ڕایشی سێهه‌م [١٩٤٥-١٩٣٣] هه‌ڵخڕێنه‌ری شێواز و و ئه‌گه‌ر و ئاکامه‌کانی قین و له ناوبردنی ئینسانییه که هه‌ر چه‌نده له ئاستێکی بچووکیشدا بن، له هه‌مووماندا بوونی هه‌یه. ڕایشی سێهه‌م به جۆرێکی ترسناک به ڕوونی نیشانده‌ری ئاکامه‌کانی ڕه‌گه‌زپه‌رستیی، میلیتاریزم و سه‌رکوتگه‌رییه. ئه‌و ئه‌زموونه پیشانی ئه‌دات که چی ده‌توانێت ڕوو بدات ئه‌گه‌ر خه‌ڵکێک که‌متر له ئینسان هه‌ڵسه‌که‌وتی له گه‌ڵ بکرێت. ئه‌و ئه‌زموونه له هه‌مان کاتدا ئێمه به‌ره‌وڕووی دووڕیانێکی ئه‌خلاقی له هه‌لومه‌رجێکی دیاریکراودا ده‌کاته‌وه: دووڕیانی سازان و یا به‌ره‌نگاریی، کردار یا بێکرداریی.
ریچارد ئێوانس، ڕایشی سێهه‌م له شه‌ڕدا
ئێوه چۆن ده‌توانن له سیبه‌ری ئاسایش و کهمتهرخهمییدا له خه‌وندا بن، ژیانێکی بێخه‌م وه‌ک گوڵانی باغچهتان هه‌بێت، له کاتێکدا براکانتان له سوریا [ له ئه‌نجامی هێرشی سهلیبییهکان] شوێنیان بۆ ژیان نییه جگه له سه‌ر زینی وشتر و ناو سکی لاشخۆره‌کان نه‌بێ؟ خوێن پرژانه! کچانی لاو بێحورمه‌ت کراون و ئێستا ده‌بێ ڕوومه‌تی شیرینیان له ناو ده‌ستیاندا بشارنه‌وه…
قازیی ده‌میشق عه‌بو سهعدالهاراوی، ئاگۆستی ١٠٩٩ زاینیی
شه‌پۆله‌کانی مێژوو هه‌ڵگه‌ڕاونه‌ته‌وه […] ناکۆکی ئێستا له نێوان چه‌پ و ڕاست نییه، له نێوان نیشتمانپه‌روه‌ر و نێونهتهوهییخوازه.
ماریا لۆپێن، سه‌رۆکی به‌ره‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی فه‌رانسه، گاردییه‌ن، ٦ی فوریه ٢٠١٧.
ڕیچارد ئێوانس له کتێبه‌که‌یدا له سه‌ر میراتی ڕایشی سێهه‌م که وه‌ک هوشدارێک له لایه‌ن مێژووه‌وه ناوی لێ ده‌بات، جه‌خت ده‌خاته سه‌ر دوو ئاکامی سه‌ره‌کیی: یه‌که‌م، به که‌م گرتنی خه‌ڵکێکی دیاریکراو له به‌ر دین و نه‌ته‌وه و کولتووری جیاواز؛ و دووهه‌م، ناساندنی خه‌ڵکێکی دیاریکراو وه‌ک سه‌رچاوه و هۆی نه‌کبه‌تیی و نه‌هامه‌تییه‌کانی خه‌ڵکێکی دیکه. ئه‌و ئه‌زموونه له هه‌مان کاتدا داواکارییه‌کی ئه‌خلاقیی بۆ وه‌ستانه‌وه و به‌ره‌نگاریی له به‌رامبه‌ر وه‌ها به‌که‌مگرتن و ناساندنێك ده‌خاته به‌رده‌م هه‌موو مرۆڤایه‌تیی. ئه‌و داواکارییه جۆرێکی دیکه له داخوازییه‌که که له زۆر هه‌لومه‌رجی مێژوویی‌دا دووپات بوه‌ته‌وه. نموونه‌یه‌ک هوشداری قازیی ده‌میشق عه‌بو سهعدالهاراوی له کۆتایی سه‌ده‌ی یازده‌ی زاینییدا و له جه‌رگه‌ی هێرشی سهلیبییدایه.
