بێ باجی ئه‌نفال و جینۆساید و كیمیابارانی كوردستان بده‌ن. به‌ كوردی په‌تی ئه‌گه‌ر هیچ نه‌كا، دوو قاتی ئه‌و ١٧ له‌ سه‌ده‌ی وه‌رده‌گرێ.

 

لای كاڵفامان ئه‌مانه‌ نه‌بینراوه‌ و تاك و ته‌رایان باوه‌ڕیان نییه‌ بێته‌ دی، چون وا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ ده‌ست عێراقه‌. له‌ كاتێكدا كۆماری كوردستان به‌ ره‌سمی هاته‌ ئارا، به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی دنیا له‌ بودجه‌ و داهاتی عێراق ده‌بڕێ و به‌بێ هیچ گرفتێك راده‌ستی كوردستانی ده‌كات. بێن بیر بكه‌نه‌وه‌ ئه‌ڵمانیا ئێسته‌یش پاشی ٧٠ ساڵ، باجی كۆمه‌ڵكوژیی ئیسرائیل ده‌دا. له‌ كاتێكدا به‌ به‌ڵگه‌ی فه‌رمی عێراق ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ دادگاكانی خۆی ددان پێدان ناوه‌ و به‌ سانایی و یاسایی به‌ سه‌ریدا ده‌سه‌پێت، جگه‌ له‌وه‌ی مالیكی بوو به‌ هۆی ٧٤مین فه‌رمانی ئێزیدییانی كورد.

 

 

گه‌لۆ

كورد وه‌ها لموزی مه‌زنترین تیرۆریستیی جیهانی له‌ زه‌وی دا و دوژمنانی وا تاساندووه‌ ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ و هێرش و هه‌ڕه‌شه‌ و گه‌مارۆ ئابووری و سه‌ربازیی و… وه‌ك راگه‌یاندنی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی پشتی نه‌شكاندوون.

 

دووه‌م كه‌ دیسان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كورده‌، ته‌واوی كارتی شاراوه‌ی شانه‌ی سیخوڕی كه‌ له‌و ٣٨ ساڵه‌ی ته‌مه‌نی په‌روه‌رده‌ی كردووه‌، به‌ بیستنی ئه‌و فه‌رمانه‌ی سه‌رۆك، خستیه‌گه‌ڕ و ئاشكرا بوو، هه‌رچه‌ند له‌ ئاستی ده‌روونی ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ناو خه‌ڵكانێكی كه‌م ئه‌زموونی كورد یا نانه‌ته‌وه‌یی به‌ دواوه‌ بووه‌ و حاشای لێ ناكرێ، به‌ڵام ده‌ستكه‌وتێكی هه‌ره‌ گه‌وره‌ بۆ كوردپه‌روه‌ران تا خۆیان له‌و خۆره‌ی ناوماڵی كورد داته‌كێنن. حكوومه‌تی هه‌رێم پێویسته‌ به‌ باشترین شێوه‌ له‌مه‌ كه‌ڵك وه‌ربگرێ و له‌ مه‌ڕ به‌رژه‌وه‌ندی كۆماری كوردستان به‌ كاری بێنێ .

 

ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ خۆی جێی شه‌نوكه‌وی ورد و زانستییانه‌یه‌ و دنیایه‌ك ئه‌زموونی لێ هه‌ڵده‌گیرێ. هه‌ر له‌ بڕگه‌ی ته‌ناهی تا سه‌رهه‌ڵدانی ستوونی په‌نجه‌م پاشی ده‌ستبه‌كاربوونی كۆماری كوردستان.

 

له‌ كۆتادا پێویسته‌ دووباره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی كۆی ئه‌و هاوكێشانه‌ پێوه‌ندیان به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌وه‌ هه‌یه‌، جه‌بری مێژوویی ئه‌و ئه‌ركه‌ ده‌خاته‌ سه‌رشانی هه‌موو لایه‌نی سیاسی ڕۆژهه‌ڵات تا هه‌رچی زووه‌ به‌ره‌ی نیشتمانی بخه‌نه‌ سه‌رپێ و جێگه‌ و پێگه‌ی خۆیان چ له‌ ناوخۆ چ له‌ ناوچه‌كه‌ چ له‌ دنیا و چ له‌ كۆماری كوردستانی داهاتوو، ده‌ستنیشان بكه‌ن و به‌ ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ئه‌خلاقی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان هه‌ستن. به‌پێی هه‌موو پێوه‌ری زانستی و سیاسی تا ئه‌م لایه‌نگه‌له‌ سیاسییانه‌ نه‌چنه‌ ژێر چه‌تری به‌ره‌ی نیشتمانی رۆژهه‌ڵات، هه‌رگیز نابنه‌ دیفاكتۆ له‌ هاوكێشه‌كان و مایه‌پووچ ده‌بن و ده‌بنه‌ هۆی زیان لێدانی ڕۆژهه‌ڵاتی بێ ناز .

 

ئومێد ده‌كه‌م ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ هه‌م ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و خزمه‌تم بۆ بێته‌ ئه‌ژماران و له‌ ئاستی تنۆكه‌ خوێنێكی ده‌ریای له‌شكری پێشمه‌رگه‌دا بێ و جێی ئاوڕدانه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و كۆی لایه‌نی سیاسی ڕۆژهه‌ڵات بێ له‌پێناو كوردستان.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …