ژمارەیەک ئەندامی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران دژایەتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان راگەیاند.
مەسعود گودەرزی، نوێنەری شارۆچکەی مەمەسەنی لە پارێزگای فارس بە میدیاكانی ئێرانی راگەیاندووە “باسکردنی ئەو پرسە بە هەنگاوێکی جوداخوازی دادەنرێت و سەربەخۆیی کوردستانی عێراقیش دژی بنەماکانی یەکپارچەیی خاکی عێراقە. کۆماری ئیسلامی دابەشبوونی عێراق قەبوڵ ناکات و یەکپارچەیی خاکی عێراق بەلای ئێمەوە گرنگە و هێڵی سوورە”.
هاوكات محەممەد رەزا ئەمیر حەسەنخانی، نوێنەری شارۆچکەی فیردەوسی لە پارێزگای خۆراسانی باشوور رایگەیاندووە “لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێران ناچنە خانەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقەوە، بەڵکو ئەو گوتانە لەسەر بنچینەی خەمخۆرین بۆ داهاتووی پەیوەندی برایانە و هاوڕێیانەی عێراقییەکان”.
جگە لەو دوو پەرلەمانتارە ژمارەیەك پەرلەمانتار و بەرپرسی دیكەی ئێرانیش هەمان هەڵوێستیان هەبووە. سەرەتای ئەم مانگەش بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک راگەیاند و گوتی “بەرزکردنەوەی هەر ئاڵایەکی دیکە جگە لە ئاڵای حکومەتی عێراق لە کەرکووک بەنادەستووری دەزانین”.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دژایەتی خۆیشی بۆ گشتپرسی باشووری کوردستان دەربڕی و سەربەخۆیی کوردستانی بە قەیرانێکی نوێ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوبرد. راشیگەیاند “هیوادارین کوردانی وڵاتانی ناوچەكە، هاوشێوەی کوردانی ئێران مافی تەواوی هاووڵاتیبوونیان پێبدرێت”.
رۆژی 2ی ئەم مانگە هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان بەئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و بڕیاریان دا ئەمساڵ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی بکرێت.