کوشتاری میلیۆنها جوو و له ناوبردنی خه‌ڵکی سڵاو له ئورووپای ڕۆژهه‌ڵات ئاکامی ئه‌و بۆچوون و سیاسه‌تانه بوون که پێشتر جوه‌کانی وه‌ک هۆی نه‌هامه‌تییه‌کانی ئاڵمان به‌دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و سڵاوه‌کانی وه‌ک هه‌ڵگری کولتورێکی خوارتر و که‌متر له ئینسان پێناسه کردبوو. جووه‌کان ده‌بوایه له ناو بچن و سڵاوهکانیش له سه‌رزه‌وییه‌ک پاک بکرێنه‌وه که مه‌ودای ژیانی باشتر و سهرزوهوی زۆرتری بۆ ئاڵمانییه‌کان دابین ده‌کرد. به‌مجۆره به‌رده‌وامیی و کامه‌رانیی ڕه‌گه‌ز و نه‌ته‌وه و ناوی ئاڵمان بۆ هه‌تاهه‌تایه دابین ده‌کرا. به‌رپرسایه‌تی له ئاست ئاکامه‌کانی ڕایشی سێهه‌م و ڕژیمی هیتڵێر وه‌ک دیکتاتۆرییه‌کی ڕه‌گه‌زپه‌رست هه‌موو جیهانی ده‌گرته‌وه که سیاسه‌ته ڕاگه‌یه‌ندراوه‌کانی حیزبی نازیی به که‌م گرت و له گه‌ڵی سازا.
به وته‌ی کۆمه‌ڵناسان ” ناته‌بایی گه‌شه‌ی ئابووریی و گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی و کوڵتووریی له سه‌رانسه‌ری جیهاندا بوه‌ته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی بڵێسه‌ی ناکۆکیی و جیاوازیی”. ئه‌مه له وته‌کانی ماریا لۆپێندا به ڕوونی ڕه‌نگ ده‌داته‌وه که له جه‌رگه‌ی گه‌شه‌ی مه‌یلی توندره‌و و زه‌قبوونه‌وه‌ی جیاوازییه‌کاندا وه‌ک به‌دیلی مه‌یلی ڕاست و توندڕه‌و و وه‌ک به‌دیلێکی به‌هێز بۆ سه‌رۆککۆمار ناسراوه. له به‌رنامه‌ی ئه‌و به‌ره‌دا له دایکبوون له فه‌رانسه، ”تاک ناکاته شارۆمه‌ند و خاوه‌ن میللییه‌تی ئه‌و وڵاته”. ئه‌مه هه‌مووی بۆ ئه‌وه‌ی ”فه‌رانسه” وه‌ک کولتوورێکی جیاواز و ناته‌با له گه‌ڵ کولتووره‌کانی دیکه بپارێزرێت.
سه‌رده‌می ئێمه لانیکه‌م بوه‌ته خاوه‌ن سێ پێناسه‌ی سه‌ره‌کیی:
١
یه‌که‌م بریتییه له گه‌شه‌ی توندڕه‌ویی دینیی، ڕه‌گه‌زپه‌رستی، باوبوونی نهتهوهگهرێتیی و پێکدادانی پێناسه کوڵتوورییه‌کان. ئه‌مه مه‌یله خۆی له‌م بابه‌تانه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌رده‌خات: له سه‌رهه‌ڵدانی هێزی توندهرهوی دینیی، له گه‌شه‌ی مه‌یلێکی ڕادیکاڵی نه‌ته‌وایه‌تیی (پێناسه‌کردنه‌وه‌ی خۆ، پاکسازیی زمانیی و کوڵتووریی) له ناوچه‌که‌دا به‌ڵام هه‌روه‌ها گه‌شه و بووژاندنه‌وه‌ی مه‌یلی ڕه‌گه‌زپه‌رستیی و دژی بێگانه له وڵاتانی ئورووپا و ئامریکادا. له باری سیاسییه‌وه ڕیشه‌ی ئه‌م دیاردانه دیاره بۆ ئاکامه‌کان و کاریگه‌رییه‌کانی ڕاپه‌ڕینی ١٣٥٧ی ئێران، گه‌شه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئامریکا له ناوچه‌که‌دا، درێژه‌ی شه‌ڕی ئیسرائیل و فه‌له‌ستین، ڕمانی سۆڤییه‌ت، و ڕه‌وتی به‌جیهانیکردن (گلۆبالیزاسیۆن) ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره له خوێندنه‌وه‌ی دیارده مه‌ترسییداره‌کانی سه‌رده‌م ئه‌وه‌یه که ئه‌وانه وه‌ک ”بۆ دواوه‌چوونی زه‌مان و گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تیی” بۆ سه‌رده‌می به‌ڕبه‌ڕییه‌ت و نه‌ک وه‌ک داهاتی سه‌رده‌می مۆدێرن واته هاوچه‌رخ چاو لێ بکات. به واتایه‌کی دیکه بۆ نموونه دیارده‌ی داعه‌ش وه‌ک دیارده‌یه‌کی نه‌گونجا له گه‌ڵ زه‌مان و کاتدا پێناسه بکرێت. ئه‌گه‌رچی ئه‌و دیاردانه به ڕوونی به‌ربه‌ستکردنی پێشچوونی ئینسانیی کۆمه‌ڵگای مرۆڤه، به‌ڵام چه‌مکه‌کانی ”کۆن و نوێ” بنه‌مای ناکۆکییه‌کانی سه‌رده‌می ئێمه لانیکه‌م به‌ته‌واوه‌تی ناخه‌نه ڕوو.
ڕایشی سێهه‌م له سهنعهتیترین و پێشکه‌وتووترین وڵاتی ئورووپا ڕووی دا. له ساڵی ١٩٠٠ه‌وه هه‌تا ١٩٣٣، نزیکه‌ی سی (٣٠) که‌س له بیرمه‌ندانی بوری زانست بوونه خاوه‌ن جایزه‌ی نۆبل! ئه‌و پرسیاره‌ی که چۆنه وڵاتێکی وه‌ها پێشکه‌وتوو وا به چاره‌نووسێکی ڕه‌شدا چوو پرسیارێکه داییمه مێژووزانانی ئه‌و بواره‌ی به‌خۆیه‌وه خه‌ریک کردوه. بوونی ڕایشی سێهه‌م ته‌نها له گره‌وی سه‌نعه‌تێکی به‌هێز بوو که بتوانیت سیاسه‌ت و شه‌ڕێکی وه‌ها درێژخایه‌ن و ماڵ وێرانکه‌ر بخاته گه‌ر. ڕایشی سێهه‌م سه‌ره‌کیترین قه‌یرانێکه که گرینگ‌ترین پرسیاری خسته به‌رده‌م مۆدێرنیته و ئامانجی ڕۆشه‌نگه‌ریی که له سه‌ده‌ی ههفدهههم به‌ملاوه لای وا بوو مرۆڤ به به‌کارهێنای عه‌قلییه‌تی خۆی و بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به هێزێکی ئاسمانی هه‌بێت، ده‌توانێت سه‌روه‌ریی خۆی به سه‌ر سرووشتدا دابین بکات و کۆمه‌ڵگایه‌کی ئه‌قڵانی پێک بهێنێت. له‌م سه‌رده‌مه‌دا ناکۆکییه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تیی و دیارده‌کانی هه‌ژاریی له ئاکامی گۆرانکارییه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کاندا، ئاسه‌واری قه‌یرانی مۆدێرنیته خۆیه‌تی که هه‌تا سه‌رده‌می ئێمه درێژه‌ی کێشاوه.
دیارده‌کانی توندڕه‌ویی وه‌ک داعه‌ش که تالیبانی له بیره‌کان سڕیوه‌ته‌وه، دیارده‌گه‌لێکی به‌هه‌ڵکه‌وت نین و له خه‌ڵکێکی ”نه‌زان” و ”وه‌حشیی” سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتوه ئه‌گه‌رچی پشت هه‌ڵکردن له زانین و زانست و پشتبه‌ستن به وه‌حشیگه‌ریی ناسنامه و شێوه‌کانی وه‌ها دیارده‌یه‌کن. ده‌قه کۆنه‌کانیش ناتوانن شیکه‌ره‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه بن. ئه‌و دیاردانه به‌دیلی هه‌لومه‌رجێکی دیاریکراوی سه‌رده‌می ئێمه‌ن. به‌کارهێنانی ئیسلام وه‌ک ئایدیۆلۆژیی له بنه‌ڕه‌تدا ته‌نها هه‌وڵێکه بۆ مهشرووعکردنی ئێستای خۆ و بۆیه ”ئیسلامی بوون” و یا نه‌بوونیان له په‌ڕاوێزدا جێگا ده‌گرێت.
دابه‌زینی ئاستی ژیانی خه‌ڵک، هه‌ژاریی، دواڕۆژێکی ناڕوون بۆ لاوان، ناسه‌قامگیریی سیاسیی و ئابووریی و هه‌ست به مه‌ترسی له سه‌ر دین و دابونه‌ریت خۆ، به‌دیلی ئاینیی خولقاندوه که خۆیان وه‌ک به‌دیلێک بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له گه‌ڵ ئه‌و هه‌لومه‌رجه ده‌ناسێنن.
٢
توندوتیژیی و بێڕه‌حمییه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه بۆ گه‌لێک هۆی بنهڕهتییتر له جیهانی ئێمه‌دا ده‌گڕنه‌وه. ئه‌مه دووهه‌مین دیارده‌ی سه‌ره‌که‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه پێک ده‌هێنێت. که‌له‌که‌بوونی سه‌روه‌ت و سامان له چنگ که‌مایه‌تییه‌کی بچووک و له چه‌ند وڵاتی دونیادا که له هه‌مان کاتدا درێژه به که‌مته‌رخه‌میی و لاساریی خۆیان ده‌ده‌ن له ئاست مه‌ترسییه‌کانی گه‌رمبوونی زه‌ویی که سه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شێوازی ئابووریی و وداهێنانێکی سه‌ره‌ڕۆیانه له خزمه‌ت قازانجی زۆرتر و که‌مته‌رخه‌می له ئاست مرۆڤایه‌تیی.
له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا، مه‌ترسییه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه بریتین له به‌جیهانیکردنی سیسته‌مێکی ئابووریی و سیاسیی که سه‌روه‌ریی لایه‌نێکی جیهان به سه‌ر لایه‌نێکی دیکه‌دا مسۆگه‌ر ده‌کات و ئه‌مه و رێگه سیاسییه‌کان له خزمه‌ت ئه‌و ئابوورییه و دابینکردنی سه‌روه‌ریی سیاسیی چه‌ند لایه‌نێک له جیهان، که له لایه‌ک به‌ره‌نگارییه‌کی به‌رینی کوڵتووریی و سیاسیی له لایه‌ن خه‌ڵکانی دیکه‌ی لێ که‌وتوه‌ته‌وه و له لایه‌کی دیکه‌وه بوه‌ته کۆچکردنی به کۆمه‌ڵی خه‌ڵکه‌کان.
له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، ئامریکا هه‌تا هاتوه ته‌ریک که‌وتوه‌ته‌وه. بۆ نموونه وڵاتانی ئامریکای لاتین ئێستا له باری سیاسیی، نیزامیی و ئابوورییه‌وه سه‌ربه‌خۆییان له وڵاته یه‌کگرتوه‌کان به‌ده‌ست هیناوه، و وڵاتی چینیش بوه‌ته جه‌مسه‌رێکی به‌هێزی دیکه له دونیادا. هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له ئورووپا بوه‌ته له ده‌ستدانی هاوده‌مێکی به‌هێزی ئامریکا له ئورووپا. هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌کانی تڕا‌مپ له ئاستی جیهانیدا (به تایبه‌ت کۆکردنه‌وه‌ی هێزی چه‌کدار له سنووری ئوکڕاین به‌رامبه‌ر رووسیا، ئه‌گه‌رچی تڕا‌مپ به‌ڵێنی ئاساییکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان له گه‌ڵ ڕووسیا ده‌دات) دواڕۆژێکی ناڕوونی بۆ دونیا پێک هێناوه. هه‌ر وه‌ک چۆمسکی ده‌ڵێت، تایبه‌تمه‌ندی دیارده‌ی تڕا‌مپ پێشبینینه‌کردنی خۆی و سیاسهتهکانییهتی و مه‌ترسی تڕا‌مپ له‌مه‌دایه.
ساموێل هانتیگتۆن، پسپۆڕی سیاسه‌تمه‌داری ئامریکا، سه‌رده‌می به‌دوای کۆتاییهاتنی شه‌ڕی ساردی وه‌ک ”پێکدادانی شارستانییه‌ته‌کان” پێناسه کرد که له‌وێدا ”ڕۆژاوا” به‌رامبه‌ر چه‌ندین ”شارستانییه‌ت” و له‌وانه ”شارستانییه‌تی ئیسلامیی” ده‌بێته‌وه. بنه‌مای ئه‌و چه‌مکه له سه‌ر جیاوازی کولتووری داده‌مه‌زرا: ”مه‌زنترین دابه‌شبوونه‌کان له نێوان مرۆڤایه‌تیی و وه‌ک سه‌رچاوه‌ی زاڵی ناکۆکییه‌کان، دابه‌شبوونێکی کو‌لتووریی ده‌بێت”. به وته‌ی هانتینگتۆن کێشه سه‌ره‌کییانی سه‌رده‌می ئێمه کێشه‌ی نێوان ئه‌و شارستانییه‌تانه‌یه. که‌چی کێشه‌کانی سه‌ره‌کیی هه‌ژاریی و قه‌یرانی ئابووریی و سیاسیی، ڕژیمه سه‌رکوتگه‌ره‌کان و ده‌یان کێشه‌ی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی په‌ڕاوێز ده‌خرێن و چه‌ندین شارستانییه‌تی داتاشراو ده‌بنه ڕۆڵگێڕانی سه‌رده‌می ئێمه. پێناسه‌کانی ئه‌و ”شارستانییه‌تانه” پێناسه‌گه‌لێکی کوڵتووریی و نه‌ته‌وه‌یی و دینین و وه‌ها بۆچوونێک له ئاستی جیهاندا به ڕاده‌یه‌کی زۆر ڕێبازی حکوومه‌ته‌کانی یه‌ک له دوای یه‌کی ئه‌مریکای دیاریی کردوه. له به‌رامبه‌ردا بوونی به‌رفراوانی ئامریکا له ناوچه‌که‌دا، درێژخایه‌ن بوونی کێشه‌ی فه‌له‌ستین، پشتیوانی له حکوومه‌ته سه‌رکوتگه‌ره‌کانی ناوچه، هه‌ڵگرسانی شه‌ڕ و ئاژاوه نانه‌وه، هه‌رچی زۆرتر ڕیگای بۆ گه‌شه‌ی توندوتیژی دینیی و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیی به‌هێز کردوه.
٣
سێهه‌م دیارده، به‌ڵام، به‌رده‌وام بوونی به‌ره‌نگاریی له به‌رامبه‌ر وه‌ها نیزامێکی جیهانییه که به‌دوای چه‌ندین ده‌یه ده‌سکه‌وته‌کانی به ڕوونی دیارن. بۆ نموونه، سه‌رکه‌وتنی تڕا‌مپ نه له ئه‌نجامی ڕای گشتیی به‌ڵام له ڕێگای ئێلێکتۆڕاڵ کالیج، په‌ره‌سه‌ندی بزووتنه‌وه خه‌ڵکییه‌کان بۆ چاکسازیی و ماڤی ژنان و ماڤی په‌نابه‌ران له‌و وڵاته پێناسه‌کانی ئه‌و دیارده‌یه‌ن. ئه‌و بزووتنه‌وانه به‌دوای هه‌ڵبژاردن و بڕیاره‌کانی تڕا‌مپ هێزی خۆیان به‌ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو له بریتانیا و وڵاتانی ئورووپا پیشان دایه‌وه. به‌مه ده‌کرێ وه‌ستانه‌وه و خه‌باتی مه‌ده‌نیی و سیاسیی و پێشکه‌وتنخواز له هه‌موو به‌شه‌کانی جیهان و له ناوچه‌که‌ی ئێمه‌شدا زیاد بکرێت. بزووتنه‌وه‌کانی ڕیفۆرم، مافی مرۆڤ، ژنان و به‌ره‌نگاریی له ئێران، تورکیا و کوردستان و وڵاتانی عه‌ره‌بیی له وانه‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌فغانستانیش له ئه‌نجامی هه‌وڵی ژماره‌یه‌کی زۆر چالاکی مه‌ده‌نی ژن و پیاو نموونههایهکی زۆری له‌و بواره‌دا نیشان داوه. چالاکانی مه‌ده‌نی، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له لێکدانه‌وه‌ی ڕه‌وتی گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌گشتیی، لام وایه ده‌بێ وه‌ک ‘هۆکاره‌کانی ناده‌وڵه‌تی گۆڕان’ بناسرێن و له په‌نای به‌رنامه ده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ گه‌شه جێگای تایبه‌تیان بۆ دیاری بکرێت و لێکۆڵینه‌وه‌ی تێر و ته‌سه‌لی ئاکادێمیان لێ بکه‌وێته‌وه.
له مێژووی گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تی-ئابووری له ولاتانی ناوچه‌دا له زیاتر له په‌نجا ساڵ له‌مه‌وپێشه‌وه، هۆکاره‌کانی ناحکوومه‌تی و هێزی گوشار له خواره‌وه ڕاستییه‌کی شاردراوه و کهمسهلماون. په‌ره‌پیدانی سه‌واد، بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی وشیاریی کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی که ده‌بێته هۆی بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ته‌وه‌قوعات، هێنانی بایه‌خی نوێ و جێخستنی بۆچوونی نوێ، ده‌ورگێڕان له په‌ره‌پێدانی سیسته‌می نوێێ بێهداشت و، کاتێک که دیکتاتۆرییش مه‌جالی دابێت، وه‌ستانه‌وه‌ی ڕاشکاوانه له به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی چه‌وتی ده‌سه‌ڵات و زه‌قکردنه‌وه‌ی نایه‌کسانیی له بژێوی کۆمه‌ڵگا و چینهکانیدا، هه‌موو ئه‌مانه نموونه‌کانی ئاستی ده‌ورگێڕانی ئه‌و هێزه ده‌رده‌خه‌ن. ته‌نانه‌ت به‌رنامه حکوومه‌تییه‌کان به پشت به‌ستن به هه‌بوونی بیرۆکه‌ی جۆربه‌جۆر له بواری کۆمه‌ڵایه‌تیی، کو‌لتووریی و سیاسی‌دا داڕێژراون (بۆ نموونه بیرۆکه‌ی سپای دانیش، مافی ڕه‌ئی ژن له هه‌ڵبژاردنه‌کان و له بنه‌ماڵه، چاکسازیی ئابووریی). چاوخشاندنێک به سه‌ر گۆواره ئاکادێمی و ئه‌ده‌بییه‌کانی ساڵه‌کانی ١٣٣٠/١٩٥٠ و ١٣٤٠/١٩٦٠ له وڵاتی ئیران چالاکییه‌کی به‌هێزی ڕووناکبیریی (به مانای چالاکی نه‌زه‌ریی و فیکریی) له بواری جۆربه‌جۆردا ده‌رده‌خه‌ن (بۆ نموونه گۆواری سخن، تحقیقات اقتصادی، ێینده). گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تی کۆمه‌ڵگای ئێران له نێوان ساڵه‌کانی ١٩٧٥-١٩٦٠ بێ ئه‌و پێشینه مه‌جالی که‌می هه‌بوو و سهرنهکهوتنهکهیشێ له لایه‌ک ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌شداری پێنه‌دانی ئه‌و هێزه!
له نوێترین نموونه‌دا له هه‌رێمی کوردستان، ئه‌گه‌ر که‌سێک ئه‌و هێزه بۆ ساتێک له سه‌ر نه‌قشه‌ی سیاسیی ئه‌و وڵاته بسڕێته‌وه، ئایا هه‌ست به بۆشاییه‌کی گه‌وره ناکات؟ ئایا ئه‌وه ئه‌و هێزه نییه که هێزی گوشاره و نه‌یهێشتوه کۆمه‌ڵگا له لایه‌ن ته‌نها یه‌ک هێزه‌وه قه‌تیس بکرێت؟ له ڕاستیدا سڕینه‌وه‌ی گرفته‌کان و هێنانی سیاسه‌تی گونجاوی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی و سیاسیی له گره‌وی ئاستی چالاکی وه‌ها هێزهکهوهیه. حکوومه‌ت ڕۆڵگێڕێکی گرینگه، به‌ڵام ئه‌وه بۆچوونه‌کانن که ڕۆڵی حکوومه‌تیش دیاری ده‌که‌ن. به کورتی، ڕه‌وتی گۆڕانکارییه‌کان و به‌ره‌نگارییه‌کان بێ وه‌ها هێزێک مه‌جالێکی یه‌کجار به‌رته‌سکی بۆ ده‌مێنیته‌وه (بۆ نموونه جێهیشتنی ئه‌و هه‌رێمه هه‌روه‌ها له لایه‌ن ئاکادیمی و قشری خوێنده‌وار و کۆبوونه‌وه‌یان له وڵاتانی ئورووپا ته‌نها به زیانی ئه‌و ڕه‌وته ده‌شکێته‌وه و شکاوه‌ته‌وه).
که‌وابوو وه‌ک پێناسه‌یه‌کی دڵخۆشکه‌ری سه‌رده‌می ئێمه ده‌بێ ئاماژه به‌و ده‌سکه‌وتانه بکرێت که خۆیان ئاکامی جێخستنی به‌رنامه و هه‌وڵی گونجاون. ئه‌و ده‌سکه‌وتانه هه‌روه‌وها بریتین له ئاگابوونه‌وه و پهیوهستنی خه‌ڵکێکی زۆرتری جیهان به ڕه‌وتێک که له به‌رامبه‌ر بهپێناسهدهرهێنانی جیاوازییه کوڵتوورییه‌کان وه‌ستاوه و ئه‌و جیاوازییانه ئهنرخێنیت و ده‌یکاته مایه‌ی نزیکایه‌تیی هه‌رچی زۆرتری خه‌ڵکه‌کان. له‌مباره‌وه دونیا له هه‌لومه‌رجێکی یه‌کجار باشتر له چه‌ندین ده‌یه لهمهوپێشهوهیه.
به‌دیلی تڕا‌مپ
ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌تی تڕا‌مپ له گه‌ڵ ڕژیمی نازیی به‌راوه‌رد ناکرێت، به‌ڵام زیندووبوونه‌وه‌ی ناوی ئه‌و ڕژیمه و هه‌روه‌ها دیارده‌ی کوکلووسکڵان (ئه‌و گروپه سپی پێستانه که ڕه‌شه‌کانی ئامریکایان ده‌کوشت) به‌هه‌ڵکه‌وت نییه و له ئه‌زموونێکی گرینگی مێژووییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت: به‌رزکردنه‌وه و به‌کارهێنانی درووشم و سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه وره‌به‌خشی هێز و مه‌یلی توندڕه‌و و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست له کۆمه‌ڵگادایه. هه‌ر ئێستا ده‌وڵه‌تی تڕا‌مپ ناوی ”پڕۆژه‌ی به‌ره‌نگاریی له گه‌ڵ توندووتیژی” له ژێر حکوومه‌تی ئۆباما به ”پڕۆژه‌ی به‌ره‌نگاریی له گه‌ڵ ئیسلامی توندڕه‌و” گۆڕاوه. هه‌ر به‌م پێیه له قاودانی خه‌ڵکی دیکه هانده‌ری ده‌سترێژیی بۆ سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌یه که ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی، دینییی و ڕه‌گه‌زییان پێدراوه. ئاکامه مه‌ترسیداره‌کانی ئه‌و شێوه سیاسه‌ته ته‌نها به وڵاته یه‌کگرتوه‌کانه‌وه نابه‌سترێته‌وه و وڵاتانی ئورووپای ڕۆژاواش ده‌گرێته به‌ر، وڵاتانێک که بوونه‌ته ئامانجی کۆچی بێوێنه‌ی خه‌ڵکه‌کان له ئاسیا و ئافریقاوه.
به‌م پێوانه‌یه دۆناڵد تڕامپیش به‌دیلی هه‌لومه‌رجێکی دیاریکراوی سه‌رده‌می خۆی و وڵاته یه‌کگرتوه‌کانه. به‌دیلێک که به پشتبه‌ستن به جیاوازییه داتاشراوه‌کانی کوڵتووریی، نه‌ته‌وه‌یی و دینیی خه‌ڵکه‌کان ده‌یهه‌وێت ئامریکایه‌کی دیاریکراو پێک بهێنێت که سه‌روه‌ریی سیاسیی و نیزامی و ئابووریی له ئاستی جیهاندا و سه‌روه‌ریی کوڵتووریی سپییه‌کان له ناوخۆدا بپارێزێت. وه‌ها بۆچوونێک بۆ جوابدانه‌وه به قه‌یرانه ئینسانیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌دیلێک ده‌خولقێنێت که پشتی به پێکهێنانی دیوار، ئه‌شکه‌نجه و قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆی خه‌ڵکێکی دیاریکراو به‌ستوه. ئه‌مه له لایه‌ن ماریا لۆپێنهوه ته‌نانه‌ت ئه‌و منداڵانه‌ی وا هێشتا نوتفهیان نه‌به‌ستوه ده‌گرێته‌وه. ئه‌و سێ دیارده‌یه له لایه‌ن ترامپه‌وه له ڕێگای فه‌رمانی ئیجرایی و له وتووێژدا راگه‌یه‌ندراوه. هه‌ڵبژاردنی چه‌ندین وڵاتی دیاریکراو هه‌ڵبژاردنێکی سه‌ره‌ڕۆیانه و نه‌ک له ڕووی هیچ خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنێکه‌وه‌یه. ئه‌نا بۆچی عه‌ره‌بستان و تورکیا له لیستی ولاته قه‌ده‌غه‌کراوه‌کاندا جێگایان نه‌گرتوه ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی و ئابووریی پێکهێنه‌ری وه‌ها بڕێارێک نه‌بێت؟
ده‌سگای یاسایی ئامریکا چه‌ند ڕۆژ دوای ده‌رچوونی فه‌رمانی تڕا‌مپ، فه‌رمانه‌که‌ی بۆ وه‌ستانی ڤیزا پووچه‌ڵ کرده‌وه. هه‌بوونی ئه‌و میکانیزمانه‌ی وا فهرمانهایهکی وه‌ها تاووتوێ ده‌که‌ن بێگومان گرینگه و میراتی دیمۆکراسییه. کێشه‌ی تڕا‌مپ و ئه‌و جۆره نیهادانه به‌رده‌وام ده‌بێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، پاڵپشتیی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆککۆمار له مه‌یلی توندڕه‌و، کردنی ئه‌و مه‌یله به ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌کییه که کرده‌وه‌کان و بڕیاره‌کانی له ژێر ناوی ”پاراستنی وڵات” پاساو ده‌کات.
به‌دیلی تڕا‌مپ به‌دیلێکی یه‌کجار مه‌ترسیداره و به‌هیچ جۆرێک نابێ ئێمه له دووڕیانی سازان و به‌ره‌نگارییدا بهێلێته‌وه و ده‌بێ و ده‌شێ هه‌موومان به پشت به‌ستن به خوێندنه‌وه‌ی قووڵتری ڕووداوه‌کان له به‌ره‌ی به‌ره‌نگاریی و گۆڕانکارییدا بدۆزێته‌وه. هه‌ر وه‌ک سهعدوالهاواری ده‌ڵێت ئیتر که‌س ناتوانێت ”ژیانێکی بێخه‌م وه‌ک گوڵانی باغچه‌ی” هه‌بێت.
١٨ی ڕێبه‌ندان ١٣٩٥
[1]ڕیچارد ئیوانس، ڕایشی سێهه‌م له شه‌ڕدا (The Third Reich at War) (له‌نده‌ن: کتێبی پێنگوین، ٢٠٠٨)، ل. ٧٦٤. [1]ئه‌مین مالووف، خاچپه‌ره‌ستان له ڕوانگای عه‌ره‌به‌وه(The Crusades Through Arab Eyes)(له‌نده‌ن، الساقی، ١٩٨٤)،ل. i. [1]تیمۆس ڕۆبێرت و ئامی هایت (ئێدیت)، بهجیهانییکردن و گه‌شه (The Globalization and Development) (له‌نده‌ن، بلاکوێل، ٢٠٠٧)، ل. ١. [1]گاردییه‌ن، ٦ی فوریه ٢٠١٧ [1]نۆام چۆمسکی، قسه‌وباس سه‌باره‌ت به دیارده‌ی تڕا‌مپ.
Chomsky on Trump and the Decline of the American Superpower، https://www.youtube.com/watch?v=Yp74MQBGMnk [سه‌ردانی ماڵپه‌ڕ ٠٦/٢/٢٠١٧].
[1]ساموێل هانتینگتۆن، گۆواری بابه‌ته ده‌ره‌کییه‌کان Foreign Affairs، هاوینی ١٣٩٣.